ساڵی‌ ناڕەحەتی‌ تێپەڕی‌
ساڵی‌ 2017 چی‌ پێیە بۆ خەڵكی كوردستان؟

کوردستان

05/01/2017‌ 1176 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
بەزۆربەی‌ پێوەرەكان ساڵی‌ 2016 یەكێك بوو لەساڵە پڕ لەدەردەسەرییەكان بۆ خەڵكی‌ هەرێمی‌ كوردستان، ئاخۆ 2017 چی‌ لەچارەنووسی‌ ئەم هەرێمە نووسیبێت؟

رێكەوتنی‌ نێوان یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان‌و بزوتنەوەی‌ گۆڕان‌و دەستپێشخەری‌ مەسعود بارزانی‌ بۆ چارەسەری‌ كێشە سیاسیەكان‌و پرۆتۆكۆڵی‌ یارمەتی‌ ئەمەریكا بۆ هاوكاری‌ پێشمەرگە، دیارترین ئەو روداوە سیاسیی‌‌و ئەمنیانە بوون كە لە 2016  لەهەرێمی‌ كوردستان رویاندا.

ساڵی‌ 2016، كە لەكۆتاییەكەیدا زۆربەی‌ خەڵكی‌ كوردستان بە"ساڵی‌ قەیران" ناویانبرد، تیایدا قەیرانی‌ دارایی‌  حكومەتی‌ ناچار كرد دەست بۆ كەمكردنەوەی‌ موچەی‌ موچەخۆران بەرێت وەك دیارترین هەنگاوی‌ ئابوری‌ كە رەنگە دەرهاویشتەكانی‌ بۆ ساڵی‌ 2017 بەردەوام بێت. 

شەوی‌ سەری‌ ساڵ لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەردەكەوت خەڵكی‌ كوردستان دڵخۆشییەكی‌ زۆریان دەردەبڕی‌ بەوەی‌ ساڵی‌ 2016 تێدەپەڕێت، هەرچەندە هیچ بەرچاوڕونییەك نییەو ئاسۆی‌ چارەسەر دیارنییە، بەڵام زۆربەی‌ خەڵكی‌ هیوایان لەسەر ئەوە هەڵچنیوە 2017 بەخۆشی‌ بگوزەرێنن.

نیقاش بەشێوەیەكی‌ سەر بەرەوخوار لەكۆتا مانگەوە زۆربەی‌ رووداوە سیاسی‌‌و ئەمنی‌‌و ئابورییەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان ریز دەكات.

ساڵی‌ ئیسلامییەكان بوو
 كۆتا رۆژی‌ ساڵی‌ 2016 كۆبوونەوەی‌ لوتكەی‌ بەرپرسانی‌ یەكەمی‌ هەرسێ حیزبە ئیسلامییەكەی‌ هەرێمی‌ كوردستان (كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌، یەكگرتووی‌ ئیسلامی‌، بزوتنەوەی‌ ئیسلامی‌) ئەنجامدراو تیایدا بڕیاردرا كە دەستەیەكی‌ باڵای‌ كاری‌ هاوبەش پێكبهێنن بەمەبەستی‌ بەجێگەیاندنی‌ پرۆژەی‌ یەكخستن‌و یەكگرتنیان بەشێوەی‌ قۆناغبەندی‌ بەمەبەستی‌ دروستكردنی‌ بەرەی‌ ئیسلامی‌.

نهێنییە "تاڵەكە"ی‌ ویكیلیكس
رۆژی‌ 27ی‌ كانوونی‌ یەكەم میدیا كوردییەكان نامەیەكی‌ ئەلكترۆنی‌ ئاشتی‌ هەورامی‌ وەزیری‌ سامانە سروشتیەكانیان بڵاوكردەوە كە لەرێی‌ ویكیلیكسەوە دەستیان كەتبوو بۆ  وەزیری‌ وزەی‌ توركیای‌ ناردووەو تیایدا پێشنیاری‌ ئەوەی‌ كردووە پشكی‌ چەند كێڵگەیەكی‌ نەوتی‌ هەرێمی‌ كوردستان بكڕن لەبەرامبەر 5 ملیار دۆلاردا ئەوەش هەرایەكی‌ سیاسی‌ زۆری‌ لێكەوتەوەو بەدوایدا ئاشتی‌ هەورامی‌ هەمان رۆژ لەرونكردنەوەیەكدا وێرای‌ داندان بەو راستی‌ بەلگەنامەكەدا ئاماژەی‌ بەوەدا كە ئامانج لەو هەنگاوە بۆ سوككردنی‌ قەیرانی‌ دارایی‌و دانەوەی‌ قەرزەكانی‌ سەر حكومەت بووە.

