لەجموجۆڵ‌و خۆگۆڕینی‌ بەردەوامدایە
فەرماندەی‌ هێزی‌ ئاڵتونی‌ عێراق: شوێنی‌ بەغدادی‌ دەزانین‌

کوردستان

15/12/2016‌ 2090 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
فەرماندەی‌ هێزی‌ ئاڵتونی‌ عێراقی‌ رایدەگەیەنێت كە ئامانجی‌ سەرەكییان لەشەڕەكەی‌ موسڵ سەرەڕای‌ وەدەرنانی‌ داعش، پاراستنی‌ گیانی‌ هاووڵاتییانە، بۆیە لەسەرخۆی‌ پێشڕەوی‌ دەكەن.

لیوا فازڵ بەرواری‌ فەرماندەی‌ هێزی‌ ئاڵتونی‌ عێراق، كە خۆی‌ كوردە، لەسەرەتای‌ دامەزراندنی‌ هێزی‌ تایبەتی‌ عێراقی‌ كە دواتر بە "فیرقەی‌ ئاڵتونی‌" ناسرا دامەزرێنەرو فەرماندەی‌ دیاری‌ ئەو هێزە بووەو دواتر گەیشتووە بەپۆستی‌ كەسی‌ یەكەم‌و ئێستاش لەژێر سایەی‌ هێزی‌ دژە تیرۆری‌ عێراقیدا رێبەرایەتی‌ هێزەكەی‌ دەكات‌و كاریگەرترین ئەو دەستانەن، كە راستەوخۆ بەشداری‌ شەڕی‌ موسڵ دەكەن.

بەرواری‌ لەچاوپێكەوتنێكی‌ تایبەتی‌ لەگەڵ سایتی "نیقاش"ی ئەڵمانیدا باس لەبەڕێوەچوونی‌ ئۆپەراسیۆنی‌ موسڵ دەكات‌و ئاماژە بەوە دەكات، كە شوێنی‌ ئەبوبەكر بەغدادی‌ رابەری‌ داعش پێدەزانن‌و ئاگاداریشن، كە لەجموجۆڵ‌و خۆگۆڕینی‌ بەردەوامدایە.

هەروەها باس لەژمارەی‌ كوژراوانی‌ داعش‌و ئاستەنگە سەرەكییەكانی‌ شەڕەكەی‌ موسڵ دەكات‌و روونیدەكاتەوە كە خەڵكی‌ شارەكە پێشوازی‌ گەرمیان لێدەكەن.

نیقاش: دوو مانگ زیاتر بەسەر دەستپێكردنی‌ ئۆپەراسیۆنی‌ موسڵ تێپەڕیوە، ئێستا پێشڕەویەكانی ئەو شەڕە بەكوێ گەیشتوون؟

فازڵ بەرواری‌: قۆناغی‌ گرنگمان بڕیوەو سەرەڕای‌ پاككردنەوەی‌ ناوچەیەكی‌ بەرفراوان تائێستا 2330 تەرمی‌ چەكدارانی‌ داعش لەبەردەستی‌ ئێمەدایەو چەندین تانك‌و كەلوپەل گیراون، ئەوەی‌ تێبینیمان كردووە شەڕی‌ موسڵ وەك شەڕەكانی‌ رومادی‌‌و فەلوجە نییە، چونكە چەكدارانی‌ داعش خۆ ناگرن‌و بەردەوام رادەكەن.

نیقاش: بەڵام زۆر كەس پێی‌ وایە ئۆپەراسیۆنەكە بەسستی‌ بەڕێوە دەچێت، دەكرێت موسڵ خێراتر پاك بكرێتەوە؟

فازڵ بەرواری‌: ئەگەر خەڵكی‌ مەدەنی‌ تێدا نەبوایە پرۆسەی‌ ئازادكردنەوەی‌ موسڵ ئەوەندە زەحمەت نەدەبوو، چونكە ئەو كات پردە سەرەكییەكانمان دەگرت‌و شارەكەمان پاكدەكردەوە، بەڵام ئێستا ئێمە لەیەك كاتدا دوو ئەركی‌ گەورەمان لەسەرشانە، لەلایەك دەبێت شەڕ بكەین‌و شارەكە ئازاد بكەین، لەلایەكی‌ تریش ئەركێكی‌ مرۆیمان لەشانە بەپاراستنی‌ گیانی‌ خەڵكی‌‌و دابینكردنی‌ فریاگوزاری‌ تەندروستی‌‌و خۆراك، دەمانەوێت داعش لەشارەكە وەدەر بنێین بێ‌ ئەوەی‌ ماڵی‌ هاوڵاتیان خاپور ببێت‌و خەڵكی‌ سیڤیل شەهید ببن، ئەمە وایكردوە كە ئۆپەراسیۆن بەشێوەیەكی‌ لەسەرخۆ بەڕێوە بچێت، بەهۆی‌ ئەم وریایی‌‌و دەستپارێزییەی‌ ئێمەیە كە بیستومانەتەوە خەڵكی‌ موسڵ لەناوچە جیاوازەكان داوا دەكەن فیرقەی‌ ئاڵتوونی‌ ناوچەكەیان ئازاد بكات.

