هەنگاوێك بەرەو حەشدی‌ شەعبی‌
كورد.. دەرگایەك بەڕووی‌ شیعەو دیوارێك بەرووی‌ سوننەدا

کوردستان

02/12/2016‌ 2043 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
پەرلەمانتارانی‌ كورد لەبەغدا پشتیوانی‌ یاسای‌ دەستەی‌ حەشدی‌ شەعبیان كرد، ئەمەش دەرگایەكی‌ بەرووی‌ شیعەدا لێكردنەوە، بەڵام دیوارێكی‌ لەبەردەم سوننەدا بۆ دروستكردن.

شەممەی‌ رابردوو كە لەپەرلەمانی‌ عێراق دەنگ بۆ یاسای‌ حەشدی‌ شەعبی‌ درا، زۆربەی‌ پەرلەمانتارە كوردەكان  (لەكۆی‌ 62 پەرلەمانتار) ئامادەی‌ دانیشتنەكە بوون‌و نیسابیان بۆ تەواوكردو پشتیوانی‌ یاساكەیان كرد، ئەو پشتیوانییەش لەخۆڕا نەبوو، بەڵكو كورد چاوی‌ لەیەكێك لەبڕگەكانی‌ یاساكەیە كە دەرچەیەكە بۆ ئەوەی‌ بەشدار بێت لەو حەشدە شەعبیانەی‌ لەناوچە كێشەلەسەرە فرە پێكهاتەكان دروست دەكرێن، بەتایبەت لەكەركوك‌و دیالەو موسڵ‌و سەڵاحەدین (لەهۆكاری‌ دەركردنی‌ یاساكە ئاماژە بەحەشدی‌ شەعبی‌‌و حەشدی‌ عەشایەری‌‌و هێزە خۆبەخشەكان كراوە).

 بەختیار شاوەیس ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ عێراق لەفراكسیۆنی‌ یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان بە"نیقاش"ی وت "بڕگەیەكی‌ یاساكە باس لەخۆبەخش دەكات‌و ئێمەش وەك كورد خەڵكێكی‌ زۆرمان هەیە كە لەناوچە دابڕاوەكان خۆبەخش بوون‌و شەهیدیشیمان داوە لەشەڕی‌ دژ بەداعش، بۆیە دەتوانن لەو رێگەیەوە بەشداربین‌و ئەوەی‌ كەدەمێنێتەوە لەوبارەیەوە بكرێت لەسەر سەركردایەتی‌ سیاسی‌ كورد ماوە بڕیاربدات".

دەركردنی‌ یاسای‌ دەستەی‌ حەشدی شەعبی لەپاش ئەوەهات كە سونەكان گوشاریان كرد بۆ ئەوەی‌ ئەو هێزە لەچوارچێوەی‌ یاسایەكدا رێكبخرێت كە ماوەی‌ زیاتر لەدووساڵە بەفەتوای‌ عەلی سیستانی‌ گەورە مەرجەعی شیعەكانی‌ عێراق پێكهات بۆ شەڕكردن لەدژی‌ چەكدارانی‌ داعش. 


تائێستا زۆربەی‌ پێكهاتەی‌ حەشدی‌ شەعبی شیعەمەزهەبن‌و موچەیان لەلایەن حكومەتی‌ زۆرینە شیعەی‌ ناوەندەوە دەدرێت (جگە لەو كۆمەكانەی‌ بەشێكیان لەئێرانەوە وەریدەگرن)، بەڵام لەیاساكەدا وێڕای‌ ئاماژەدان بەحەشدی شەعبی باس لەخۆبەخش‌و پاسەوانی‌ نیشتیمانی‌ كراوە ئەوەش بۆ رەواندنەوەی‌ تێبینی‌ كوردو عەرەبی سوننەیە.

بڕیارە ئەو یاسایە رێنمایی‌ لەلایەن ئەنجومەنی‌ وەزیرانەوە بۆ دەربچێت بۆ رێكخستنی‌ كارەكانی‌ بەوەش ئەگەری‌ بەشداری‌ پێكهاتەكانی‌ تر زیاتر رون دەبێتەوە.

لەماوەی‌ دووساڵی‌ رابردوودا حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان وەك پێویست مامەڵەی‌ لەگەڵ حەشدی شەعبی نەكردووەو هەندێكجاریش رەخنەی‌ لەبونیان گرتووە لەناوچە كێشە لەسەرەكان كە پێشمەرگەش تیایدا بونی‌ هەیە بەتایبەت كەركوك كە خاوەندارێتی‌ لەلایەن هەرێم‌و ناوەندا یەكلانەبۆتەوە.

محەمەد عوسمان نوێنەری‌ كەركوك لەپەرلەمانی‌ عێراق پێیوایە بەشداری‌ كورد لەو حەشدی شەعبیەی‌ لەسنوری‌ شارەكەی‌ پێكدەهێندرێت گرنگە بۆ رەواندنەوەی‌ ئەو مەترسیانەی‌ لەلایەن حەشدەوە لەسەریان هەبووە.