ئۆپۆزسیۆنی‌ ئێران كرایە ئامانج
هەر لەمانگی‌ كانوونی‌ یەكەم كە قەرەباڵغترین مانگی‌ ساڵ بوو لەرووی‌ رووداوەوە شەوی‌ 20ی‌ ئەو مانگە  دووتەقینەوە لەبەردەم بارەگای‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستانی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ ئێران لەقەزای‌ كۆیەی‌ سەر بەپارێزگای‌ هەولێر رویداو بەهۆیەوە ژمارەیەك لەئەندامانی‌ ئەوحیزبە كوژران، ئەمەش بێنەو بەردەیەكی‌ سیاسی‌ دروستكردو زۆربەی‌ میدیاو هێزە كوردییەكان بەشێوەیەكی‌ ناراستەوخۆ دەستی‌ تۆمەتیان بۆ ئێران درێژكرد.

ساڵی‌ نوێی‌ خوێندن دەستی‌ پێنەكرد
بۆ ماوەی‌ زیاتر لەسێ‌ مانگ بەهۆی‌ وەرنەگرتنی‌ شایستە داراییەكانیانەوە مامۆستایانی‌ پارێزگاكانی‌ سلێمانی‌‌و هەڵەبجەو ئیدارەكانی‌ گەرمیان‌و راپەرین هەر لەقۆناغی‌ سەرەتاییەوە تا زانكۆ بایكۆتی‌ هۆڵەكانی‌ خوێندنیان كرد، بەو هۆیەوە ساڵی‌ نوێی‌ خوێندن كە دەبوو لەناوەڕاستی‌ مانگی‌ ئەیلول دەستی‌ پێبكات دواكەوت، لەكۆتاییەكانی‌ ساڵدا زۆربەی‌ مامۆستایان بڕیاریاندا بگەڕێنەوە بۆ هۆڵەكانی‌ خوێندن‌و حكومەتیش بەڵێنیدا بڕێك هاوكاری‌ داراییان بۆ زیاد بكات، هەرچەندە ئێستاش ژمارەیەك مامۆستا ماون بایكۆتیان نەشكاندووە.

هەر بەهۆی‌ ئەو قەیرانەوە بەرپرسی‌ یەكەمی‌ پەروەردە‌و فێركردن لەسلێمانی‌ دەستی‌ لەكاركێشایەوە، چونكە مامۆستایانی‌ سلێمانی‌ ئامادەنەبوون‌و وەك مامۆستایانی‌ هەولێرو دهۆك دەست بكەنەوە بەخوێندن، هەرچەندە دواتر وەزارەتی‌ پەروەردە دەست لەكاركێشانەوەكەی‌ پەسەند نەكرد.

مەترسیەكی‌ پێشبینی نەكراوی‌ داعش
لەگەڵ ئەوەی‌ پێشمەرگە لەشەڕێكی‌ قورسدایە لەگەڵ داعش، بەڵام ناوخۆی‌ هەرێمی‌ كوردستان پارێزراو بووە لەدەستی‌ ئەو گروپە، كەچی‌ بەشێوەیەكی‌ چاوەڕواننەكراو چەند دەستەیەكی‌ داعش گەیشتنە ناو هەرێمی‌ كوردستان، هێزەكانی‌ ئاسایشی قەزای‌ دەربەندیخانی‌ سنوری‌ ئیدارەی‌ گەرمیان هەواڵی‌ خۆ تەقاندنەوەی‌ دوو خۆكوژیان راگەیاند لەگوندێكی‌ ئەوسنورە كاتێك هەوڵی‌ دەستگیركردنیان دابوون كە بەچەكداری‌ داعش ناسێنران، ئەو روداوە لەپاش ئەوە هات لەدوو روداوی‌ هاوشێوە لەسنوری‌ ناحیەی‌ سەنگاو مانگی‌ ئاب لەدوو كردەی‌ سەربازیی‌ جیاوازدا هێزە ئەمنیەكان ژمارەیەك چەكداری‌ داعشیان كوشت كە هەوڵی‌ ئەوەیان دابوو دزە بكەنە نێو سنوری‌ ئیدارەی‌ سلێمانیەوە.

