فازڵ میرانی هۆكاری نەبوونی پرۆژە لەلایەن پارتییەوە بۆ كێشەكان ئاشكرادەكات

کوردستان

29/11/2016‌ 1805 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرایكرد، ئەوان دەیانەوێت بۆچوونی لایەنەكان لەسەر چارەسەری كێشەكان وەرگرن، ئینجا دواتر لەو بارەوە هەڵوێست وەرگرن.

فازڵ میرانی ئەمڕۆ سێ‌ شەممە 29/11/2016 لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانی رایگەیاند، راستە پارتی هیچ پرۆژەیەكی بۆ بەردەم لایەنەكان بۆ چارەسەری كێشەكان پێنییە، بەڵام بەلایەوە گرنگە بۆچوونی لایەنەكان لەسەر چارەسەری كێشەكان وەربگرێت.

سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی راشیگەیاند، كە دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنەكان‌و وەرگرتنی بۆچوونی ئەو لایەنانە لەسەر كێشەكان، ئەوە لەهەموو بۆچوونەكان پرۆژەیەك ئامادەدەكەن‌و دەیكەن بەدەروازەیەك بۆ چارەسەری كێشەكان.

ئەو قسانەی فازڵ میرانی دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی شاندی مەكتەبی سیاسی پارتی هات لەگەڵ حیزبەكانی زەحمەتكێشان‌و شیوعی‌و سۆسیالیست، كە جەختیشیكردەوە لەسەر كۆبوونەوەكان بەردەوامدەبن.

مەسعود بارزانی رۆژی 20 ئەم مانگە پەیامێكی بڵاوكردەوەو داوای لەلایەنە سیاسییەكان كرد، كۆبوونەوە بكەن بۆ چارەسەری كێشەكانی هەرێم، كە پارتی دوو رۆژە لەسەر بنەمای ئەو پەیامە دەستی بەكۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەكان كردووە.

هـ ـ ح