لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێت
سەركردایەتی یەكێتی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد "تەجمید" دەكات

کوردستان

25/12/2016‌ 11034 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، شاناز ئیبراهیم ئەحمەدی بەرپەرسی رێكخستنەكانی دەرەوەی حیزبەكەی "تەجمید" كردو بڕیارە لێكۆڵینەوەشی لەگەڵ بكرێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەچەند سەرچاوەیەكی ناو یەكێتی دراوە بەشارپرێس، لەچەند رۆژی رابردوودا سەركردایەتی یەكێتی كۆبوونەوەیەكی داخراو و دوور لەچاوی میدیا ناوخۆیی‌و دەرەكییەكانی حیزبەكەش ئەنجامدا، كە لەكۆبوونەوەكەدا چەند پرسێك تاوتوێكراوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، لەكۆبوونەوەكەدا باسی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی كراوەو جەختكراوەتەوە، ئەو بابەتانەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد قسەی لەسەر دەكات، كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی زیاتر قووڵدەكاتەوە، بۆیە "بڕیاری تەجمیدكردنی دراوە".

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، جگە لە "تەجمید" كردن، لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە بەسەرۆكایەتی ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی بۆ لێكۆڵینەوە لەشاناز ئیبراهیم ئەحمەد پێكهێنراوەو بڕیارە لیژنەكە لێكۆڵینەوەی لەگەڵ بكات.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد یەكێكە لەو بەرپرسانەی یەكێتی، كە رەخنەیەكی زۆر لەسیاسەتی ناوخۆیی حیزبەكەی‌و ئەو كێشە ململانێیانەی ناوخۆیی حیزبەكەی دەگرێت، هەروەها بەردەوام هێرشی توندیش دەكاتەوە سەر پارتی دیموكراتی كوردستان، كە ئەمە بەردەوام ناڕەزایی ئەو حیزبەی لێدەكەوێتەوە.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، كۆبوونەوەكە تەنیا ئەندامانی سەركردایەتی سەر بەباڵی "دەسترۆیشتوو"ی یەكێتی بەشدارییان كردووە، ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی سەر بەباڵی "ناوەندی بڕیار" لەكۆبوونەوەكە بەشدار نەبوون‌و چەند تەوەرێكی تریش تاوتوێكراون.

هـ ـ ح 

بەپەلە