بەهەمان شێوە رۆژی‌ 19ی‌ تشرینی‌ دووەم لەنزیك رووباری‌ سیروان لەپارێزگای‌ هەڵەبجە  ژمارەیەك چەكداری‌ نەناسراو كە ناسنامەیان لەنێوان چەكدارانی‌ داعش‌و بەرەی‌ نوسرە یەكلا نەبۆتەوە لەگەڵ هێزە ئەمنیەكان پێكیانداو بەپێی‌ راگەیاندراێكی‌ دەزگای‌ ئاسایشی‌ هەرێمی‌ كوردستان لەو پێكدادانانەدا چەند كەسێك لەو چەكدارانە كوژران‌و سێ كارمەندی‌ ئاسایشیش بریندار بوون.

قادر رەزگەیی بڕیاردەری‌ لیژنەی‌ ناوخۆی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان پێشبینی‌ ئەوە دەكات كە لەساڵی‌ نوێداو لەپاش شكستی‌ داعش لەشەڕی‌ موسڵ پەنا بەرێت بۆ تەكتیكی‌ مەفرەزەی‌ بچوك بۆ ئەنجامدانی‌ هێرش كە ئەوەش مەترسی دەبێت بۆ سەر هەرێمی‌  كوردستان .

 قادر رەزگەیی بە"نیقاش"ی‌ وت "ئەگەر هەیە داعش پەناش بەرێتە بەر شانەی‌ نوستووی‌ خۆی‌ لەهەرێم بەتایبەت كە ژمارەی‌ ئاوارەكان بەهۆی‌ شەڕی‌ موسڵەوە لەهەرێم زیادیكردووەو دوور نیە كەسانێك هەبن لەناویاندا هەڵگری‌ فیكری‌ داعش بن یان ئەو گروپە رێكیخستبن بۆ ئەو جۆرە مەترسیانە".  

دەستپێشخەری‌ بارزانی‌
مانگی‌ تشرینی‌ دووەم مەسعود بارزانی‌ سەرۆكی‌ هەرێم دەستپێشخەرییەكی‌ راگەیاند بۆ چارەسەری‌ كێشە سیاسییەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان كەتیایدا داوایكرد كەسێك لەپۆستی‌ سەرۆكی‌ هەرێم دابنرێت تا هەڵبژاردنی‌ داهاتوو، سەرۆكایەتی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان‌و پێكهاتەی‌ حكومەتیش گۆڕانكارییان تیادا بكرێت بەمەبەستی‌ چارەسەری‌ كێشە سیاسیەكانی‌ هەرێم. ئەمەش دوای‌ قەیرانێكی‌ یەكساڵەی‌ سیاسی‌ هات كە ساڵێك لەوەو بەر رێی‌ چوونە هەولێر لەسەرۆكی‌ پەرلەمان گیراو ناكۆكی‌ قووڵ لەنێوان پارتی‌ دیموكرات‌و بزوتنەوەی‌ گۆڕاندا دروست بوو.

 لەسەر ئەو پێشنیارانە پارتی‌  دیموكراتی‌ كوردستان دوای‌ دابڕانێكی‌ زۆر لیژنەیەكی‌ دانوستكاری‌ پێكهێناو سەردانی‌ زۆربەی‌ لایەنە سیاسیەكانیان كردو بڕیاریشە ئەمساڵ پرۆژەیەك بۆ ئەو مەبەستە بدەنە لایەنەكان.

د. رێبوار كەریم مامۆستای‌ زانستە سیاسیەكانی‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌ پێیوایە ئەو جوڵەیە كە ئێستا لەنێوان لایەنە سیاسیەكاندا هەیە بۆ 2017 بە شێوەیەكی‌ كاتی‌ ئاڵۆزییەكان هێور دەكاتەوە بەو پێیەی‌ لایەنەكان دەیانەوێت نیازپاكی‌ خۆیان پیشان جەماوەر بدەن بۆ دانوستان بێ ئەوەی‌ لەروی‌ كردارییەوە سەربگرێت‌و پێی‌ وایە ساڵی‌ نوێش قەیرانی‌ تر رووبەرووی‌ هەرێم دەبێتەوە.