محەمەد عوسمان بە"نیقاش"ی‌ وت "ئێمە باشتر بوو دژی‌ یاساكە نەوەستین بۆ ئەوەی‌ سبەی‌ لەم هێزەدا رێژەی‌ خۆمان هەبێت، چونكە عەرەب‌و توركمان لەناوچە دابرێنراوەكان هێزی‌ خۆیان هەیەو ئەگەر ئاڵۆزی‌ روبدات كێشەمان بۆ دروست بێت".

 ئەو پەرلەمانتارە كە لەسەر پشكی‌ یەكێتی نیشتیمانی‌ كوردستانە بەپێویستیشی‌ دەزانێت كورد لەسەركردایەتی‌ حەشدی شەعبیش بونی‌ هەبێت تاوەكو بڕیار بەدەستیش بێت.

زۆرترین مەترسی كە لەسەر بوونی‌ حەشدی شەعبی دروست بوبێت لەقەزای‌ دووزخورماتووی‌ كێشە لەسەری‌ سەر بە پارێزگای‌ سەڵاحەدینە كە كوردو توركمانی‌ شیعە زۆرینەی‌ پێكدەهێنن.

نیسانی‌ ئەمساڵ پێكدادان لەنێوان پێشمەرگەو حەشدی شەعبی لەو سنورە دروست بوو كە بەهۆیەوە دەیان كەس لەهەردوولا بوونە قوربانی بەرلەوەی‌ بەرێكەوتنێك ئاگربەست رابگەیەنن.

وانەبێت هەموو هێزە كوردییەكان بەبەشداری‌ كورد لەپێكهاتەی‌ حەشدی‌ شەعبیدا رازی‌ بن، چونكە لەمەشدا كورد دوو بەشە، ئەوانەی‌ لەئێرانەوە نزیكن (یەكێتی‌ نیشتیمانی‌‌و گۆڕان) پشتیوانی‌ یاساكە دەكەن بەروونی‌، بەڵام ئەو هێزانەی‌ لەتوركیاوە نزیكن (پارتی‌ دیموكرات‌و یەكگرتووی‌ ئیسلامی‌) تەحەفوزیان لەسەری‌ هەیە.

 مەلا حەسەن محەمەد ئەندامی‌ كوردی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ سەڵاحەدین كە خەڵكی‌ دووزخورماتووە بە"نیقاش"ی‌ وت "پێم باش نییە كورد بەشداری‌ لەحەشدی‌ شەعبیدا بكات، چونكە شەرعیەتی‌ پێدەدات لەكاتێكدا خۆی‌ هێزی‌ پێشمەگەی‌ هەیە".

لەماوە یەك ساڵی‌ رابردوودا بەشێك لەكوردانی‌ فەیلی كە لەپەیڕەوكەرانی‌ مەزهەبی شیعەن لەسنوری‌ خانەقینی‌ پارێزگای‌ دیالە پەیوەندیان بەحەشدی شەعبیەوە كردووە، بەڵام ئەوە وەك پشكی‌ كورد مامەڵەی‌ لەگەڵ نەكراوە.

بێستون عادل ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ عێراق لەفراكسیۆنی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بە"نیقاش"ی‌ وت "ئەو كوردە شیعانەی‌ لەسنوری‌ خانەقین بەشداریان كردووە لەپشكی‌ كورد نین‌و ئینتیمایان بۆ نەتەوەی‌ كورد نییە، بەڵكو ئینتیمایان بۆ مەرجەعیەتی‌ شیعەكانە".

بێستون عادل تاكە مەرج بۆ بەشداری‌ كورد لەحەشدی‌ شەعبی‌ ناوچە جێناكۆكەكان لەوەدا دەبینێتەوە كە سەركردایەتی‌ حەشد لەو ناوچانە بەدەست كوردەوە بێت، ئەگەرنا بۆ كورد دەبێتە "جاشایەتی‌".

مەترسی كورد لەپەیوەندیكردنی‌ بەحەشدی‌ شەعبیەوە دووبارە بوونەوەی‌ ئەزمونی‌ "فورسانە" كە لەناو كوردا بە"جاشایەتی‌" ناسراوە بەوەی‌ هێزی‌ كوردی‌ لەدژی‌ هەرێمی‌ كوردستان دروست بكرێت وەك چۆن پێشتر رژێمی‌ سەدام لەدژی‌ بزوتنەوە بەرهەڵسكارەكانی‌ كورد دروستی‌ دەكرد.

