حەشدی‌ شەعبی‌ باڵانسی‌ هێزە سوننەكان دەگۆڕێت

عیراق

12/12/2016‌ 932 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
سەرەڕای بایكۆتی هەردوو فراكسیۆنی هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان‌و هاوپەیمانی وەتەنییە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەدانیشتنی رۆژی 26ی تشرینی دووەم دەنگی لەسەر یاسای پاراستنی یاسایی حەشدی شەعبیدا.

ناڕەزایی هاوپەیمانی هێزە عێراقیەكان لەسەر یاساكە كۆتایی بوو، بەڕادەیەك هاوپەیمانێتیەكە كۆتاییهاتنی شەراكەتی نیشتمانی‌و هەرەسهێنانی گرنگترین خاڵی چارەسەری سیاسی چاوەڕوانكراوی لەعێراق، راگەیاند.

هەروەها ناڕەزایی هاوپەیمانی هێزە عێراقیەكان شێوازی تێپەڕاندنی یاساكەشی گرتەوە كاتێك وتی ئەو شێوازە دیكتاتۆریەتی زۆرینەی بەرجەستە كردووە - بەگوێرەی وەسفی هاوپەیمانێتییەكە.

هەرچی ناڕەزایی هاوپەیمانی وەتەنیەشە، ئەوا تەنیا لەسەر خراپی كاتەكە بوو، چونكە بەڕای ئەو باشترە دەركردنی یاسای حەشد بۆ قۆناغی دوای ئازادكردنی خاكی عێراق لەدەستی داعش دوابخرێت تا كاتی پێویست بدرێت بەگفتوگۆی نێوان كوتلە سیاسیەكان، جگە لەوەش هاوپەیمانێتیەكە تێپەڕاندنی یاساكەی رەتكردەوە لەبەرئەوەی پێچەوانەی بنەمای فرەیی دامەزراوە ئەمنییەكانە كە هەمیشە هاوپەیمانێتییەكە بانگەشەی بۆ كردووە.

ئەم هەڵوێستە توندە لەبەرامبەر یاسای حەشدی شەعبی لێكدانەوەی خۆی هەیە، هەرچەندە هەردوو فراكسیۆنەكە دیدی خۆیان لەبارەی یاساكەو شێوازی تێپەڕاندنیەوە راگەیاندووە، چونكە یاسایەكی ئاسایی نییە تا وا بەئاسانی تێپەڕبێت بەبێ ئەوەی كاریگەری خراپی لەسەر ئەو لایەنانە هەبێت كە رەتی دەكەنەوە لەپێش هەمووشیانەوە هاوپەیمانی هێزە عێراقیەكان.

هاوپەیمانی هێزە عێراقیەكان خۆی بەتاكە نوێنەری سیاسی‌و پەرلەمانی پێكهاتەی سوننە لەعێراق دادەنێت‌و بەوپێیەش پەسەندكردنی یاساكە بەئامادەبوونی هاوپەیمانی هێزە عێراقیەكان لەپرۆسەی سیاسیدا گورزێكی بەهێز دەبێت بۆی كە رەنگە هەڕەشەی لەدەستدانی ئاستی جەماوەریەكەی بكات كە لەبنەڕەتدا لەپاشەكشەدایەو هاوپەیمانی هێزەكان هەمیشە دەڵێت جەماوەر داوای ئەوەی لێدەكات هەڵوێستێكی هەبێت لەبەرامبەر ئەوانەی بەمیلیشیا وەسفیان دەكات‌و بوونەتە ترسێكی نیگەرانكەر بۆی، ئەمەش مانای وایە جەماوەرەكەی لەهەر پرۆسەیەكی هەڵبژاردنی داهاتوودا دەنگی پێ نادات.

