شاندەكەی پارتی سەردانی سلێمانی دەكات
لەگەڵ گۆڕان‌و یەكێتی‌و چەند لایەنێكی تر كۆدەبنەوە

کوردستان

03/12/2016‌ 1112 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شاندەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆتایی بەكۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان لەهەولێر هێناو ئەم هەفتەیەش سەردانی سلێمانی دەكەن، ئەوەش بەئامانجی كۆبوونەوە لەگەڵ چەند لایەنێكی تر.

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكرات لەهەفتەی رابردوو پێكهێنانی شاندێكی بەسەرۆكایەتی فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتەكە راگەیاند، كە لەماوەی سێ‌ ئەو هەفتەیە كۆبوونەوەی لەگەڵ چەند لایەنێكی سیاسی لەهەولێر كرد.

بەپێی زانیارییەكان بڕیارە شاندەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی ئەمڕۆ شەممە 3/12/2016 سەردانی شاری سلێمانی بكەن‌و لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و بزووتنەوەی گۆڕان (ئەگەر ئامادەبن بۆ كۆبوونەوەو كاتی كۆبوونەوە گۆڕانی بەسەر نەیەت)و بزووتنەوەی ئیسلامی‌و چەند لایەنێكی تریش كۆببنەوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان پارتی دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەو لایەنانەی تر لەشاری سلێمانی لەرێگەی راگەیەنراوێكەوە، بەفەرمی وەڵامی داخوازی هەموو لایەنە سیاسییەكان دەداتەوە، ئەوەش بۆ چارەسەری دۆخی سیاسی‌و ئابووری هەرێمی كوردستان.

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكرات لەسەر دەستپێشخەرییەكی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتەكە بۆ چارەسەری كێشە سیاسی‌و ئابوورییەكانی هەرێم شاندەكەی پێكهێناو بڕیارە هەر لەرێگەی ئەو شاندەشەوە هەوڵەكانی بەردەوامبێت بۆ ئەو مەبەستە.

رۆژی 20 مانگی رابردوو مەسعود بارزانی پەیامێكی راگەیاند، كە لەپەیامەكەیدا دەستپێشخەری بۆ لایەنە سیاسییەكان كرد، كۆببنەوەو چارەسەری قەیرانە سیاسی‌و ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان بكەن، بەتایبەتی قەیرانی سیاسی، كە ماوەی ساڵێكە بەهۆی ململانێی لایەنەكان دروستبووەو بەردەوامیشی هەیە.

هـ ـ ح