ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی پارتی‌و یەكێتی
سەرچاوەیەك: هەردوولا هاوڕان بۆ چارەسەری كێشەكان

کوردستان

19/12/2016‌ 1346 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبوونەوەكەیان بەكۆبوونەوەیەكی "باش" وەسف كردو سەرچاوەیەكیش رایدەگەیەنێت هەردوولا "بۆ چارەسەری كێشەكان هاوڕابوون".

شاندی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی ئەمڕۆ دوو شەممە 19/12/2016 كۆبوونەوەو دوای كۆبوونەوەكەش هەریەكە لەفازڵ میرانی‌و مەلا بەختیار، سەرۆكانی شاندی هەردوو حیزب لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان خستەڕوو.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی بەشداربوونی ناو كۆبوونەوەكە بەشارپرێس دراوە، هەردوولا "هاوڕابوون بۆ چارەسەری ئەو كێشانەی ئێستا لەهەرێمی كوردستان هەیە، بەتایبەتی كێشە سیاسییەكان".

هەر بەپێی زانیاری سەرچاوەكە، شاندی پارتی‌و یەكێتی جەختیشیان لەوەش كردووەتەوە، كە دەبێت هەموو هەوڵێك بدەن بۆ چارەسەری كێشەكان‌و بۆ ئەو مەبەستەش "گفتوگۆو كۆبوونەوەكانیان بەردەوامی پێدەدەن".

هاوكات دوای كۆبوونەوەكە مەلا بەختیار كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی تایبەت بەكۆبوونەوەكە وتی: كۆبوونەوەكەمان كۆبوونەوەیەكی باش بوو، كە تێدا باسی قەیرانی سیاسی‌و ئابووری هەرێممان كردو جەختمان كردەوە دەبێت كۆبوونەوەكان ئەنجامی هەبێت.

مەلا بەختیار وتیشی: كۆبوونەوەكە هیچ بڕیارێكی تێدا نەدراوەو بەردەوامی دەبێت‌و هەوڵیش دەدەین بۆ ئەوەی كێشەو قەیرانەكان بەهەموو لایەنەكانەوە چارەسەربكەین.

لای خۆیشییەوە، فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكە سەرەڕای جەختیكردەوە لە "باش"ی كۆبوونەوە وتی: لەگەڵ هەموو لایەنەكان بۆیە دەستیان بەكۆبوونەوە كردووە، بۆ ئەوەی چارەسەری كێشەكان بكەین.

فازڵ میرانی وتیشی: ئەم كۆبوونەوانە بەردەوامدەبن‌و دەمانەوێت بگەین بەرێككەوتن بۆ چارەسەری كێشەكانی هەرێمی كوردستان.

ئەمە لەكاتێكدایە، ماوەی ساڵێك زیاتر كێشەو ململانێ‌ لەنێوان لایەنەكان دروسبووەو بەو هۆیەشەوە هەرێم تووشی قەیرانی سیاسی بووە، ئەمە سەرەڕای قەیرانی دارایی، كە ماوەی دوو ساڵە رووی لەهەرێم كردووە.

هـ ـ ح