شارپرێس زانیاری ورد لەبارەی كۆبونەوەی شاندی پارتی و گۆڕان بڵاودەكاتەوە

کوردستان

19/12/2016‌ 6994 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە كۆبونەوەی نێوان شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان هیچ پرۆژەیەك باسنەكراوەو ئەوەندەی بۆ ئاسایی كردنەوەی پەیوەندیەكان بووە ئەوەندە بۆ گفتوكۆكردن نەبووە لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەكان.

سەرچاوەیەكی ئاگادار  ئەمرۆ دوو شەممە 19/12/2016 ناوەرۆكی كۆبونەوەی شاندی پارتی و گۆڕانی بۆ شارپرێس ئاشكراكردو رایگەیاند، لە كۆبونەوەكەدا هیچ پرۆژەیەك نەخراوەتەروو  تەنها باس لەمیكانیزمی یاسایی رێكەوتنێكی سیاسی كراوە بۆ چۆنیەتی دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی: كۆبونەوەكە ئەوەندەی بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكان بوە ئەوەندە بۆ گفتوگۆكردن نەبوە لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەكان.

 رونیشیكردەوە، لەكۆبونەوەكەدا تەئكیدكراوەتەوە لەسەر ئەوەی پێویستە لەماوەیەكی كورتدا گفتوگۆكان دەستپێبكەن.

سەرچاوەكەی شارپرێش ئاشكراشیكرد، هەردوولا تارادەیەك لەسەر ئەوە كۆك بوون باس لەكێشەو گلەییەكانی رابردوونەكرێت تا نەكرێنە هۆو رێگر لەبەردەم گفتوكۆكاندا.

بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان لەدوای پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان لە 12/10/2015 یەكەمجارە لەسەر ئاستی باڵا كۆدەبنەوە.دوای كۆبونەوەكەش هیچ لێدوانێكیان بۆ میدیاكان نەدا.

ئەمرۆ دووشەممە شاندی پارتی سەردانی سلێمانی كردو لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان و بزوتنەوەی ئیسلامی كۆبۆوەو گەڕایەوە هەولێر.

بڕیارە شاندی پارتی دەرئەنجامی كۆبونەوەی لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان بخاتە بەردەم مەسعود بارزانی بۆ بڕیاردان لەسەر دەستپێكردنی قۆناغێكی تری گفتوگۆكان.

ر ـــ ح

بەپەلە