هێرۆ ئیبراهیم گفتوگۆ لەگەڵ نەوشیروان مستەفا دەكات
سەركردایەتی یەكێتی بۆ گۆڕان: یان یەكگرتنەوە، یان كۆتایی رێككەوتنی سیاسی

کوردستان

25/12/2016‌ 12192 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دوو ئەگەر دەخاتە بەردەم بزووتنەوەی گۆڕان، كە ئەگەرەكانیش برتییە لەوەی "یان دەبێت یەكبگرنەوە، یان كۆتایی رێككەوتنی سیاسی نێوانیان دێت".

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەچەند سەرچاوەیەكی ناو یەكێتی دراوە بەشارپرێس، لەچەند رۆژی رابردوودا سەركردایەتی یەكێتی كۆبوونەوەیەكی داخراو و دوور لەچاوی میدیا ناوخۆیی‌و دەرەكییەكانی حیزبەكەشی ئەنجامدا، كە لەكۆبوونەوەكەدا چەند پرسێك تاوتوێكراوە، لەوانە پرسی پەیوەندییەكانی یەكێتی لەگەڵ گۆڕان.

هەر بەپێی زانیارییەكان، لەكۆبوونەوەكەدا باس لەوە كراوە، كە یەكێتی دەبێت بەپەیوەندییەكانی لەگەڵ گۆڕان بچێتەوە، بەو پێیەی یەكێتی رێككەوتنی ستراتیژی لەگەڵ پارتی هەیە، ناتوانن لەو شێوازی پەیوەندییەی ئێستا لەنێوان ئەوان گۆڕان هەیە بەردەوامبن.

زانیارییەكانی شارپرێس باس لەوە دەكەن، كە یەكێتی دەبێت لەگەڵ گۆڕان دەست بەگفتوگۆ بكەن، گفتوگۆكانیش بەئاراستەی ئەوە بێت هەردوو حیزب یەكبگرنەوە، بەپێچەوانەوە ئەگەر یەكگرتنەوە لەنێوان هەردوولا نەیەتە ئاراوە، ئەوە كۆتایی بەو رێككەوتنە سیاسییە دەهێنن لەنێوانیان هەیە.

یەكێتی‌و گۆڕان 17/5/2016 رێككەوتنێكی سیاسیان لەنێوان خۆیان واژووكرد، كە بەپێی ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە هەردوو حیزب لەپرسە سیاسی‌و ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان‌و عێراق هەماهەنگی یەكتری دەكەن.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، سەركردایەتی یەكێتی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی ئەندامی مەكتەبی سیاسی حیزبەكەی راسپاردووە لەو بارەوە گفتوگۆ لەگەڵ نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی گۆڕان بكات، بەو پێیەی پەیوەندییەكی توندوتۆڵ لەنێوان هەردووكیان هەیە.

رێككەوتنەكەی گۆڕان‌و یەكێتی بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی تائێستا بەشێوەیەكی باش نەچووەتە پێشەوەو ئەوەش زانراوە هەر لەكۆبوونەوە داخراوەكەی سەركردایەتی یەكێتی باسی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی كراوەو جەختكراوەتەوە دەبێت چارەسەری كێشەكان بكرێت.

هـ ـ ح