هەروەها دەركردنی یاسای حەشدی شەعبی وەك ئەوە وایە بەڕەسمی لەڕووی جەماوەریەوە بەڕە لەژێر پێی هاوپەیمانی هێزە عێراقیەكان دەربهێنرێت بۆ بەرژەوەندی چەند لایەنێكی عەشایری سوننە كە لەپاڵ حەشدی شەعبیدا بەشداریان لەشەڕدا كردووە، چونكە لە حوزەیرانی 2014وە (36) گرووپی چەكداری سەر بەو لایەنانە لەژێری ناوی حەشدی عەشایری‌و هی دیكەدا پێكهێنراون‌و تێكەڵ بەهێزەكانی حەشدی شەعبی كراوان، بەو پێیەش ئەم لایەنانەن كە خۆیان وەك نوێنەری راستەقینەی پێكهاتەی سوننە دەناسێنن لەبەرئەوەی بەرگریان لێكردووەو لەگەڵ ئازارەكانیدا ژیاون، بەدرێژایی ئەو ماوەیەی نوێنەرانی هاوپەیمانی هێزە عێراقیەكان نەیانتوانیوە لەئاست خواستی جەماوەرەكەیاندابن.

جێگای ئاماژەیە ژمارەیەك پەرلەمانتاری هاوپەیمانی هێزە عێراقیەكان دەنگیان بۆ یاسای حەشدی شەعبی داوە، ئەمەش دووپاتی دەكاتەوە كە چەند كەسایەتیەكی سیاسی لەناو هاوپەیمانێتیەكەوە دەستیان بەجیابوونەوە كردووە بەتایبەتی ئەوانەی پشتیوانیان لەوە كرد گرووپە عەشایریە شەڕكەرەكانی پێكهاتەی سوننە بچنە ریزی هێزەكانی حەشدی شەعبیەوە بەبێ ئەوەی رازی بن هێزەكانی حەشد بەشیعە وەسف بكرێن، ئەگەرچی زۆربەی چەكدارەكانی لەخۆبەخشە شیعەكانن یاخود لەباڵە سەربازییەكانی حیزبە شیعەكان‌و گرووپە چەكدارەكانی مقاوەمەتن.

208 پەرلەمانتار دەنگیان بۆ یاسای حەشد داوە كە تەنیا 149یان لە هاوپەیمانی نیشتمانی عێراقن كە فراكسیۆنە شیعەكانی ئەنجومەنی نوێنەران لەخۆدەگرێت، ئەمەش دووپاتی دەكاتەوە كە كۆدەنگیەك نییە بۆ رەتكردنەوەی یاساكە لەلایەن نوێنەرانی پێكهاتەی سوننە لەئەنجومەنەكەدا بەتایبەتی هاوپەیمانی هێزە عێراقیەكان، ئەگەرچی ژمارەیەك پەرلەمانتاری فراكسیۆنەكانی دیكە پشتیوانی یاساكەیان كردووە.

حەیدەر مولا پەرلەمانتار لەهاوپەیمانی نیشتمانی دەڵێت "ژمارەیەك لەپەرلەمانتارانی هاوپەیمانی هێزە عێراقیەكان دەنگیان بۆ یاساكە داوە لەبەرئەوەی گەرەنتی تێدا دەبینن بۆ ئەو رۆڵانەی جەماوەرەكەیان بەخۆبەخش چوونەتە ریزی حەشدی عەشایریەوە كە لەڕووی ئیداریەوە پەیوەستە بەدەستەی حەشدی شەعبیەوە".

ئامارە رەسمیەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن ژمارەی چەكداران‌و كارمەندانی هێزەكانی حەشدی شەعبی 140 هەزاری تێپەڕاندووە كە بەلانی كەمەوە 30 هەزاریان لەسوننەن.

