قەیرانی دارایی هەرێم لاسەنگی ژمارەی دانیشتوانی كورد‌و عەرەب تێكدەدات

عیراق

04/01/2017‌ 1541 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: هێمن حەسەن
قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان رێژەی لەدایكبوونی بەشێوەیەكی بەرچاو كەمكردوەتەوەو هاوكات پرۆسەی هاوسەرگیریشی سنوردار كردوە، ئەمەش وایكردوە كە لەداهاتوودا مەترسیلاسەنگی ژمارەی دانیشتوان لەنێوان كورد‌و عەرەب لە عێراقدا دروست بكات.


لەئێستادا ژمارەی دانیشتوان لە ناوەڕاست‌و باشوری عێراق بەشێوەیەكی خێرا گەشە دەكات، هەرچەندە ئەم گەشەكردنە هیچ بڕیارێكی حكومەتی یان سیاسی لەپشتەوە نییە، بەڵام بەشێكی سەرەكی ئەو گەشەكردنە پەیوەندی بەئاستی بیركردنەوەی خێزان‌وخێڵیناوچەكانی عێراقەوە هەیە كە زۆری مناڵیان بەستووەتەوە بە پلەبەندی كۆمەڵایەتی.


ژمارەی دانیشتوانی عێراق‌و هەرێم
لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە ژیان‌و گوزەرانیخەڵكی هەرێمی كوردستان گۆڕانكاری بەخۆیەوە بینی، پڕۆسەی هاوسەرگیری زیادی كردو ریژەی لەدایكبوون زیادی كرد كە، بەڵام ئامارەكانی لەدایكبوون لە ساڵی 2016 دا لە هەرێم دڵخۆشكەر نیین.


بەپێی دواین ئاماری پێشبینیكراوی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2016دا دانیشتوانی هەرێمی كوردستان نزیكەی 5ملیۆن و 600 هەزار  كەس‌ دەبن، بە ئاوارە و پەنابەرەكانیشەوە ژمارەكە دەگاتە 7 ملیۆن كەس.

هەرچەندە بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی ژمارەی لەدایكبوون لەسنوری پارێزگای سلێمانی بەرێژەیەكی كەمە زیادی كردوە بەجۆرێك لەساڵی 2014 دا 58 هەزارو 787مناڵ بووەو لە ساڵی 2015 ژمارەی منداڵانی لەدایكبوو 59 هەزارو 378 كەسبووە، بەڵام بەوتەی بەرپرسانی ئەو بەڕێوەبەرایەتیە بەبەراورد بەو رێژە هاوسەرگیرییەی لەو دوو ساڵەدا كراوە زۆر كەمە.


یەكێك لە هۆكارەكانی كەمی لەدایكبوون بەبەراورد بەو ژمارە زۆرەی هاوسەرگیری لە ساڵەكانی پێش 2014 روویداوە، هاوكات رێژەی جیابوونەوەی هاوسەرگیری زۆر زیادی كردوەو لەساڵی 2015 زیاتر لە 920 حاڵەتی جیابووونەوە روویداوەو لە 10 مانگی یەكەمی ساڵی 2016 شدا نزیكەی هەزارو 59 حاڵەت هەبووە، ئەوەش كاریگەری لەسەر رێژەی زیادبوونی مناڵكردوە لە هەرێمدا.

هەروەها ژمارەی لەدایكبوون لە سنوری پارێزگای هەولێریش بەبەراورد بەرێژەی هاوسەرگیری لەو دوو ساڵەدا كەمە ئەمەش بەوتەی بەڕِێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، لەساڵی 2014دا ژمارەی لەدایكبوون لەو پارێزگایە 44 هەزارو 554 كەس بووەو لە ساڵی 2015 شدا ژمارەی مناڵبوون 45 هەزارو 650 بووەو لە ساڵی 2016ش 21 هەزار منداڵ بووە.


میران محەمەد بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە كۆتایی مانگی 12ی رابردوو ئاشكرای كرد كە لە ساڵی 2016 دا 25 هەزار منداڵ لەدایك بووە بە ئاوارەكانیشەوە، ئەوەش دەریدەخات ئەو ژمارەیە بە بەراورد بە 2015 دوو ئەوەندە كەمیكردوە.

