ئەنجومەنی ناوەند پرۆژەیەك بۆچارەسەری كێشەكانی یەكێتی پەسەند دەكات

کوردستان

08/12/2016‌ 1683 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی پرۆژەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی حزبەكەی پەسەند دەكات.

ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی ئەمرۆ پێنج شەممە 8/12/2016 كۆبۆبوەو دوای كۆبونەوەكەش  راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا ئاماژەی بەوەكردوە، بەزۆرینەی دەنگی ئەندامان پرۆژەیەكی ئەنجومەنی ناوەندی بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی پەسەندكردوە،كە پرۆژەیەكی هاوسەنگەو دەبێتە نەخشەرێگای چارەسەركردنی كێشەكان و رێكخستنی ناو ماڵی یەكێتی و بەفەرمی ئاراستەی هەڤاڵە پەیوەندیدارەكان دەكرێت و دواتر بۆ هەڤاڵانی یەكێتی بڵاودەكرێتەوە، لەم چوارچێوەیەشدا داوا لەسەرجەم ئۆرگان و هەڤاڵانی یەكێتی دەكەین پشتگیری لەسەرخستنی ئەم پرۆژەیە بكەن.

ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی لەكۆبونەوەكەیدا،دەستخۆشی لەفراكسیۆنی سەوزی یەكێتیی لەئەنجومەنی نوێنەران كردوە، كە هەوڵێكی زۆریانداوە لەپێناو گەڵاڵەكردنی رەشنووسی پرۆژەیەك و دواتر پەسەندكردنی ئەو پرۆژەیە لەچوارچێوەی بودجەی (٢٠١٧) ی عیراقدا، كە زامنی چارەسەركردنی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكات و سوپاسی ئەو فراكسیۆنانەش دەكەین كە پشتگیرییان لەو پرۆژەیە كردووەو داواش لەلایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا دەكات هەوڵی جدی بدەن بۆ جێبەجێكردنی ئەو دەستكەوتە كە پەیوەستە بەبژێوی خەڵكی كوردستانەوە.

ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەنجومەنێكی راوێژكارییەو ژمارەی ئەندامەكانی سەد كەسە.
ر ـــ ح