رێبوار كەریم بە"نیقاش"ی‌ وت "لەئەیلولی‌ ئەمساڵ (2017) كۆتایی‌ بەم خولەی‌ پەرلەمان دێت‌و لەوێوەشەوە قەیرانی‌ شەرعیەت پەیدا دەبێت‌و دوای‌ شەڕی‌ داعشیش كورد رووبەرووی‌ قۆناغێكی‌ هەستیار دەبێتەوە كە ناتوانێت بەیەكگرتوویی‌ نێوماڵی‌ خۆی‌ مامەڵەی‌ بكات‌و بەرچاویشی‌ بۆ ئەو قۆناغە رون نییە بەهۆی‌ دابەش بوونی‌ بەسەر دوو جەمسەر بەندییدا (ئێران‌و توركیا)".

زنجیرەیەك كوشتنی‌ ئاماژەدار
شەوی‌ 22ی‌ تشرینی‌ دووەم د هۆشیار ئیسماعیل وتارخوێنی‌ مزگەوتی‌  عومەر بندیانی‌ شاری‌ هەولێرو كەسایەتی‌ دیاری‌ یەكگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستان لەبەردەم ماڵەكەی‌ خۆیدا كوژراو كە ئەوە یەكەم مامۆستای‌ ئاینی‌ بوو لەچەند ساڵی‌ رابردوودا بكوژرێت‌و روداوەكەش مەسعود بارزانی‌ سەرۆكی‌  هەرێمی‌ هێنایە قسەو راگەیاندراوێكی‌ لەسەر بڵاوكردەوە بەدواشیدا دوو كەس بەتۆمەتی‌  ئەنجامدانی‌ ئەو كوشتنە دەستگیركراون كە تائێستا لەقۆناغی‌ لێكۆڵینەوەدان.

هەر لەكۆتایی‌ ئەو مانگەدا رۆژنامەنووس (شوكری‌ زەینەدین) كە لەگەڵ بزوتنەوەی‌ گۆڕان لەقەزای‌ ئامێدی‌ كاردەكات لەناوچەیەكی‌ سنوری‌ نێوان عێراق‌و توركیا تەرمەكەی‌ دۆزرایەوە، راگەیاندنی‌ گۆڕان گومانیان لەرووداوەكە هەبوو رایانگەیاند "پێشتر ئەو رۆژنامەنووسە لەلایەن ئاسایشەوە هەڕەشەی‌ لێكراوە"، بەڵام هێزە ئەمنییەكان ئەو گومانانەیان رەتكردەوەو رایانگەیاند رۆژنامەنووسەكە لە"راوە بەراز" بووەو بەهۆی‌ پەلاماردانی‌ بەرازەوە گیانی‌ لەدەستداوە.

لەمانگی‌ ئابیشدا رۆژنامەنوس ویدات حسێن نزیك لەپارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان (پەكەكە) لەشاری‌ دهۆك رفێنراو دواتر تەرمەكەی‌ دۆزرایەوە كە چەند فیشەكێكی‌ پێوەبوو، ئەو روداوە هەستیارترین پرسەكانی‌ مەترسی سەر رۆژنامەنوسان بوو كە لەساڵی‌ 2016دا  رویدا بێت.

پێشمەرگە دواسنوری‌ خۆی‌ لەموسڵ كۆنتڕۆڵكردەوە

هەفتەی‌ یەكەمی‌ تشرینی‌ دووەم هێزەكانی‌ پێشمەرگە شارۆچكەی‌ باشیكی‌ سەر بەپارێزگای‌ موسڵیان كۆنترۆڵكردەوە ئەمەش دوایین ئەو سنورە بوو كە بۆ پێشمەرگە دەستنیشانكرابوو لەشەڕی‌ موسڵدا، ئۆپەراسیۆنەكەی‌ پێشمەرگە ناوەڕاستی‌ مانگی‌ تشرینی‌ یەكەم بەهاوشانی‌ هێزە عێراقییەكان دەستی‌ پێكرد.

