روسیا جێگەی ئەمریكا دەگرێتەوە
دابەشبونی نوێی ناوچەكانی هەژمون لە رۆژهەڵاتی ناوەراست

ڕاپۆرت

25/12/2016‌ 3540 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بە بڕوای شارەزایانی سیاسی گفتوگۆی سێ‌ قۆڵی روسیا و توركیاو ئێران بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی سوریاو گێرانی رۆڵی پێشەنگی لەلایەن روسیاوە لەپرسەكانی تایبەت بە سوریا بۆتە مایەی پاشەكشەی رۆڵی ئەمریكا لەرۆژهەڵاتی ناوەراست.

گۆڤاری " نیزافیسیمایا گازێتا"ی روسی لە راپۆرتێكدا باسی لە كوشتنی بالیۆزی روسیا لە ئەنكەرەو رۆڵی روسیا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست كردوە,بەتایبەت لەدوای كۆبونەوەی سێ‌ قۆڵی روسیا و توركیاو ئێران.

هەرچەندە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا  رەتیكردۆتەوە دانبەوەدا بنێت كە گفتوگۆكانی ئەو سێ‌ وڵاتە بەڵگەیەك بێت بۆ ئەوەی كە واشنتۆن رۆڵی سەركردایەتی لەر ۆژهەڵاتی ناوەراست لەدەستداوە، بەڵام شیكەرەوان جەخت لە پێچەوانەكەكەی دەكەنەوەو ئاماژە بەوەدەكەن،  رۆڵی پێشەنگی روسیا ، وەك دەڵێن، رۆڵی روسیا بۆتەمایەی توڕەیی ناوەندەكانی هێز لە ناوچەكەدا كە پشتیوانی لە مافەكانی سونە دەكەن، كوشتنی بالیۆزی روسیاش لە ئەنكەرە بەبەڵًگەیەك دەزانن.

جۆن كێربی  وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پێی وایە گفتوگۆی وەزیرانی دەرەوەی روسیا و توركیاو ئێران پشتگوێ‌ خستنی رۆڵی وڵاتەكەی نیەو دەڵێت، وڵاتەكەی ئەو گفتوگۆیانە وەك هەوڵێكی بەكۆمەڵ دەزانێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی ئاشتیانە لە سوریا و پێشوازیش لە هەر بەرەو پێشچونێك لەوبارەیەوە دەكات،

ئاماژەی بەوەشكردوە،ئەوان نابنە ئاستەنگ لەبەردەم هەر هەولێك  بۆ ئگەیشتن بە دەرئەنجامێكی نوێ‌ جا ئیتر ئەو هەوڵانە بە ئەنقەست یاخود بەهۆی لێكتێنەگەیشتنەوە واشنتۆن بەشداری نەكردبێت،  جەختیشی كردۆتەوە، ئەو چارەسەرانەی لە بەیاننامەی كۆتایی كۆبونەوەكە خراونەتەروو هاوشێوەی ئەو چارەسەرانەن كە واشنتۆن پێشكەشی كردون.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا راشیگەیاندوە، بەشدارینەكردنیان لە گفتوگۆكانی مۆسكۆ بەواتای ناكارایی و بێتوانایی نایەت ، بەڵكو بەشێكە لە هەوڵێكی فراوانتر و ئەوان تا ئێستاش لەناو پرۆسەكەدان و هەوڵ دەدەن بگەنە ئەنجامێكی باش.

هەروەها رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ  رایەكی تر هەیە لەوبارەیەوەو ئاماژەی بە رۆڵی پێشەنگی روسیا لە ململانێكان و گەڕانەوەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست كردوەو رایگەیاندوە، ئەو بەرەو پێشچونانە وایان كردوە مۆسكۆ  ببێتە یاریزانێك كە دەستبەردابونی ئەستەم بێت.

لەگەڵ ئەوەشدا رۆژنامەكە پێی وایە رێبەرایەتی روسیا دیوێكی تری هەیەو بەوەرگرتنی شوێنی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، هەمان ئەزمونی ئەمریكا وەك دەوڵەتێكی ئیمپرالی  نەیاری ئیسلام و موسوڵمانان پەیڕەو دەكات ، ئەوەش لە بیرو هۆشكی دانیشتوانەكەیدا چەسپاوە و كوشتنی بالیۆزی روسیاش جەخت لەو كارە دەكاتەوە.

لەبەرامبەردا بەشێك لە شیكەرەوان هۆشداری دەدەن لە پەلەكردن لە خستنەرووی دەرئەنجامەكانی وێنەی روسیا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست ، نیكۆلای كۆجانۆڤ  شارەزا لەبەرنامەی  " چاتام هاوس" روسی- ئۆراسی،  تێگەیشتن لەوەی پەیوەستە بە سونەوە ئاسان نیە و رۆژهەڵاتی ناوەراست تەنها بەسەر شیعەو سونەدا دابەشنابێت ، دروستیش نیە بوترێت روسیا دژی سونەیە ، لەبەرئەوەی سونە لە پاڵ شیعەو  پێكهاتەكانی تر لە پاڵ  حكومەتی سوریادا دەجەنگن ، ئەوەش قسەی لەسەر دەكرێت هەڵوێستی  چەند وڵات و گروپێكی دیاری كراوە.

دەشڵێت، وێنەی روسیا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست گۆڕانكاری زۆری بەسەردا هاتوە ، هەرچەندە بەبەردەوامی ئەرێنی نەبوە، بەڵام  پیشاندانی هێزو توانایی خۆی لە دانانی هێڵی سور و پێداگری لەسەری ، وایكردوە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست هەستێك دروست ببێت كە  روسیا كارەكتەرێكە لەناوچەكەداو پێویستە لەبەرچاو بگیرێت.

جەختیش دەكاتەوە، روسیا ناتوانێت  ئەمریكا لەناوچەكەدا دووربخاتەوە  لەبەرئەوەی خاوەنی توانای ئابوری و سیاسی نیە بۆ ئەو كارە، بەڵام سەركەوتنەكانی روسیا  لەناوچەكەدا دەرئەنجامی دوورخستنەوەی واشنتۆن نیە بەڵكو  لەبەرئەوەیە كە توانیویەتی  ئەو هەڵانە بقۆزێتەوە كە ئەمریكا لە سیاسەتەكانیدا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست ئەنجامی داون.

لای خۆشیەوە ئەكسەندەر ئیگناتینكۆ سەرۆكی پەیمانگای دین و سیاسەت بۆچونێكی تری لەسەر بابەتە هەیەو پێی وایە  گفتوگۆ سێ‌ قۆڵییەكانی روسیا و توركیاو ئێران ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی كە روسیا دەستیكردوە بە گێڕانی رۆڵی رابەرایەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست ، هەرچەندە روسیا و توركیا نیەتی هاوپەیمانیان لاوازە بەڵام توانیان بگەنە دارشتنێكی هاوبەش  بۆ چارەسەركردنی كێشەی حەلەب، كەلەوایە ببێتە دارشتنێك بۆ چارەسەری قەیرانی سوریا.


ر ـــ ح