ئەو زانیارییانەی‌ میدیایان بەهەڵەدا برد
نە میسی‌ لەدهۆك بوو نە نەوشیروان مستەفا لەنەخۆشخانە

کوردستان

29/12/2016‌ 9396 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
میدیای‌ كوردی‌ بەهۆی‌ ئەوەی‌ لەزۆر رووداودا بێلێكۆڵینەوە شوێن تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كەوت، لەمساڵدا چەندین هەواڵی‌ بەسەردا تێپەڕی،‌ كە هیچ بنەمایەكی‌ راستیان نەبوو.

لەماوەی‌ دوانزە مانگی‌ رابردوودا چەندین هەواڵی‌ گرنگ هەبوون كە لەناو میدیای‌ كوردیدا دەنگدانەوەیەكی‌ زۆریان هەبوو، بەڵام دواتر دەركەوت كە هیچ یەكێك لەوانە راست نەبوون، كێشەكە ئەوە بوو كە رۆژنامەنووسان بەبێ‌ لەبەرچاوگرتنی‌ لێكۆڵینەوەو بنەماكانی‌ ساخكردنەوە ئەو هەواڵانەیان بڵاوكردبۆوە، تیمی‌ پەیامنێرانی‌ "نیقاش" گرنگترین ئەو هەواڵە ناڕاستانەی‌ كۆكردەوە كە لەساڵی‌ 2016 بەهەڵە لەرۆژنامەو تەلەفزیۆن‌و وێبسایتە كوردییەكان بڵاوكرابوونەوە، هەروەها بەدواداچوونی‌ زیاتریشی‌ بۆ كردن.

دەنگدانەوەی‌ وێنەكە لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەو دەمەدا هۆكاری‌ سەرەكی‌ ئەوە بوو كە هەرێمی‌ كوردستان لەناكۆكییەكی‌ قوڵی‌ سیاسیدا بوو (ئێستاش درێژەی‌ هەیە) نەیارەكانی‌ گۆڕان وێنەكەیان بەكاردەهێنا‌و لەسەری‌ دەیاننوسی‌ "نەوشیروان مستەفا خەڵكی‌ كوردستانی‌ بەو هەموو كێشەیەوە جێهێشتووەو لەگەورەترین نەخۆشخانەی‌ بەریتانیا بەپارەی‌ میللەت چارەسەر وەردەگرێت".

دواتر كۆمەڵێك چالاكوانی‌ سەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەواڵەكەیان راستكردەوەو بەشێك لەمیدیاكان داوای‌ لێبوردنیان كردو ئەوانی‌ تریش هەواڵەكەیان سڕییەوەو تەنیا بێدەنگیان هەڵبژارد.

تیمی‌ "نیقاش" بەدواداچوونی‌ زیاتر بۆ وێنەكە كردو دەریخست وێنە بنەڕەتییەكە هی‌ ناساندنی‌ نەخۆشخانەی‌ (Royal Marsden)-ە كە تایبەتە بەنەخۆشی‌ شێرپەنجە لەبەریتانیاو ئەو كەسەش كە وێنەی‌ نەوشیروان موستەفا خراوەتە جێگەی‌ كەسێكی‌ بیانییە.

بەشی‌ هەرە زۆری‌ میدیاكان كەوتنە هەڵەی‌ بڵاوكردنەوەی‌ وێنەكە لەنێویشیاندا گەورەترین میدیاكان لەنموونەی‌ (روداو) بەڵام هۆكاری‌ سەرەكی‌ وردنەبوونەوەو باوەڕكردن بەوێنەكە ئەوە بوو كە لەپەیجی‌ (عەلی‌ حەمە ساڵح) بەناوبانگترین پەرلەمانتاری‌ گۆڕان بۆ یەكەمجار بڵاوكرابۆوە، ئەو پەرلەمانتارە زۆرجاری‌ تر میدیاكان پشتیان بەزانیارییەكانی‌ بەستووەو زۆربەیان پێیان وایە زانیارییەكانی‌ راستن.