نیقاش: بۆچی‌ باسی‌ خۆراكت كرد، ئەركەكەی‌ ئێوەی‌ كەی‌ پەیوەندی‌ بەخۆراكەوە هەیە؟

فازڵ بەرواری‌: بارودۆخی‌ گوزەرانی‌ خەڵك ئەوەندە خراپە بەتایبەتی‌ لەرووی‌ پێداویستییە سەرەكییەكانی‌ ژیانەوە كەوایكردووە وەزارەتی‌ كۆچ‌و كۆچبەران لەرێی‌ ئێمەوە خۆراك بگەێنێتە خەڵكی‌ ناوچە ئازادكراوەكان، ئێمە هەر شوێنێك رزگار بكەین خۆراكیان بۆ دەبەین.

نیقاش: لەرووی‌ ئازادكردنەوەی‌ خاكەوە تائێستا شەڕەكەی‌ موسڵ بەچی‌ گەیشتووە، ئایا رێگای‌ هەڵاتن لەداعش گیراوە؟

فازڵ بەرواری‌: زیاتر لەبیست گەڕەك ئازاد كراوەو پێشڕەویش بەردەوامە، بەڵام رێگای‌ هەڵاتن لەداعش نەگیراوەو دەتوانن بڕۆن.

نیقاش: ئەركی‌ ئازادكردنی‌ گەڕەكەكان بەپلەی‌ یەكەم لەئەستۆی‌ كێدایە؟

فازڵ بەرواری‌: جگە لەهێزی‌ ئێمە (هێزی‌ ئاڵتوونی‌) فیرقەكانی‌ (پانزە، ناوەند، نۆو شانزە) بەشدارن لەشەڕەكەدا، بەڵام ئەوان نەهاتونەتە ناو موسڵ، بەشێكیان تەنیا تاوەكو سەرەتای‌ موسڵ هاتوون، ئێمە كە سێ فیرقەین لەگەڵ  دژەتیرۆر شەڕی‌ كۆڵان بەكۆڵان دەكەین.

نیقاش: هێرشەكانی‌ ئێوە نەبووەتە مایەی‌ ئاوارەبوونی‌ زیاتری‌ خەڵك؟

فازڵ بەرواری‌: نەخێر لەو ناوچانەی‌ ئازادمانكردوون 700 هەزار مەدەنی‌ لەماڵەكانی‌ خۆیانن‌و لەژێر دەستی‌ ئێمەدان، بەسەلامەتی‌ دەژین‌و وەزارەتی‌ كۆچ‌و چەندین رێكخراو خۆراك‌و پێداویستییە سەرەكییەكانیان پێدەگەیەنن.

نیقاش: جگە لەهێزە عێراقییەكان، رۆڵی‌ هاوپەیمانی‌ نێودەوڵەتی‌ لەم شەڕەدا چییە؟

فازڵ بەرواری‌: لەگەڵ هاوپەیمانان پەیوەندیمان زۆر باشە‌و هەماهەنگی‌ لەئاستێكی‌ بەرزدایە، بەڵام تۆپ‌و تەیارە ناتوانن بۆردومانی‌ ناو موسڵ بكەن، بەهۆی‌ ئەوەی‌ خەڵكی‌ مەدەنی‌ زۆری‌ تێدایە، بۆیە ئەوان نەهاتونەتە ناو شار.

نیقاش: رێكەوتنی‌ سوپاو پێشمەرگە چی‌ لەشەڕەكە گۆڕی‌؟

فازڵ بەرواری‌: ئەو رێكەوتنەی‌ لەنێوان سوپاو پێشمەرگە روویدا زۆر باش بوو، بۆ یەكەمجارە سوپاو پێشمەرگە لەیەك سەنگەردان‌و هەمووی‌ لەبەرژەوەندی‌ ئۆپەراسیۆنەكەیە، چوونی‌ سەرۆك بارزانی‌ بۆ بەغدا بۆ ئەو رێكەوتنە شتێكی‌ نوێ بوو.

نیقاش: پێتان وانییە دوای‌ شەڕی‌ موسڵ سوپای‌ عێراقی‌ پێویستی‌ بەخۆ رێكخستنەوە بێت؟

فازڵ بەرواری‌: بێگومان وایە، ئێستاش راهێنان بەردەوامە لەناو هەموو هێزەكانی سوپاو حەشدی‌ شەعبی‌‌و پێشمەرگە، لەداهاتووشدا راهێنانی‌ زیاتر دەبێت‌و پێویستە پڕ چەك بكرێن بۆئەوەی‌ داهاتوی‌ خۆمان‌و نەوەكانمان بپارێزین‌و جارێكی‌ تر توشی‌ ئەو ماڵ وێرانیە نەبینەوە وەك ئەوەی‌ داعش بەسەری‌ هێناین.