هەندێك لەنوێنەرانی هاوپەیمانی هێزە عێراقیەكان نایشارنەوە كە ترسیان لەوە هەیە هێزەكانی حەشدی شەعبی ببنە كۆپی پاسدارانی ئێران وەك رەعد دەهلەكی پەرلەمانتاری هاوپەیمانێتیەكەو هەندێكی تر بۆی دەچن، هاوپەیمانێتییەكەش بەمە رازی نابێت كە پەیوەندی زۆربەی فراكسیۆن‌و كەسایەتییەكانی لەگەڵ دراوسێی خۆرهەڵاتدا (ئێران) گرژو ئاڵۆزەو لەبەرامبەریشدا پەیوەندیان باشە لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی لەلایەن خۆیانەوە پرەنسیپی هەناردەكردنی شۆڕشی ئیسلامی رەت دەكەنەوە كە ئێران بۆ دەوڵەتانی دیكەی پەیڕەو كردووە لەپێش هەمووشیانەوە بۆ عێراق، ئەمەش مانای وایە تێپەڕاندنی یاساكە كێشە بۆ هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان لەگەڵ هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەكانی دروست دەكات لەبەرامبەر قووڵكردنەوەی ئەو ناكۆكیەی لەبنچینەدا لەگەڵ ئێرانی دراوسێدا هەیەتی، ئەوە جگە لەهەرەسهێنانی پەیوەندی لەگەڵ ئەو جەماوەرەی دیدو تێڕوانینی كۆماری ئیسلامی رەت دەكاتەوە.

تا كاتێكی نزیكیش ئەگەری روودانی كودەتایەك بەرێبەرایەتی سوپا لەئارادابوو لەبەرئەوەی پۆستی وەزارەتی بەرگری پشكی ئەوانەبوو كە نوێنەرایەتی پێكهاتەی سوننەیان دەكردو بەدرێژایی چەند ساڵی رابردوو گۆڕینی ئەو پۆستەیان رەت دەكردەوە تەنانەت ئەگەر لەبەرامبەر وەزارەتی ناوخۆو پۆستی وەزارەتێكی دیكەشی لەگەڵدا بێت، لەمەوە مەزەندەكان دەڵێن تێپەڕاندنی یاسای حەشد بۆ دروستكردنی هێزێكی بەرپەرچدەرەوەی سوپایە لەحاڵەتێكدا ئەگەر لەكۆنترۆڵی حكومەتی ناوەندی دەربچێت، لەبەرامبەریشدا بەرهەڵستیكردنی یاساكە بۆ رێگرتن لەبوونی ئەو هێزەیە  واتا قەیرانی متمانە لەنێوان سیاسەتمەدارە سوننەو شیعەكانی عێراقدا هێشتا قووڵە.

ئەم خاڵانەو هی دیكەش قبوڵ نەكردنی یاسای حەشدو شێوازی تێپەڕاندنەكەی لەلایەن هاوپەیمانی هێزە عێراقیەكان پوخت دەكەنە، هەروەها سووربوونی هاوپەیمانی نیشتمانی لەسەر دەركردنی یاساكە بەبێ گوێدانە ئەنجامەكانی پوخت دەكاتەوە هەرچەندە رایگەیاندووە كە پەیامی دڵنیاكردنەوەی داوەتە لایەنی بەرامبەرو مەترسیەكانی بێ پاساون.

چونكە هاوپەیمانی نیشتمانی دەیەوێت دەستكەوتی سیاسی بەدەستبهێنێت لەپاڵ ئارەزووی بۆ هێنانەدی ئەو بەڵێنەی بەجەماوەرەكەی داویەتی كە بەشی زۆری هێزەكانی حەشد پێكدەهێنن كە رۆڵی گەورەی لەرووبەڕووبوونەوەی داعش هەبووە.

دەستكەوتەكانی هاوپەیمانی نیشتمانی لەسەر ئاستی سیاسی تەنیا خۆسەلماندن نیە وەك لایەنێك كە كاریگەری یەكەم‌و كۆتایی لەسەر گۆڕەپانی عێراق هەیە بەو پێیەی یاسایەكی تێپەڕاندووە رەنگە وای لێ بكات شەراكەتەكەی لەبەرامبەر پێكهاتەی بەرامبەردا لەدەست بدات، بەڵام دەكرێت قەرەبوو بكرێتەوە بەبەڵگەی ئەوەی رەنگە بەبەهێزی بەشداری هەڵبژاردنی داهاتوو بكات ئەو لایەنە عەشایری‌و حزبیانە نوێنەرایەتی دەكەن كە یاسای حەشدی شەعبی دەیانهێنێتە پێشەوە.