بەپێی ئامارێكی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2013 كە پێش قەیرانی دارایی بوو ژمارەی لەدایكبوون لەهەرێمی كوردستان 143 هەزارو 580 كەس بووە، واتە ئاستی لەدایكبوون لەهەرێمی كوردستان لەو ساڵەدا لەنێوان 3% دابووە، بەڵام لە ساڵی 2014 وە تا ساڵی 2016 ئەو رێژەیە دابەزیوە بۆ لە 2,6% بۆ 2%.

بەپێی ئامارێكی وەزارەتی پلاندانانی عێراقیش رێژەی لەدایكبوون لە ساڵی 2013 لەنێوان 3% بۆ 4% بووە، بەڵام لە ساڵی 2016 دا رێژەی لەدایك بوون لەنێوان 4% بۆ لە5,20% بووە.


پرسی ژمارەی دانیشتووانی عێراق یەكێكە لەو پرسانەی بە درێژایی زیاتر لە 30 ساڵە بەهۆی هۆكاری سیاسی و دارایی و ئابووری بە هەڵواسراوی ماوەتەوە، لە كاتێكدا نە هەرێمی كوردستان و نە حكومەتی عێراق دان بە ئامارەكانی یەكدیدا نانێن لەبارەی ژمارەی دانیشتووانەوە.

بەپێی تازەترین پێشبینی حكومەتی عێراق بۆ ژمارەی دانیشتووانی عێراق بۆ كۆتایی ساڵی 2014 پێشبینی دەكرێت ژمارەی دانیشتووانبگاتە 36 ملیۆن و 50 هەزار و 552 كەس، هاوكاتژمارەی دانیشتووانی هەرێمیشی بە 5 ملیۆن و 10 هەزار و 78 كەس پێشبینی كردوە كە نزیكەی 13,7%ی هەموو دانیشتووانی عێراق دەكات.

بەپێی ئامارێكی دەستەی گشتی ئاماری هەرێمی كوردستانیش لەساڵی 2014دا ژمارەی دانیشتووانی هەرێم 5 ملیۆن و 600 هەزار كەسە، بەپێی پێشبینیەكانی دەستەی ئاماری هەرێمیش لە ساڵی 2016 دا ژمارەی دانیشتوانی هەرێم بۆ زیاتر 6 میلۆن بەرزبووەتەوە.

كاریگەری قەیرانی دارایی لەسەر دانیشتوان
لەدوای ساڵی 2014 وە قەیرانی دارایی رووی لەهەرێمی كوردستان بەجۆرێك زۆربەی جوڵە ژیارییەكانی لەهەرێمدا وەستاند، ئەم قەیرانەش زۆرترین كاریگەری لەسەر پرۆسەی هاوسەرگیری دروستكردو ژمارەی لەدایكبوونیش بەشێوەیەكی بەرچاو كەمی كرد.

یەكێك لەو كێشانە ئەوەیە كە كۆمەڵگەی كوردی لە20 ساڵی داهاتوو دەبێتە كۆمەڵگەیەكی پیرو نەوەی نوێ كەمترین پێكهاتەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان دەبێت، ئەوەش مانای كەمبوونەوەی هێزی داهێنان‌ونوێ بوونەوە دەبێت واتە دەبێتە كۆمەڵگەیەكی هیلاك‌و بەساڵاچوو.

یەكێكی تر لەگەورەترین كێشەكان كە بۆ ئایندەی هەرێمی كوردستان دروست دەبێت كەمی ژمارەیی دانیشتوانە بە بەراورد بەناوچەكانی تری عێراق، رێژەی لەدایك بونیش ئەو راستەییە دەسەلمێنێت، لەكاتێكدا بۆ هەموو حیسابێكی دارایی‌و ئابوری یان هەر بەركەوتیەكی تری هەرێم لەلایەن بەغداوە بەپێی ژمارەیی دانیشتوان مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.

 نەبوونی ئامارێكی ورد و دروست لەبارەی ژمارەی دانیشتووانەوە دەیان گرفتی بەدوای خۆیدا هێناوە چ لە پرۆسەی هەڵبژاردن، یان لە پرسی دیاریكردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی فیدراڵی ساڵانەی عێراق یان لە بوارەكانی تەندروستی و فێركردن و پلاندانان كە راستەوخۆ پێویستیان بە ئاماری دانیشتووانەوە هەیە.