كەناڵی‌ روداو، كە وێنە نا راستەكەی‌ بڵاوكردەوە دواتر لەرونكردنەوەیەكدا  دەڵێت "عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان‌و هەڵسوڕاوی دیاری ئەو بزووتنەوەیە، لەپەیجی تایبەتی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك وێنەكەی بڵاوكردبووەوە، پۆرتاڵی رووداویش بەپشتبەستن بەو سەرچاوەیە وێنەكەی بڵاوكردەوە".

سەرچاوەیەكی‌ نزیك لەعەلی‌ حەمەساڵح بە"نیقاش"ی‌ راگەیاند پەرلەمانتارەكەی‌ گۆڕان ئەو وێنەیەی‌ لەئەكاونتی‌ فەیسبووكی‌ كوڕێكی‌ نەوشیروان مستەفاوە وەرگرتووە، نەیزانیوە چەند رۆژێك پێشتر ئەو ئەكاونتە هاككراوە.

بێتاوان كرا بەتاوانبار
یەكێك لەرووداوە ئەمنییە گرنگەكانی‌ ئەمساڵ كوشتنی‌ د.وشیار ئیسماعیل مامۆستای‌ ئاینی‌‌و بەرپرس لەیەكگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستان بوو لەشاری‌ هەولێر رۆژی‌ 22ی‌ تشرینی‌ دووەم، ئەم رووداوە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان‌و بەشێك لەمیدیا كوردیەكانی‌ بەدوای‌ خۆیدا پەلكێش كرد بۆ بڵاوكردنەوەی‌ وێنەكەی‌ كەسانێك كە دەركەوت پەیوەندیان بەڕووداوەكەوە نییە.

لە 27 تشرینی دووەمی 2016 دا ئاسایشی گشتی هەولێر ڕایگەیاند دوو كەس بە تۆمەتی "تیرۆركردنی" ئەو مامۆستا ئاینیە دەستگیركراوە، یەكێك لەتۆمەتبارەكان ناوی‌ (س.س)ە، بەشێك لەمیدیاكان لەهەولێر كەوتبوونە سۆراخی‌ دۆزینەوەی‌ ئەو كەسە لەو ناوچەیەی‌ تیایدا دەژی‌‌و لەفەیسبووكەكەی‌ وێنەیەكیان دەرهێنابوو لەرۆژی‌ 28ی‌ تشرینی‌ دووەم بڵاویانكردەوە، بەڵام دواتر دەركەوت ئەوە وێنەی‌ برا دوانەكەیەتی‌ (ش.س) نەك وێنەی‌ تۆمەتبارەكە.

لەپاش ئەوەی‌  زۆربەی‌ میدیاكان‌و تۆڕەكانی‌ كۆمەڵایەتی‌ وێنەی‌ (ش.س)یان بڵاو كردەوە ناوبراو بەرونكردنەوەیەك وردەكاری‌ وێنەكەی‌ بۆ میدیاكان راست كردەوە.

(ش. س) لەو رونكردنەوەیەدا كە لەئەكاونتی‌ تایبەتی‌ خۆی‌ لەتۆڕی‌ كۆمەڵایەتی‌ فەیسبووك بڵاویكردەوە دەڵێت "ئەو تاوانەی ئەنجام دراوە هیچ پەیوەندی بەمنەوە نییە پەیج‌و سایتە سێبەرەكان ئەو بوختانەیان بۆ كردووم‌و منیش بەپێی توانا داوای یاساییان لەسەر تۆمار دەكەم ئەگەر داوای لێبوردن نەكەن، دوور یان نزیك من یەكجار مامۆستا وشیارم لەتیڤی بینیوە هەر نایناسم".

لەپاش بڵاوكردنەوەی‌ ئەو رونكردنەوەیە میدیا ئەلەكترۆنیەكان لینكی‌ هەواڵی‌ بڵاوكردنەوەی‌ وێنەكەیان سڕیەوەو بەشێكیشیان داوای‌ لێبوردنیان كرد.

