فوئاد حسێن: ئەمساڵ مەسعود بارزانی سەردانی ئێران ناكات

کوردستان

16/12/2016‌ 730 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فوئاد حسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، بەدووری دەزانێت ئەمساڵ مەسعود بارزانی سەردانی ئێران بكات.

هەرچەندە لەماوەی رابردوودا ،سەردانی مەسعود بارزانی لە میدیاكاندا بە گەرمی باسی لێوەدەكرا لەسەر بانگهیشتی ئەو وڵاتە، بەڵام بەوتەی  سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم پێناچێت بارزانی ئەمساڵ بچێتە ئێران. 

 فوئاد حسێن لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ رایگەیاند، "باوەڕناكەم ئەمساڵ مەسعود بارزانی سەردانی ئێران بكات، چونكە ئەمساڵ تەواوبوو، بەڵام هێشتا بانگهێشتنامەكە هەر هەیە، ئەوەی هەیە كاتەكەی دیاری نەكراوە".

سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم سەبارەت بە لێدوانەكانی قەیس خەزعەلی سەرۆكی گرووپی چەكداری عەسائیبی ئەهلی حەق، كە لە دیمانەیەكی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاندبوو دەبێت كورد سنووری بۆ دابنرێت و دوای نەمانی داعش كورد مەترسیین بۆ سەر عێراق، رایگەیاند "قەیس خەزعەلی ئەو قسانەی كردبوو، دوێنی ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی ئەوان پەیوەندیی پێوەكردین و وتییان ئەو قسانە وا نییە و ئەوان باوەڕیان بە مافی كورد هەیە و بە مافی چارەنووسی كورد، بەڵام بە گشتی ئەو قسانە قبووڵ كراو نییە لای ئێمە".



ر ـــ ح