 سیروان محەممەد ئەمین، بەڕێوەبەری دەستەی گشتی ئاماری هەرێمی كوردستان بە شارپرێسی راگەیاند"بەهۆی گوزەران‌و ئاستی رۆشنبیری خێزانی كورد رێژەی لەدایك بوون كەمترە بەراورد بەناوچەكانی تری عێراق، بەلام هێشتا قەبارەی خێزان لەهەرێم قەبارەیەكی گەورەیە بەبەراردو بەولاتانی ناوچەكە، بەلام ریژەی لەدایك بوون دابەزیوە"

بەڕێوەبەری دەستەی ئاماری هەرێم رونیكردەوە كە هەرچەندە رێژەی لەدایكبوون كەمیكردوە لە دوو ساڵی رابردوو، بەڵام بەوتەی ئەو كاریگەرییەكانی قەیرانی دارایی لەسەر ژمارەی دانیشتووان لەچەند ساڵی داهاتوودا دەركەوێت.


بەبڕوای سیروان محەمەد لەئێستا كەمی رێژەی لەدایك بوون كاریگەریەكی ئەوتۆی نابێت لەسەر بەركەوتەكانی هەرێم، چونكە بەوتەی ئەو بەركەوتەكانی هەرێمی كوردستان لەبەغدا بەخەمڵاندنە، بەڵام پێی وایە بۆ داهاتوو كاریگەری دەبێت.

 ئەگەر ئەم زیادبوونە هێواشەی دانیشتوانی هەرێم بەو ئاستە بەردەوام بێت دانیشتوانی هەرێم لەماوەی 20 ساڵی تردادەبێتە دانیشتوانێكی بەتەمەن‌و نەوەی نوێ  پێكهاتێكی كەم دەبێت، ئەوەش لاسەنگی نفوسی لەنێوان كورد‌و عەرەب لە عێراق زیاتر دەبێت.

ساڵح حسێن هەڵگری ماستەر لەبواری ئامارو زانیاری پێی وایە كە ئەو زیادبونە هێواشەی لەرێژەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستاندا هەیە بۆ ئایندە كاریگەری نەتەوەیی دەبێت، چونكە بەبڕوای ئەو لەساڵانی داهاتوودا زۆر مەلەسە لەعێراقدا لەسەر بنەمای دانیشتوان دیاری دەكرێت.


ساڵح حسێن بە شارپرێسی وت" كەمی رێژەی لەدایك بون پەیوەندا راستەوخۆی بەگوزەران‌وئاستی رۆشنبیری خێزانی كوردەوە هەیە، كە ئەمرۆ لەهەرێمی كوردستان خێزانەكان نایەنەوێت لەدوو منداڵ یان زیاتریان هەبێت، بەڵام بۆ ئێستا ئەم بیرۆكەیە باش نییە زیانی دەبێت"


بەبڕوای ئەو شارەزایەی بواری ئامارو زانیاری ژمارەی دانیشتوانی عەرەب نشین لەعێراقدا بەرێژەیەكی بەرچاو زیاد دەكات و كوردەكانیش لەزیادبوونێكی هێواشدایە بەوتەی خۆیئەوەش كاریگەری لەسەر سەرچاوەی هێز و هاوسەنگی سیاسی لەنێوان كورد‌و عەرەب دروست كردوە.


مەترسی كەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتوانی كورد‌و دروستبوونی ئەو لاسەنگییە تەنیا لەو بەركەوتانەدا نییە، بەڵكو چەندین مەترسی لەبەردەم كوردن كە هاوشێوەی داعش پێویسیان بە هێزو قوربانیدانە، بۆیە لەمبارەیەوە توانای كورد كەم دەكاتەوە.


یەكێك لەهۆكارەكانی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی عێراق یاسای باری كەسیەتیە كە پیاوی ئازاد كردوە لەژنێك زیاتر بهێنێت، بۆیە پیاوەكانی عێراق بەپشت بەستن بەو یاسا‌وتێكستە دینی‌و دابونەریتە كۆمەڵایەتیەكیانهاوسەرگیری لەگەڵ زیاتر لە ژنێك دەكەن، ئەوەش هۆكارێكی سەرەكییە بۆ زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی عێراق.

هەرچی پەیوەندی بە هەرێمیشەوەیە هەرچەندە رێژەی هاوسەرگێری بەشێوەیەكی بەرچاوو رووی لەزیاد بوون كرد، بەڵام لەدوای ساڵی 2005وە جۆرێك لەبیركردنەوە لای خێزانی كوردی دروست بووە كە منداڵ بوون سنوردار بكەن‌و كەمترین منداڵ بخەنەوە.