پەلەكردنی‌ میدیاكان بۆ بڵاوكردنەوەی‌ وێنەی‌ تۆمەتبارانی‌ ئەو روداوی‌ كوشتنە وای‌ لێكردن لەوردبینیكردنی‌ زانیاریەكان دوور بكەونەوە كە كێشەی‌ بۆ برای‌ تۆمەتبارەكە دروستكرد.

ئەو كەسەی‌ بەتۆمەتباری‌ رووداوەكە ناسێنرابوو لای‌ میدیاكان لەفەیسبووكەكەی‌ خۆی‌ نوسیوێتی‌ "خۆزگە بمردبامایە ئەم رۆژەم نەبینی بایە. تاوانبار بكرێیت بەتاوانێكی گەورە، بەڵام تۆ نەتكردبێت، هەزاران خەڵك چۆن تی بگەێنم كە من نیم، (۱۲۳۰) نامەی هەڕەشەم بۆ هاتووە ئەڵێن تۆڵەت لێ ئەكەینەوە".

بووە بەباو لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا هەر كاتێك هێزە ئەمنییەكان ناوی‌ كەسێك وەك تۆمەتبار بڵاودەكەنەوە، خەڵكی‌ دەچن لەئەكاونتەكانی‌ فەیسبووك بەدوای‌ ئەو ناوەدا دەگەڕێن‌و وێنەو زانیاری‌ لەسەر بڵاودەكەنەوە، زۆرجار ئەو زانیارییانە راست نین، بەڵام كێشە گەورەكە ئەوەیە كە بەبێ‌ ساخكردنەوە میدیاكان دوای‌ ئەو زانیارییانە دەكەون‌و دووبارە بڵاویدەكەنەوە.

" میسی بچوك" لەدهۆك نەبوو
لەسەرەتای‌ ئەمساڵدا وێنەی‌ منداڵێك  بڵاوكرایەوە كە درێسێكی‌ بەنایلۆن دروستكراوی‌ لەبەردا بوو كە ناوی‌ لیۆنێل میسی ئەستێرەی‌ ناوداری‌ جیهانی‌‌و یانەی‌ بەرشەلۆنەی‌ ئیسپانی‌ لەسەر نوسرابوو، هەر زوو لەتۆڕەكانی‌ كۆمەڵایەتیەكانەوە وێنەكە گەیشتە میدیاكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان بەشێوەیەك ناسنامەی‌ ئەو منداڵەیان وا بڵاوكردەوە كە دانیشتوی‌ شاری‌ دهۆكی‌ هەرێمە.

یەكێك لەكەناڵە بەناوبانگەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان كە كەناڵی‌ تەلەفزیۆنی‌ كوردستان 24ە راپۆرتێكی‌ لەسەر منداڵێك بڵاوكردەوە كە  گوایە خاوەنی‌ ئەو وێنەیە ناوی‌ هومەن عەلی ئەحمەدەو تەمەنی‌ (10) ساڵەو لەگوندێكی‌ سەر بەپارێزگای‌ دهۆك دەژی، بەڵام زۆری‌ نەبرد دەركەوت منداڵە راستەقینەكە ئەفغانییە.


ئەو كەناڵە لەژێر ڤیدیۆكەیدا نوسیبووی‌ "كوردستان 24 توانی‌ میسی‌ كوردی‌ بدۆزێتەوە"‌و گوایە دووساڵ لەوەوبەر ئەو وێنەیەی‌ گرتووە.

خاوەنی‌ راستەقینەی‌ ئەو وێنەیە ناوی‌ مورتەزا ئەحمەدیەو  تەمەنی‌ 5ساڵانە، بەپێی‌ تەمەن‌و باڵا ئەو منداڵەی‌ شاری‌ دهۆك لەروخسارو باڵادا زۆر لەو منداڵە گەروەتربوو كە لەوێنەكە دەركەوتبوو، هەروەها لەبانگراوندی‌ وێنەكە واتە لەئەو شوێنەی‌ كە وێنەكە تێدا گیرابوو لەكوردستان نەدەچوو.