نیقاش: گەورەترین ئاستەنگی شەڕی موسڵ چییە؟

فازڵ بەرواری‌: شەڕی‌ موسڵ وەك شەڕی‌ شوێنەكانی‌ تر نیە، بەهۆی‌ ئەوەی‌ ئازادكردنی‌ موسڵ بەتەنیا ئازادكردنی‌ شارێك نییە، بەڵكو پرۆسەی‌ پاراستنی‌ خەڵك‌و باڵەخانەو كەل‌و پەلەكانیانە بۆ ئەوەی‌ متمانە لەدەست نەدەین، تائێستا ئەوەشمان كردوە‌و بەردەوام دەبین، چونكە خەڵكی‌ موسڵ كەس‌و كاری‌ ئێمەن، ئەوەی‌ روودەدات شەڕی‌ كۆڵانەو كۆڵانە كە كارێكی‌ زۆر زەحمەتە، بەڵام راهێنانی‌ باش بەهێزەكانمان كراوە، لێرەشەوە داوامان لەخەڵكی‌ هەیە كە لەماڵی‌ خۆیان نەیەنە دەرەوەو نەچنە سەربانی‌ خانوەكانیان.

نیقاش: پێشوازی خەڵك چۆنە لەناوچە تازە ئازادكراوەكانی موسڵ؟

فازڵ بەرواری‌: كە رۆژانە دەچین خەڵك پێشوازی‌ گەرم‌و گەورەمان لێدەكات، داعش وایان بڵاوكردبۆوە كە فازڵ بەرواری‌ بێتە موسڵ هەموو شارەكە وێران دەكات‌و خەڵكی‌ لەگەڵە خۆیان دەتەقێننەوە، بەڵام ئێستا كە دەچین دەمان بینن دەزانن چەكدارانی‌ داعش راستیان نەوتووە‌و ئەركی‌ هێزی‌ ئاڵتونی‌ تەنیا لەناوبردنی‌ داعشە بەپاراستنی‌ سەرو ماڵی‌ خەڵكی‌، بۆیە پێشوازییەكی‌ گەرممان لێدەكەن‌و باوەشمان بۆ دەكەنەوە.

نیقاش: هیچ گەرەنتییەك هەیە ماڵ‌و حاڵی‌ خەڵكی‌ وێران نەبێت بەتایبەتی‌ كە دەنگۆی‌ زۆر لەو بارەیەوە لەسەر هێزە عێراقییەكان بڵاوكراوەتەوە؟

فازڵ بەرواری‌: سەرەتا لەبەرتلە بازگەیەكمان داناوە بۆ ئەوەی‌ تەنها یەك دەرزی‌ لەشارەكە نەیەتە دەرەوە‌و بەكامێرای‌ چاودێری‌ هەموو جموجۆڵێك تۆمار دەكرێت تا رێگە بگیرێت لەهەر جۆرە تاڵانكارییەك، هەر هاوڵاتییەكیش بیەوێت ماڵ‌و حاڵی‌ خۆی‌ بباتە دەرەوە دەبێت چەند رێكارو رێوشوێنێك جێبەجێ‌ بكات تا دڵنیابین لەوەی‌ ئەوە خۆیەتی‌ بەرەزامەندی‌ خۆی‌ كەلوپەلەكانی‌ دەباتە دەرەوە، لەناوشاریش جموجۆڵەكان زۆر بەوریایی‌‌و تەكتیكی‌ سەركەوتوو بەڕێوە دەچن بۆ ئەوەی‌ خەڵكی‌ زیانیان پێنەگات.

نیقاش: پێشبینی دەكرێت كەی موسڵ ئازاد بكرێت؟

فازڵ بەرواری‌: ناتوانین كات دیاریبكەین، چونكە بەدەستی‌ ئێمەیە نییە، بەرەو پێشچوون لەسەرخۆیە بۆ ئەوەی‌ زیانی‌ زۆر نەدەین‌و خەڵكی‌ مەدەنی‌ نەبنە قوربانی‌، زۆر مەبەستمانە ناووناوبانگی‌ هێزی‌ ئاڵتوونی‌ بپارێزین‌و تاكە یەك هاوڵاتیش بەدەستی‌ ئێمە زیانی‌ پێنەگات.

نیقاش: هیچ زانیارییەكتان هەیە لەسەر جموجۆڵی‌ ئەبوبەكر بەغدادی‌؟

فازڵ بەرواری‌: ئەمەوێ‌ ئەوەت بۆ باس بكەم ئەبوبكر بەغدادی‌ بەر لە دە ساڵ لای‌ ئێمە بەند كرابوو بەر لەوەی‌ دواتر ئازاد بكرێت، بۆیە زانیاری‌ تەواومان لەسەری‌ هەیە، ئێستاش شوێنی‌ دەزانرێت كە لەشارۆچكەی‌ بەعاج-ە (خۆرئاوای‌ موسڵ)‌و شوێنی‌ مانەوەی‌ لەژێر زەویدایە، هەرچەندە لەجموجۆڵی‌ بەردەوامدایەو زوو زووش شێوەی‌ خۆی‌ دەگۆڕێت، وەك تاشینی‌ ریشی‌‌و دەستكاری‌ كردنی‌ روخساری‌ لەڕێی‌ نەشتەرگەرییەوە بۆ ئەوەی‌ نەناسرێتەوە.