راگەیەنراوی پارتی لەبارەی كۆبونەوەی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان و بزوتنەوە

کوردستان

14/12/2016‌ 771 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەحمود محەممەد وتەبێژی  پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، دووشەممەی داهاتوو، شاندی پارتی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان و بزووتنەوەی ئیسلامیدا كۆ دەبێتەوە.

وتەبێژی  پارتی ئەمرۆ چوارشەممە 14/12/2016 لە راگەیەنراوێكدا ئەوەی خستۆتەروو، ئەو سەردان و كۆبوونەوانەی هەفتەی داهاتوو لە چوارچێوەی ئەو هەنگاوانەیە بۆ جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی پەیامەكەی مەسعوود بارزانی و دۆزینەوەی نەخشەڕێگایەك بۆ چارەكردنی كێشە ناوخۆییەكان.

ئاماژەی بەوەشداوە، بڕیارە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو 19/12/2016،  شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بە مەبەستی كۆبوونەوە لەگەڵ هەر یەك لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستاندا، سەردانی شاری سلێمانی بكات.

بە پێی راگەیەنراوەكە، شاندی دەستنیشانكراوی پارتی پێكهاتووە لە فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی و عێزەدین بەرواری و مەحموود محەممەد و كاكەمین نەجاڕ ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی و، ئەحمەد كانی و دڵشاد شەهاب ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی.

ر ـــ ح