ئامادەن بۆ هەر گفتوگۆیەك
سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان بەهاوبەشی مامەڵە لەگەڵ كێشەكان دەكەن

کوردستان

05/12/2016‌ 1064 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان ، ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ هەر گفتوگۆیەك لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندا بێت، دەشڵێن بەبۆچونی هاوبەش مامەڵە لەگەڵ كێشەو هەڵوێستە سیاسیەكان دەكەن.

سەركردایەتی هاوبەشی بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتیمانی ئەمرۆ دوو شەممە 5/12/2016 لەبارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبونەوەو بە پێی راگەیەنراوی كۆتایی كۆبونەوەكەش، دوای تاوتوێ كردنی دۆخی سیاسی هەرێم، هەردولا كۆك بون لەسەر ئەوەی بە بۆچونی هاوبەش مامەڵە لەگەڵ سەرجەم كێشە و هەڵوێستە سیاسییەكاندا بكەن، هەروەها ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ هەر گفتوگۆیەك لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندا بێت. 

لە بزوتنەوەی گۆڕان عومەر سەید عەلی، محەمەد تۆفیق رەحیم، عوسمان حاجی مەحمود، ساماڵ عەبدوڵا، د.ئیسماعیل نامیق و لە یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، قادر حەمەجان، رەفعەت عەبدوڵا، عیماد ئەحمەد، شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ، ئەندامانی سەركردایەتی هاوبەش بەشداری كۆبونەوەكە بون.

یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە رۆژی 17/5/2016 رێكەوتنێكی سیاسی هاوبەشیان بۆ چارەسەكردنی كێشە سیاسیەكانی هەرێم و گۆڕینی هاوسەنگی هێز ئیمزاكرد، بەڵام دوای دروستبونی باڵی ناوەندی بڕیار لەناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان  لە 1/9/2016 كارەكانی سەركردایەتی هاوبەش بۆ جێبەجێكردنی رێكەوتنەكە سستی تێكەوتوەو  كۆبونەوەی ئەمرۆ یەكەم كۆبونەوەی رەسمی بوو لەماوەی چوار مانگی رابردوودا.


ر ـــ ح

بەپەلە