لەگەڵ یەكگرتوو كۆدەبێتەوە
پارتی دەست بەكۆبوونە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان دەكات

کوردستان

28/11/2016‌ 706 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكراتی كوردستان پارتی دەست بەكۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێم دەكات‌و سەرچاوەیەكیش رایدەگەیەنێت: پرۆژەیەكیان بۆ چارەسەری كێشە سیاسییەكانی هەرێم ئامادەكردووە.

مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، رۆژی شەممە 26/11/2016 رایگەیاند لەم هەفتەیەدا دەست بەكۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێم دەكەن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ناو مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكرات دراوە بەشارپرێس، پارتی ئەمڕۆ دوو شەممە 28/11/2016 دەست بەكۆبوونەوەكانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان دەكات، كە سەرەتا لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆدەبێتەوە.

هەر بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوەكە، كە داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، دوای یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەگەڵ هەموو لایەنەكانی تری هەرێم كۆدەبنەوە، بەوانەی لەحكومەتدان‌و بەوانەشی لەحكومەتی هەرێمیش نین.

ئەو سەرچاوەیە بۆ شارپرێس ئاشكراشیكرد، سەردانەكەی پارتی بۆ لای لایەنەكان لەئاستێكی باڵا دەبێت‌و لەسەر بنەمای دەستپێشخەرییەكەی مەسعود بارزانیش پرۆژەیەكیان بۆ چارەسەری كێشەكان ئامادەكردووە، بەبێ‌ ئەوەی وردەكاری پرۆژەكە بخاتەڕوو.

رۆژی 20 ئەم مانگە مەسعود بارزانی پەیامێكی لەسەر دۆخی سیاسی‌و ئابووری هەرێم بڵاوكردەوەو تێدا داوای لەلایەنە سیاسییەكان كرد، كە كۆبوونەوە بكەن بۆ چارەسەری كێشە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، كە ئەوەش وەك دەستپێشخەرییەك بۆ چارەسەری كێشەكان لێیدەڕوانرێت.

پێشتر مەحمود محەمەد ئەوەشی راگەیاندبوو، كە مەكتەبی سیاسی حیزبەكەی لیژنەیەكی پێكهێناوە بەسەرپەرشتی فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی‌و ئەندامییەتی ژمارەیەك ئەندامی مەكتەبی سیاسی بۆ سەردانی لایەنە سیاسی‌و نەتەوەییەكانی كوردستان بەمەبەستی گفتوگۆكردن سەبارەت بەناوەڕۆكی پەیامەكەی مەسعود بارزانی‌و بیروڕا گۆڕینەوە لەسەر میكانیزم‌و چۆنییەتی جێبەجێكردن‌و بەكردەنیكرنی پەیامەكە.

هـ ـ ح