ئامادەكاری دەكات بۆ خۆپیشاندانێكی گەورە
پارتی بەشێك لە پێشمەرگەو پۆلیس و ئەندامانی ئاگاداركردۆتەوە

کوردستان

11/12/2016‌ 1651 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەكاری دەكات بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی گەورە لە دژی قسەكانی سروە عەبدولواحید پەرلەمانتاری گۆڕان، بۆ ئەو مەبەستەش بەشێك لە هێزی پێشمەرگەو پۆلیس و كادرانی پارتی بۆ بەشداریكردن لە خۆپیشاندانەكە ئاگاداركراونەتەوە.

بە پێی ئەو زانیارییانەی لە بەرپرسێكی سەربازییەوە دەست شارپرێس كەوتوون، پارتی بەشێك لە هێزی پێشمەرگەو پۆلیس و ئەندامان و كادرانی خۆی ئاگاداركردۆتەوە بەشداریبكەن لە خۆپیشاندانێكی گەورە لە دژی وتەكانی سروە عەبدولواحید پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

ئەو سەرچاوەیە كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە وتیشی، پارتی لە خۆپیشاندانەكەی دوێنێی هەولێر توشی ئیحراجی بووە، بەهۆی ئەوەی كە ژمارەیەكی كەم لەخەڵك بەشداری خۆپیشاندانەكەیان كردوە، بۆیە بە رەسمی بەشێك لە هێزەكانی پێشمەرگەو ئەندامان و لایەنگرانیان ئاكادار كراونەتەوە كە لەهەر شوێنێك بۆیان دەكرێت  خۆپیشاندان سازبكەن و داوای یاسایی لەسەر ئەو  پەرلەمانتارەی گۆڕان تۆمار بكەن.

چەند رۆژێكە لەشارەكانی زۆنی زەرد، هەڵمەتێكی بەرفراوان لەلایەن رێكخراوەكان و میدیاكانی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە لەدژی وتەكانی سروە عەبدولواحید دەستی پێكردوەو ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان تۆمەتبار دەكەن بە سوكایەتیكردن بە كەسوكاری هێزەكانی پێشمەرگە لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا.

لەبەرامبەردا فراكسیۆنە جیاوازەكانی گۆڕان دەڵێت، پارتی موزایەدەی سیاسی دەكات و وروژاندنی هەستی كەسوكاری شەهیدان بۆ پەردەپۆشكردنی شكستەكەی لە بەغدا بەكاردەهێنێت.


ر ـــ ح