شاندی گۆڕان و پارتی ناوەرۆكی كۆبونەوەكەیان ئاشكرانەكرد

کوردستان

19/12/2016‌ 2845 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆبونەوەی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان كۆتایی هات و هیچ لایەكیشیان ناوەرۆكی كۆبونەوەكەی بۆ میدیاكان ئاشكرا نەكرد.

هەرچەندە بڕیاربوو دوای كۆبونەوەكە شاندی هەردوولا كۆنگرەی رۆژنامەوانی رێكبخەن، بەڵام شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان دوای كۆبونەوەكە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕانی جێهێشت و بەرەو لای بزوتنەوەی ئیسلامی بەڕێكەوت.

لەدوای پەكخستنی پەرلەمانی كوردستانەوە لە 12/10/2015 یەكەمجارە شاندی باڵای گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان كۆدەبنەوەو پێشتر گۆڕان مەرجی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستانی بۆ كۆبونەوە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان دانابوو، بەڵام دوای پەیامەكەی بارزانی كە داوایكرد گۆڕانكاری لە هەرسێ‌ سەرۆكایەتیەكەی هەرێم بكرێت هەڵوێستی گۆڕانیش  گۆڕانكاری بەسەردا هاتوو ئەمرۆ دوای زیاتر لە ساڵێك ئەو دوو حزبە كۆبونەوە.

پێشتر شارپرێس زانیبوی، شاندی بزوتنەوەی گۆڕان خۆیان ئامادەكردوە وەڵامێكی توندی پارتی بدەنەوە گەر بێتوو پرۆژەیەكی جدی نەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێمی كوردستان.

تەنها زانیارییەك تا ئێستا لەناو كۆبونەوەكە بڵاوكرابێتەوە، لێدوانێكی ئەحمەد كانی ئەندامی شاندی پارتیە بۆ رووداو كە وتویەتی كۆبونەوەكەیان ئیجابی بوە.

پێشتر سەرچاوەیەكی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان بەشارپرێس بە شار پرێسی وتبو، بزووتنەوەی گۆڕان دوای زانینی هەڵوێستی فەرمی پارتی لەسەر چارەسەری كێشەكان، هەڵوێستی خۆی لەو بارەوە رادەگەیەنێت‌و بۆ ئەو مەبەستەش پرۆژەیەكی ئامادەكردووە.

مەسعود بارزانی 20/11/2016 دەستپێشخەرییەكی بۆ چارەسەری كێشەكانی هەرێمی كوردستان راگەیاندو بەپێی دەستپێشخەرییەكەش دەبێت لایەنەكان گفتوگۆ بكەن بۆ چارەسەری قەیرانی سیاسی‌و دارایی هەرێم.

بڕیاریشە وەفدی پارتی دوای كۆبونەوەی لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامی دەرئەنجامی سەردانەكانی بۆ لای سەرجەم لایەنەكان بباتەوە بۆ مەسعود بارزانی.

لەدوای پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان لە 12/10/2015  هەرێمی كوردستان رووبەرووی چەندین كێشەی سیاسی و ئابوری بۆتەوەو تا ئیستاش هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بێئاكام بوون.

ر ـــ ح