مەلا بەختیار: قسەی قورسم زۆرە لەبەرامبەر قسەی سوك

کوردستان

13/12/2016‌ 1928 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ، وەڵامی ئەو رەخنانە دەداتەوە كە گوایە پارەی یەكێتی بۆ رێكخستنی كۆنفرانسی سۆسیالیستەكان لە سلێمانی خەرج كردوەو دەڵێت" بۆ پاراستنی كەرامەتی سیاسی خۆم‌و دیسپلینی یەكێتی، بێدەنگی‌و بێهەڵوێستی.. بەشەرمەزاری دەزانم".

مەلا بەختیار وتارێكی بەناوی "جارێ‌ تەنها ئەوەندە دەڵێم:قسەی قورسم زۆرە لەبەرامبەر قسەی سوك لە پێگەی ئەلكترۆنی چاودێر بڵاوكردۆتەوەو  باسی لەوەكردوە، ساڵی 2006 هەڤاڵێكی سەركردایەتی رەخنەی  لێگرتوە لە ئێزگەیەكی لۆكاڵی سۆران،....كاتێك مام جەلال بیستویەتی بانگی ئەو ئەندامەی سەركردایەتی كردوەو پێی وتوە ئەگەر نەچی داوای لێبوردن لە مەلا بەختیار بكەی، ئیتر نەیەیتە لای .

مەلا بەختیار لەبەشێكی تری وتارەكەیدا ئاماژەی بەوەشداوە، "ئێستا.. كە مام جەلال نەخۆشە، جێی داخە، ئەوانەی خۆیان بە میراتگری حیزبەكەی مام جەلال دەزانن.. لەسەرئەوەی گەورەترین‌و گرنگترین كۆنگرەی حیزبەكانی دونیاو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەسلێمانیدا، رێكدەخەین، وەكو دەستخۆشیمان لێناكەن، باوەڕیش ناكەن، كە لە دارایی یەكێتی، هیچمان لەسەر كۆنگرەكە سەرف نەكردووە. ئەمە لەكاتێكدا، ئیدارەی گشتی‌و ئوتێل میلینیۆم، شایەتی ئەوەن كە ئەو حیزبانە چۆن‌و چەندیان لەسەر كۆنگرەكە سەرفكردووە. دەیڵێمەوە: جارێ‌ تەنها هێندە دەڵێم. بۆ پاراستنی كەرامەتی سیاسی خۆم‌و دیسپلینی یەكێتی، بێدەنگی‌و بێهەڵوێستی.. بەشەرمەزاری دەزانم!!

وتارەكەی مەلا بەختیار بەوەڵامدانەوەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خوشكی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دادەنرێت كەلە چەند رۆژی رابردوودا لە دوو وتاردا رەخنەی لە مەلا بەختیارگرتبوو لەسەر خەرجكردنی پارەی یەكێتی بۆ رێكخستنی كۆنفرانسی سۆسیال دیموكراتەكان لە سلێمانی.