یەكێتی هیواخوازە لەساڵی نوێدا كێشە سیاسیەكان چارەسەربكرێن‌

کوردستان

31/12/2016‌ 670 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێوە پەیامێك بڵاودەكاتەوەو هیواخوازە بەگفتوگۆی بەرپرسیارانەی نیشتمانی، كێشە سیاسیەكان چارەسەربكرێن‌و پرۆسەی سیاسی لەكوردستاندا بكەوێتەسەر رێرەوی ئاسایی.

راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەمرۆ شەممە 31/12/2016  راگەیەنراوێكی  بڵاوكردەوەو  جگەلە پیرۆزبایی هاتنی ساڵی نوێی 2017  هیوای خواستوە"سەرەتای قۆناغێكی نوێ‌ ژیانی سیاسی‌و دیموكراسی بێت لەكوردستان. هێزو لایەنە سیاسیە كوردستانیەكان یەكێتی ریزەكانیان پتەوبكەن‌و بەگفتوگۆی بەرپرسیارانەی نیشتمانی، كێشە سیاسیەكان چارەسەربكرێن‌و پرۆسەی سیاسی لەكوردستاندا بكەوێتەسەر رێرەوی ئاسایی، باشكردنی  گوزەرانی هاووڵاتیان‌و چارەسەركردنی گرفتە داراییەكان ببێتە خەمی سەرەكی هەموو لایەك.


ئەمەش دەقی راگەیەنراوەكەی راگەیاندنی مەكتەبی یاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە:

بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێ‌ 2017، پیرۆزبایی لە گەلی كوردستان دەكەین لەهەموو بەشەكانی كوردستان‌و لەهەر شوێنێكی جیهاندان. هیوای ساڵێكی بەختەوەری‌و ئاسوودەییان بۆ دەخوازین.

 بەسڵاوێكی گەرمیشەوە، پیرۆزبایی دەنێرین بۆ كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان‌و هێزی پێشمەرگەی كوردستان، كە سێ‌ ساڵە، هاتنی ساڵی نوێ‌ لە بەرەكانی شەڕەدا بەرێدەكەن. دڵنیاین ساڵی نوێ‌، ساڵی ڕاماڵینی تیرۆریستانی داعش دەبێت،  پێشمەرگە‌و هێزە تێكۆشەرەكانی تری ناو سەنگەری تێكشكاندنی تیرۆر تاجی سەركەوتنی یەكجارەكی لەسەردەنێن. ئومێدەوارین ناوچە زیانلێكەوتووەكانی شەڕ ئاوەدان بكرێنەوەو ئاوارەكانیش بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. 

  ئومێدەوارین ساڵی نوێ‌، سەرەتای قۆناغێكی نوێ‌ ژیانی سیاسی‌و دیموكراسی بێت لەكوردستان. هێزو لایەنە سیاسیە كوردستانیەكان یەكێتی ریزەكانیان پتەوبكەن‌و بەگفتوگۆی بەرپرسیارانەی نیشتمانی، كێشە سیاسیەكان چارەسەربكرێن‌و پرۆسەی سیاسی لەكوردستاندا بكەوێتەسەر رێرەوی ئاسایی، باشكردنی  گوزەرانی هاووڵاتیان‌و چارەسەركردنی گرفتە داراییەكان ببێتە خەمی سەرەكی هەموو لایەك. 

جارێكی تر ساڵی نوێ‌ پیرۆزبێت‌و ئومێدی بەختەوەری بۆ گەلی كوردستان دەخوازین. 

راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
31/12/2016

 

ر ـــ ح