یەكێتی هۆشداری دەداتە گۆڕان
یەكێتی بۆ گۆڕان: ناكرێت لە دەسەڵات و شەقام پێكەوە شەریك بن

کوردستان

01/12/2016‌ 1591 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەكێتی نیشتمانی كوردستان هۆشداری دەداتە بزوتنەوەی گۆڕان و داوای لێدەكات یا وەك شەریكی دەسەڵات مامەڵە بكەن یان وەك ئۆپۆزسیۆن و ناڕازی.

بە پێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتون، لە چەند رۆژی رابردوودا یەكێتی نیشتمانی كوردستان نامەیەكی ئاراستەی بزوتنەوەی گۆڕان كردوەو تیایدا هۆشداری داتەوە بەرپرسانی بزوتنەكەو دەڵێت" ناكرێت ئێوە خورمژتان بوێت، یا دەبێت وەك شەریكی دەسەڵات مامەڵە بكەن یا وەك ئۆپۆزسیۆن و ناڕازی.

یەكێتی لەنامەكەیدا راگەیاندوە، ناكرێت بزوتنەوەی گۆڕان لەدەسەڵات و شەقام پێكەوە شەریك بێت.

بەهۆی بەردەوامی خۆپیشاندان و مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەران لەسلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و راپەڕین، پەیوەندییەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان  جۆرێك لەساردو سڕی تێكەوتوەو یەكێتی پێی وایە گۆڕان لە سلێمانی دەسەڵاتدارە بەڵام وەك ئۆپۆزسیۆن مامەڵە دەكات.

ئەمرۆ پێنج شەممە 1/12/2016 هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی رێگەیان بە خۆپیشاندانی مامۆستایانی نارازی لەبەردەم بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی نەداو بڵاوەیان پێكردن.
ئاوات حەسەن ئەندامی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی سلێمانی لەلایەن هێزێكی ئاسایشەوە دەستگیركراو پێش دەستگیركردنیشی رووبەڕووی هێزە ئەمنییەكان بووەتەوە.

ر ـــ خ