لەرێگەی‌ گەڕانەوە دەركەوت ئەو وێنەیە لەساڵی‌ 2016دا بڵاوكراتەوە نەك دووساڵ لەمەوبەر وەك كەناڵی‌ كوردستان  24 لەراپۆرتەكەیدا باسی لێوە كردووە كە وێنەكە هی‌ دووساڵ لەمەوبەرە، نەك هەر ئەو كەناڵە، بەڵكو بەشی‌ هەرە زۆری‌ میدیای‌ كوردی كەوتنە هەڵەوەو هەمان زانیارییان بڵاوكردەوە.

یەكەم وێنەی‌ مورتەزا لەرۆژی‌ 10ی‌ كانوونی‌ دووەمی‌ 2016 بڵاوكراوەتەوە لەلایەن برایەكیەوە بەناوی‌ (هۆمایۆن)، ئەو لەئەكاونتەكەی‌ خۆی‌ لەفەیسبووك وێنەكەی‌ داناوەو نوسیوێتی‌ كە خۆی‌ وێنەكەی‌ گرتووە.

تیمی‌ "نیقاش" لەرێی‌ كەرەستەكانی‌ ساخكردنەوەوە وردەكاری‌ زیاتری‌ بۆ وێنەكان كردو دەركەوت ئەو منداڵەی‌ لەپارێزگای‌ دهۆك پیشاندراوە پێشتر هیچ وێنەیەكی‌ بەدرێسی‌ میسییەوە نەبووە.

هاوكات كەناڵی‌ بی‌ بی‌ سی‌ لە26ی‌ كانوونی‌ دووەمی‌ ئەمساڵ‌ هەواڵە راستەقینەكەی‌ بۆ میدیا كوردییەكان ساخكردەوە، ئەو هەواڵەی‌ بۆ ماوەیەكی‌ زۆر بووبووە گرنگترین رووداو بەلای‌ خەڵكییەوە.

مانگی‌ رابردوو  مورتەزا بەشداری‌ كرد لەیاریەكی‌ دۆستانەی‌ یانەی‌ بەرشەلۆنە‌و یانەی‌ ئەهلی لەوڵاتی‌ قەتەرو لەوێ لەگەڵ میسی‌ دەركەوت.


هەڕەشەكی‌ گەرمكراوەی‌ دووساڵ پێشتر
مانگی‌ حوزەیرانی‌ ئەمساڵ، لەسەروبەندی‌ دووساڵەی‌ هێرشی‌ چەكدارانی‌ داعش بۆ عێراق‌و كۆنتڕۆڵكردنی‌ موسڵ، گرتەیەكی‌ ڤیدیۆیی (رافیع رفاعی‌) موفتی‌ دیاری‌ سووننەكانی‌ عێراق لەبەشێكی‌ زۆر لەمیدیا كوردی‌‌و عێراقییەكان بڵاوبووەوە كە تیایدا گوایە كۆنتڕۆڵكردنی‌ موسڵ لەلایەن چەكدارانی‌ داعشەوە بە"شۆرش" ناودەبات‌و ئاماژە بەوەشدەكات كەئەو هەنگاوە كاردانەوە بووە دژ بەلێدانی‌ دانیشتوانی‌ شارەكە لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە.

ئەو لێدوانانەی‌ رافع رفاعی بەپاڵپشتی‌ چەكدارانی‌ داعش هەژمار كراو لەلایەن زۆرێك لەمیدیاكانی‌  هەرێمی‌ كوردستانەوە بڵاوكرایەوەو كاردانەوەی‌ گەورەی‌ لێكەوتەوە، تا ئەو رادەیەی‌ خەریكبوو خۆپیشاندانی‌ جەماوەری‌ رووبدات بەو پێیەی‌ "رفاعی‌ لەهەولێرەوە پشتگیری‌ داعشی‌ كردووە".

دواتر دەركەوت، كە ئەو لێدوانەی‌ بۆ كەناڵی‌ (ئەلعەرەبییە حەدەس) بەر لەدووساڵ‌و لەساڵی‌ 2014دا بووە كە تازە چەند رۆژێك بووە داعش هێرشی‌ كردووەتە سەر موسڵ‌و بەدیاریكراوی‌ دەگەڕێتەوە بۆ 16ی‌ حوزەیرانی‌ 2014.