لێكتیگەیشتنی‌ بەغداو هەولێر بەچاودێری‌ ئەمەریكا
رۆژی‌ 19ی‌ ئەیلول مەسعود بارزانی‌ بەیاوەری‌ شاندێك لەلایەنە سیاسیەكان سەردانی‌ بەغدای‌ كردو لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران كۆبۆوە، ئەوەش یەكەم سەردان بوو لەپاش دەستبەكاربوونی‌ عەبادی‌ بۆ بەغدا ئەنجامیدابێت، لەو سەردانەدا هەردوولا رێكەوتن لەسەر یەكلاكردنەوەی‌ كێشەی‌ نەوت‌و چەند پرسێكی‌ تری‌ پەیوەست بەدۆسیە هەڵپەسێراوەكانی‌ نێوانیان، ئەمەش پاش ئەوەی‌ بەرپرسانی‌ ئەمەریكا چەند جارێك سەردانی‌ هەردوولایان كرد وەك ئامادەكارییەك بۆ شەڕی‌ موسڵ.

هەر لەو چوارچێوەیەدا كەریم سنجاری‌ وەزیری‌ پێشمەرگە بەوەكالەت‌و ئەلیسا سلكۆتین یاریدەدەری‌ وەزیری‌ بەرگری‌ ئەمەریكا پرۆتۆكۆڵی‌ سەربازی‌ نێوان هەرێم‌و ئەمریكایان ئیمزا كرد  بەوپێیەش هاوكاری‌ سەربازی‌‌و دارایی پێشكەش بەهێزەكانی‌ پێشمەرگە كرا  لەلایەن ئەمریكاوەو ئەوەش یەكەمجاربوو هەرێم پرۆتۆكۆڵێكی‌ سەربازی‌ لەو شێوەیە بەڕەسمی‌ لەگەڵ واشنتۆن ئیمزا بكات كە ئامانج لێی‌ شەڕی‌ دژە داعش بوو.

لەقوربانییەوە بۆ باڵیۆزی‌ نیەتپاكی‌
مانگی‌ ئەیلول نادیە موراد كچە چالاكوانی‌ رزگابووی‌ دەستی‌ داعش كە كوردێكی‌ ئێزیدی‌ بوو لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە وەك باڵیۆزی‌ نیازپاكی‌ دیاریكرا، ئەمەش دەنگدانەوەیەكی‌ گەورەی‌ لەناو خەڵكی‌ هەرێمدا دروستكرد بەو پێیەی‌ قوربانییەكی‌ رزگاربووی‌ ئێزدی‌ پاش نەهامەتی‌ گەیشتە ئەو ناوبانگە گەورەیە.

جموجۆڵی‌ سەركردە سیاسییەكان
سەرەتای‌ ئەیلول جەلال تاڵەبانی‌ سكرتێری‌ یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان‌و سەرۆكۆماری‌ پێشووی‌ عێراق پاش دوو مانگ لەگەڕێكی‌ دیكەی‌ چارەسەری‌ تەندروستی‌ لەوڵاتی‌ نەمساوە گەرایەوە هەرێمی‌ كوردستان، دوو رۆژ دواتر نەوشیروان مستەفا رێكخەری‌ گشتی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان هەرێمی‌ كوردستانی‌ بەجێهێشت بۆ وڵاتی‌ بەریتانیا بەمەبەستی‌ وەرگرتنی‌ چارەسەری‌ پزیشكی، جێهێشتنی‌ هەرێم لەلایەن نەوشیروان مستەفاوە لەكاتێكدابوو كە  ململانێیەكی‌ سیاسی‌ توند لەنێوان بزوتنەوەكەی‌‌و پارتی‌ دیموكراتی‌ هەبوو بەهۆی‌ پەككەوتنی‌ پەرلەمان‌و قەیرانی‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێمەوە، زۆربەی‌ نەیارەكانیشی‌ نەوشیروان مستەفایان بەوە تۆمەتبار كرد كە كێشەیەكی‌ خولقاندوون‌و بۆ ئەوەی‌ چارەسەر نەبێت خۆی‌ دوور خستووەتەوە.

باڵاترین پۆستی‌ ئیداری‌ سلێمانی‌ بۆ ئۆپۆزسیۆنی‌ پێشوو
لەدوای‌ مشتومڕێكی‌ زۆری‌ سیاسی‌‌و یاسایی‌ لەمانگی‌ ئابدا ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ بەزۆرینەی‌ دەنگ (هەڤاڵ ئەبوبەكر)یان لەپشكی‌ بزوتنەوەی‌ گۆران هەڵبژارد بۆ وەرگرتنی‌ پۆستی‌ پارێزگاری‌ شارەكە كەئەوە یەكەمجار بوو لەدوای‌ ساڵی‌ 1992 ەوە ئەو پۆستە لەلایەن یەكێتی نیشتیمانییەوە رادەستی‌  لایەنێكی‌ تر بكرێت.

