پارتی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان بە پێویست دەزانێت

کوردستان

19/12/2016‌ 1023 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وتەبێژی بزوتنەوەی ئیسلامی دەڵێت،شاندی پارتی لەكۆبونەوەیان لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامی وتویەتی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان بە پێویست دەزانین و لەگەڵ ئەوەدان هەموو بڕیارەكان لە پەرلەمانەوە بدرێن

 

 شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسلێمانی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان و بزوتنەوەی ئیسلامی كۆبۆوەو  عەبدوڵا وەرتی وتەبێژی بزوتنەوەی بزوتنەوەی ئیسلامی لەبارەی ناوەرۆكی كۆبونەوەی بزوتنەوەی ئیسلامی و پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، لەكۆبونەوەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی  هەرێمی كوردستان و ئاسایكردنەوەی دۆخی سیاسی و چارەسەركردنی قەیرانەكان وپەیامەكەی مەسعود بارزانی گفتوگۆی لەبارەوەكراوە.

وتەبێژی بزوتنەوەی ئیسلامی بە رووداوی راگەیاند، وەفدی پارتی رایگەیاندوە، پارتی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان بە پێویست دەزانێت و لەگەڵ ئەوەدایە هەموو بڕیارەكان لە پەرلەمانی كوردستانەوە بدرێن.

وتیشی، ئێمە پێمان وایە دەبێت هەموو لایەنە سیاسیەكان لە داواكارییە حزبییەكانیان سازش بۆ یەكتر بكەن لە پێناو گەیشتن بە تەوافوق و تێپەڕاندنی قەیرانەكان.

دوای پەیامەكەی 20/11/2016 ی مەسعود بارزانی كە داوایكرد بوو لایەنەكان كۆببنەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و گۆڕینی سێ‌ سەرۆكایەتیەكەی هەرێم، لەسەر بنەمای ئەو پەیامە پارتی سەردانی هەموو لایەنە سیاسیەكانی كوردستانی كردو  ئەمرۆش كۆتا كۆبونەوەكانی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان و بزوتنەوەی ئیسلامی ئەنجامدا.