"باوەڕ بەراستگۆترین شایەتحاڵیش مەكە"
یەكێك لەگرنگترین بنەماكانی‌ لێكۆڵینەوە لەراست‌و دروستی‌ وێنەو زانیاریەك، گومانبردنە، لەم چوارچێوەیەشدا ئەو رێسا بەناوبانگە دێتە ئاراوە كە دەڵێت "باوەڕ بەراستگۆترین شایەتحاڵیش مەكە" بەو مانایەی‌ هەمیشە بوارێك بۆ گومان بهێڵدرێتەوە‌و هەوڵی‌ ساخكردنەوەی‌ زانیارییەكان بدرێت.

شارەزایانی‌ بواری‌ میدیا پێیان وایە ئەگەر رۆژنامەنووسان بڕێك زیاتر خۆیان ماندوو بكەن‌و پەلەی‌ سەبقیان نەبێت‌و گومان بەزانیارییەكان ببەن، ئەوا زۆر پارێزراو دەبن لەرووی‌ هەڵەكردنەوە.

 د. ئیبراهیم سەعید پسپۆڕی‌ میدیایی‌‌و مامۆستای‌ كۆلێژی‌ راگەیاندنی‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌ بەهەڵەداچونی‌ میداكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان لەبڵاوكردنەوەی‌ وێنەو ڤیدیۆی‌ ناڕاست دەبەستێتەوە بەبێ ئاگایی‌ رۆژنامەنوس لەئیتیكی‌ كاری‌ رۆژنامەوانی‌‌و بەكارنەهێنانی‌ ئەو فلتەرە بۆ هەڵسەنگاندنی‌ بابەتەكان بەر لەبڵاوكردنەوەیان، ئەوە جگە لەوەی‌ پێی‌ وایە بەشێكی‌ پەیوەستە بەكاریگەری‌  ئایدلۆژیا لەسەر رۆژنامەنوسەكە، چونكە سەرەڕای‌ ئەوەی‌ دەزانێت ئەو وێنەیە ناڕاستە، بەڵام بڵاویدەكاتەوە بەو پێیەی‌ لەبەرژەوەندی‌ تێروانینەكەیەتی‌.

د. ئیبراهیم سەعید بە"نیقاش"ی‌ وت "رۆژنامەنوس لەمامەڵەكردن لەگەڵ ئەو پرسەدا لەهەرێمی‌ كوردستان دەكەوێتە بەرداشی‌ نێوان سەبق‌و پرۆفیشناڵبون كە زۆرجار یەكەمیان هەڵدەبژیرێت ئەوە نەك كێشە بۆ میدیاكەی‌ دروست دەكات، بەڵكو هەندێكجار كێشە بۆ كۆمەڵگاو كەسەكانیش دروست دەكات كە پەیوەنیدارن بەو وێنەو ڤیدیۆیانەی‌ بڵاوكراوەتەوە".

باشییەكەی‌ ئەوەیە لەدوای‌ ئەو چەند نموونە زەقەوە، كە میدیاكانی‌ خستە هەڵەی‌ گەورەوە، ئێستا میدیا كوردییەكان وردتر لەزانیارییەكان دەكۆڵنەوە، هەرچەندە ئەمە مانای‌ ئەوە نییە، كە رووداوی‌ لەو شێوەیە دووبارە نەبووەتەوە، بەڵام دەنگدانەوەی‌ كەمتری‌ هەڵگرتووەو زوو ساخكراونەتەوە، هەرچی‌ ئەم چەند نموونەیەیە لەكوردستاندا زۆرترین دەنگدانەوەیان هەبووە.

ئەم راپۆرتە ئامادەكراوە لەلایەن پەیامنێرانی‌ نیقاش: هەستیار قادر 
هونەر حەمەڕەشید 
شاڵاو محەمەد 
سەلام هانەدنی‌ 
لەهەولێرو سلێمانی‌‌و كەركوك‌و هەڵەبجە.