سەردانی گۆڕانیش دەكەن
پارتی بە "بیرۆكەی نوێ"وە لەگەڵ لایەنەكان كۆدەبێتەوە

کوردستان

28/11/2016‌ 1531 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئاستی باڵا گەڕێكی دیكەی گفتوگۆو دانوستاندن، لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان دەستپێدەكات.

بەپێی راپۆرتێكی هەفتەنامەی رووداو، یەكەم وێستگەی سەردانی پارتیش یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دەبێت، ئەمەش دوای زیاتر لەساڵێك لەناكاراكردنی پەرلەمان‌و دوورخستنەوەی وەزیرەكانی بزووتنەوەی گۆڕان لەحكومەت، لایەنە سیاسییەكان دیسان دەكەونە جموجۆڵ بەئومێدی تواندنەوەی بەستەڵەكی سیاسی.

مەحموود محەممەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان باسی دەستپێكی ئەو جموجۆڵە دەكات‌و دەڵێت: "لەسەر ئەو پەیامەی مەسعود بارزانی باسی لێوەكردووە دەست بەگفتوگۆكان دەكەین".

هاوكات فەرهاد مەلا ساڵح، ئەندامی ئەنجوومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەهەفتەنامەی رووداوی راگەیاندووە "پارتی بیرۆكەی نوێی لەم سەردانانە بۆ كۆتایهێنان بەو قەیرانە سیاسییانەی هەرێمی كوردستان پێیە".

فەرهاد مەلا ساڵح راشیگەیاند "یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە بەردەوامی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان لەپەیوەندی دابووە، لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان‌و دەرچوون لەقەیرانەكان‌و چاككردنی بژێوی خەڵك‌و كاراكردنەوەی دامەزراوە شەرعییەكان".

هەروەها ئەحمەد كانی، بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانییەكانی پارتی رایگەیاندووە "شاندەكەی پارتی دیموكرات سەردانی حیزب‌و لایەنەكانی دیكەش دەكات، بەو حیزب‌و لایەنانەشەوە لەنێو حكومەتدا نین".

ئەحمەد كانی ئەوەشی ئاشكراكرد، "شاندی مەكتەبی سیاسی پارتی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕانیش كۆدەبێتەوە، بەڵام رەنگە بكەوێتە هەفتەی داهاتوو".

رۆژی 20 ئەم مانگە مەسعود بارزانی، لەپەیامێكدا داوای لەلایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان كرد لەسەر دەستنیشانكردنی كەسێك بۆ شوێنەكەی رێبكەون‌و ئامادەی خۆشی بۆ پشتگریكردنی سەرۆكی داهاتووی هەرێمی كوردستان دەربڕی.

بارزانی لەپەیامەكەیدا داوای رێككەوتن لەسەر هەڵبژاردنی دەستەیەكی نوێی بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و پێكهانانی حكومەتێكی نوێ لە لایەنە سیاسییەكان كرد.

هەریەك لەكۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان پێشوازیان لەم دەستپێشخەرییەی بارزانی كردو بزووتنەوەی گۆڕانیش ئامادەیی خۆی بۆ چارەسەركردنی قەیرانە سیاسییەكان دەربڕی‌و رایگەیاند "بەپرۆژەی نوێییەوە بەشداری ئەو هەنگاوانە دەكەن".

هــ ـ ح