ئەزمونی‌ هەرێم لەمامەڵەكردن لەگەڵ  هێزە كوردیەكانی‌ سەر بەحەشدی شەعبی باش نییە، لەمانگی‌ حەوتی‌ 2015دا حەیدەر شەشۆ بەرپرسی‌ یەكینەكانی‌ پارستنی‌ شەنگال كە سەر بەحەشدی‌ شەعبیە لەقەزای‌ شەنگالی‌  سنوری‌ موسڵ لەلایەن هێزەكانی‌ ئاسایشی‌ سەر بەهەرێمەوە بۆ ماوەیەك دەستگیركرا ئەوەش بەتۆمەتی‌ "دروستكردنی‌ هێزی‌ نایاسایی‌" وەك لەبەیاننامەیەكی‌ ئەوكاتەی‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێمدا هاتووە.

 لیوا قارەمان كەمال جێگری‌ سەرۆكی‌ دەستەی‌ ئەركانی‌ ئۆپەراسیۆنی‌ وەزارەتی‌ پێشمەرگە بە"نیقاش"ی‌ وت "هەمئاهەنگیەكی‌ لاوازمان لەگەڵ ئەو هێزەدا هەیە (هێزەكەی‌ شنگال)".

لیوا قارەمان كەمال پێی‌ باشە هێزی‌ چەكداری‌ كورد لەناوچە كێشە لەسەرەكان هەبێت، بەڵام "من ناڵێم با كورد بەشداری‌ لەو حەشدی شەعبیەدا بكات لەو ناوچانە".

وەك چۆن لایەنی‌ كوردی‌ هێشتا ساخنەبووەتەوە لەسەر ئەوەی‌ بەشداری‌ حەشدی‌ شەعبی بكات، ئاوهاش لایەنی‌ بەرامبەر كە حەشدی‌ شەعبییەوە بەئاگاییەوە مامەڵە لەگەڵ بەشداری‌ كورد دەكات.

 كەریم نوری وتەبێژی‌ حەشدی شەعبی بە"نیقاش"ی وت "چاوەڕێی‌ سەركردایەتی‌ حەشدی شەعبی‌و فەرماندەی‌ گشتی‌ هێزە چەكدارەكان دەكەین لەوبارەیەوە بڕیار بدات، ئەوە پرسێكی‌ هەستیارە".

تائێستا دیار نییە بەشداری‌ كورد لەحەشدی شەعبی ناوچە جێناكۆكەكان بەسود یان زیانی‌ دەشكێتەوە كەبتوانێت لەرێگەیەوە پێشمەرگە خۆبەخشەكانی‌ بكاتە موچە خۆری‌ رەسمی‌ حكومەتی‌ عێراق‌و لەهەمان كاتیشدا هەژمونی‌ حەشدی شەعبی لەدەست زۆینەی‌ شیعەكان بكاتەوە لەو ناوچانە.

نیعمە عەبادی بەرێوەبەری‌ ناوەندی‌ عێراقی‌ بۆ توێژینەوە پێیوایە بەر لەباسكردنی‌ پرسی‌ بەشداری‌ كورد لەحەشدی‌ شەعبیدا دەبێت دوو كێشە یەكلایی بكرێتەوە كە یەكەمیان رێكارەكان بۆ حەشدی‌ شەعبی دەربچێت‌و پێكهاتەكەی‌ جیابكرێتەوە لەوەی‌ لەسەر بنەمای‌ رێژەی‌ پێكهاتەكان دابنرێت یان لەسەر بنەمای‌ پارێزگاكان تابزانرێت كام ناوچانە دەگرێتەوە‌و دووەمیش دەبێت ئەوە یەكلابێتەوە كە حەشدی شەعبی خۆی‌ لەناوچە جێناكۆكەكان دەبێت یان دەتوانێت بچێتە ناوی‌.

نیعەمە عەبادی‌ بە"نیقاش"ی‌ وت "بەشداربوونی كورد لەنێو حەشدی شەعبیدا كەمتر هەستیاریی‌ لەسەر ئەو گروپە دەهێڵێت وەك لەوەی‌ هێزی تەنها یەك پێكهاتە بێت، بەڵام ئاسانیش نییە سەركردایەتی‌ كورد قایل بێت چەكدارە كوردەكانی‌ حەشد رەوانەی‌ كەربەلاو ئەنبار بكرێن".

بەریەك كەوتنی‌ كورد لەناوچە جێناكۆكەكان زیاتر لەگەڵ عەرەبی سونەدایە لەكاتێكدا ئەو پێكهاتەیە تائێستا لەدژی‌ یاسای‌ حەشەدی شەعبیە، ئەوەش ئەگەری‌ كێشەیەكی‌ تری‌ لێدەكرێت.

نیعمە دەڵێت "كورد لە ناوچە جێناكۆكەكان هاوبەشە لەگەڵ عەرەبی سونەو بەبێ یەكلابوونەوەی‌ هەڵوێستی‌ ئەوان لەسەر یاسای‌ حەشدی شەعبی ئەگەر كورد بەشداربێت تیایدا، كێشەی‌ لەگەڵ عەرەبی سونە بۆ دروست دەبێت".