كۆبوونەوەكان بەردەوامەو نەگەیشتوون بەهیچ ئەنجامێك
ئەگەر باڵەكانی یەكێتی نەگەن بەرێككەوتن بەجیاواز لەگەڵ پارتی كۆدەبنەوە

کوردستان

04/12/2016‌ 1671 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەگەر باڵە ناكۆكەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان نەگەن بەرێككەوتن بەجیاواز لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كۆدەبنەوەو كۆبوونەوەكانیش بۆ رێككەوتن بەبێ‌ ئەنجام بەردەوامە.

دوو رۆژە باڵە ناكۆكەكانی یەكێتی "باڵی ناوەندی بڕیارو دەستڕۆیشتوو" لەكۆبوونەوەی بەردەوامدان، ئەوەش بۆ گەیشتنە میكانیزمێكی هاوبەشی هەردوولا بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەچەند سەرچاوەیەكی تا شەوی رابردوو (شەممە 3/12/2016) هەردوو باڵە ناكۆكەكە چەند كۆبوونەوەیەك‌و گفتوگۆیەكیان كردووە، بەڵام نەگەیشتوون بەهیچ ئەنجامێك‌و كۆبوونەوەكانیش بڕیارە بەردەوامی هەبێت.

هەر بەپێی زانیارییەكان، ئەگەر بەم نزیكانە هەردوو باڵە ناكۆكەكەی یەكێتی نەگەن بەڕێككەوتن، ئەوە بەدوو ئاراستەی جیاواز لەگەڵ شاندەكەی پارتی كۆدەبنەوە، كە بڕیارە بەم نزیكانە بێنە سلێمانی.

بڕیاربوو رۆژی شەممە 3/12/2016 شاندی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكرات سەردانی سلێمانی بكەن‌و لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی‌و بزووتنەوەی گۆڕان‌و چەند لایەنێكی تر بۆ چارەسەری كێشەكانی هەرێم كۆببنەوە، بەڵام بەهۆی بەردەوامی كێشەكانی باڵە ناكۆكەكانی یەكێتی (باڵی ناوەندی بڕیارو باڵی دەسترۆیشتوو) لەسەر كۆبوونەوەكە، كاتی هاتنی شاندەكەی پارتی بۆ سلێمانی دواكەوتووە بۆ كاتێكی نادیار.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، لە"باڵی ناوەندی بڕیار"ی یەكێتی كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری یەكێتی لەگەڵ پاڤڵ تاڵەبانی لەباڵی "دەسترۆیشتوو" چەند كۆبوونەوەكیان ئەنجامداوە، بەڵام كۆبوونەوەكان ئەنجامێكی ئەوتۆی لێنەكەوتووەتەوە.

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكرات لەهەفتەی رابردوو پێكهێنانی شاندێكی بەسەرۆكایەتی فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتەكە راگەیاند، كە لەماوەی سێ‌ ئەو هەفتەیە كۆبوونەوەی لەگەڵ چەند لایەنێكی سیاسی لەهەولێر كرد.

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكرات لەسەر دەستپێشخەرییەكی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتەكە بۆ چارەسەری كێشە سیاسی‌و ئابوورییەكانی هەرێم شاندەكەی پێكهێناو بڕیارە هەر لەرێگەی ئەو شاندەشەوە هەوڵەكانی بەردەوامبێت بۆ ئەو مەبەستە.

رۆژی 20 مانگی رابردوو مەسعود بارزانی پەیامێكی راگەیاند، كە لەپەیامەكەیدا دەستپێشخەری بۆ لایەنە سیاسییەكان كرد، كۆببنەوەو چارەسەری قەیرانە سیاسی‌و ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان بكەن، بەتایبەتی قەیرانی سیاسی، كە ماوەی ساڵێكە بەهۆی ململانێی لایەنەكان دروستبووەو بەردەوامیشی هەیە.

هـ ـ ح