هەڵسوڕاوێكی گۆڕان: سەردانی پارتی بۆ لای لایەنەكان بێبنەما و بێبەرنامەیە

کوردستان

18/12/2016‌ 1082 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەدنان عوسمان هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان و پەرلەمانتاری خولی پێشوی  پەرلەمانی كوردستان سەردانی وەفدی پارتی بۆ لای لایەنە سیاسیەكان بەكات كوشتن و چەواشەكردنی رای گشتی ناودەبات.

عەدنان عوسمان لە وتارێكدا بەناوی "سەردانێكی بێبنەما و بێبەرنامە" رەخنە شێوازی  گفتوگۆی پارتی لەگەڵ لایەنەكانی تر دەگرێت و دەڵێت " بۆ ئەبێ وەفدی نەگۆڕی پارتی سەر بە ماڵی هەموو حزبە گەورەو بچوكەكاندا بكات؟ ئەگەر بڕیار وایە هەموو لایەنە سەرەكیەكان رەزامەندیان لەسەر دەستپێكردنی گفتوگۆ دابێت، ئەبوایە هەمویان لە شوێنێكی دیاریكراودا كۆببنەوەو یەكسەر گفتوگۆ لەسەر خاڵە هاوبەش و ناكۆكەكان بكەن و هەر لەوێ لیژنەی تایبەتمەند دامەزێنن بۆ یەكلاكردنەوەی خاڵە ناكۆكەكان."

ئاماژەی بەوەشداوە، " زۆربەمان ئەزانین پارتی ئەم گفتوگۆیانەی بە جدی وەرنەگرتوەو تەنها كار لەسەر كات كوشتن و چەواشەكردنی رای گشتی و نیشاندانی خۆی وەك هێزی دەستپێشخەر دەكات."

بەوتەی عەدنان عوسمان " ئەمەی پارتی تەنها دیاردەی دەنگیەو هیچ ناوەرۆك و ئاكامێكی نییە. بۆیە و بەمەبەستی دەركردنی بەڕە لە ژێر پێی پارتی و نیشاندانی جدییەتی لایەنەكان، ئەبوایە ئەوانی تر( گۆڕان و لایەنەكانی تر) و بە تایبەت گۆڕان، دەستپێشخەری بكردایە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی چڕ و پڕ و راستەقینە،بە ئەجیندای رۆشنەوە، نەك راكردن بە دوای سیناریۆ نەزۆكەكانی پارتیدا."