راگەیاندنی مەلا بەختیار وەڵامی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەداتەوە

کوردستان

10/12/2016‌ 1291 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەندامێكی ئامادەكاری كۆنگرەی سۆسیالیستەكانی رۆژئاوا ، لەپێگەی ئەلكترۆنی رۆژنامەی چاودێری سەر بە مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەڵامی وتارێكی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد حوشكی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدو بەرپرسی ناوەندی دەرەوەی یەكێتی دەداتەوەو دەڵێت، ناوەرۆكی وتارەكەی (شازادە) هەموو كەسێك دەزانێ‌ دژی (مەلا بەختیار)ە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرەی سۆسیالیستەكان لە روونكردنەوەكەیدا كە ئەمرۆ شەممە 10/12/2016 بەناوی "رونكردنەوەیەك، وەكو وەڵامدانەوەیەك سەبارەت بە بەستنی كۆنگرەی سۆسیالیستەكان لەسلێمانی" بڵاویكردۆتەوە رایگەیاندوە،مەلا بەختیار هەموو كەسێك دەزانێ‌، لەنیوەی سەدەی رابردوو دوای بازرگانی نەكەوتووە. تەمەنی خۆی لەشاخ و خۆ شاردنەوەو شەڕو شۆڕدا بردۆتە سەرو "..." وەكو (شازادە)ش بیست ساڵ بەرپرسیاری پەیوەندییەكان‌و ناوەندی دەرەوە نەبووە، مانگانە سەفتەی دۆلار وەربگرێ‌ بەبێئەوەی یەك وەسڵ بداتە ئیدارەی گشتی. كوڕەكەشی مانگانە سەدان هەزار دۆلار هەتا ئێستا وەرناگرێ‌ بۆ كەین‌و بەینی كرێی سەتەلایتەكان.

ئاماژەی بەوەشداوە، (شازادە) ئەوەتەی بوی بە بەرپرسیاری ناوەندی دەرەوە، لەدوا هەڵبژاردنی عیراقدا یەكێتیی لەناو وڵات سەركەوتنی گەورەی بەدەستهێناو مەلا بەختیار سەرپەرشتیاری هەڵمەتەكەو راگەیاندنی هەڵبژاردنەكە بوو، تەنها لەدەرەوەی وڵات، لەتەواوی وڵاتان بە بەریتانیاشەوە كە (شازادە) چل ساڵە لەوێ‌ ئەژی، یەكێتیی لەتاقە وڵاتێكیش هەڵبژاردنی نەبردۆتەوە.

 لەبەشێكی تری روونكردنەوەكەیدا لەبارەی ئەنجامنەدانی كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكێتیش رایگەیاندوە، لەكاتێكدا دڵنیاین (شازادە) ئەو كۆبوونەوانەی بۆ جیابونەوە پێخۆشە، لەهەمانكاتدا.. ئومێدەوارین دادە هێرۆ بۆی رون بكاتەوە كە كۆبوونەوەی سەركردایەتی لەم مانگەدا بۆ نەكراوە.. ئەوەندەی ئێمە بزانین لەسەر داوای دادە هێرۆ و باڤڵی كوڕی نەكراوە، چونكە هەوڵی ئاشتەوایی ناو یەكێتیی ئەدرێ‌. كە (شازادە) زۆری پێ‌ ناخۆشە.. چونكە خەیاڵی وایە ئەگەر جیابوونەوە لەناو یەكێتیی روبدا، خۆی بكاتە مەكتەبی سیاسی!!

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە نوسینێكدا رەخنەی لە بەستنی كۆنگرەی سۆسیال دیموكراتەكان لە سلێمانی گرتوەو رایگەیاندوە "لە رۆژێكدا كە میللەتەكەمان نانی نییە بیخوات و هەزار و یەك كێشە بەرۆكی یەكێتییەكەمانی گرتووەتەوە، كاكی كارگێڕ كۆنفرانسی پارتە سۆشیالیستەكانی ئەوروپا و مونتەدای سۆشیال دیموكراتەكانی جیهانی عەرەبیمان بۆ ساز دەكات! ئەمەش لەكاتێكدایە گەورە و بچووكی حیزبەكەمان چاوەڕوانی بەستنی كۆنگرە و كۆنفرانسی یەكێتین".


ر ـــ ح