بزوتنەوەی‌ گۆڕان لەساڵی‌ 2009 وەك لایەنێكی‌ ئۆپۆزسیۆن بەشداری‌ هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ كوردستانی‌ كردو لەساڵی‌ 2013 لەهەڵبژاردنی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگاكان زۆرینەی‌ دەنگەكانی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ بردەوەو لەگەڵ یەكێتی‌ رێككەوتن دوای‌ دووساڵ ئەو پۆستەی‌ پێبدرێت، هەرچەندە دواجار بەهۆی‌ "كێشەی‌ یاسایی"ەوە پۆستەكە بەوەكالەت درا بەسەردار قادر كە ئەویش هەر كاندیدی‌ گۆڕانە.

مالیكی‌ لەسلێمانی‌
مانگی‌ تەمموز نوری‌ مالیكی‌ سەرۆك وەزیرانی‌ پێشوی‌ عێراق بەسەردانێك گەیشتە شاری‌ سلێمانی‌‌و لەگەڵ هەریەك لەیەكێتی‌ نیشیتمانی‌‌و بزوتنەوەی‌ گۆڕان كۆبووەوە.

ئەو سەردانە بەسەرەتای‌ نەخشەیەكی‌ سیاسی‌ نوێ خوێندرایەوە كە ئەو حیزبە شیعەیە لەگەڵ حیزبەكانی‌ سنوری‌ ئیدارەی‌ سلێمانی‌ كۆبكاتەوە بەتایبەت كە مالیكی‌ لەململانێیەكی‌ سەخدایە لەگەڵ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان.

دوو نەیارەكەی‌ پێشوو رێككەوتن
لەمانگی‌ ئایار رێكەوتنامەی‌ نێوان یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان‌و بزوتنەوەی‌ گۆڕان لەشاری‌ سلێمانی‌ ئیمزاكرا بۆ هەمئاهەنگی‌ نێوانیان لەبواری‌ سیاسی‌‌و ئیداریدا كە بەوپێیەش فراكسیۆنی‌ هاوبەش لەپەرلەمانی‌ كوردستان‌و عێراق‌و ئەنجومەنی‌ پارێزگاكان دروستدەكەن، ئەم دوو هێزە بۆ زیاتر لەپێنج ساڵ نەیاری‌ سەرسەختی‌ یەكتربوون بەو پێیەی‌ زۆربەی‌ سەركردەكانی‌ گۆڕان لەیەكێتی‌ جیابووبوونەوە، ئەو هەنگاوە ناڕەزایی پارتی‌ لێكەوتەوە كە بەدوایدا لەبەیاننامەیەكدا ئیدانەی‌ كرد.

قەیرانێك بۆ چارەسەری‌ قەیرانێكی‌ تر
مانگی‌ شوبات ئەنجومەنی‌ وەزیرانی‌ هەرێم زنجیرەیەك بڕیاری‌ دەركرد بۆ رێگری‌ لەكاریگەری‌ قەیرانی‌ دارایی‌ كە دیارترینیان سیستمی‌ پاشەكەوتی‌ موچەبوو بۆ لێبرینی‌ رێژەیەك لەموچەی‌ زۆربەی‌ فەرمانبەرانی‌ هەرێم‌و پاشەكەوتكردنی‌ بۆ كاتێكی‌ نادیار.

قەیرانی‌ پاشەكەوتی‌ موچە دیارترین كاریگەییەكانی‌ ئەو قەیرانە داراییە بوو كە لە2016دا دەركەوت‌و بەهۆیەوە خۆپیشاندانی‌ لێكەوتەوەو تائێستا ئاسۆی‌ چارەسەری‌ دیارنییە.

محەمەد كەریم پسپۆری‌ ئابوری‌‌و سەرۆكی‌ پێشوی‌ مونتەدای‌ ئابوری‌ كوردستان بە"نیقاش"ی‌ وت "ئایندەی‌ گۆڕانكاریی‌ لەقەیرانی‌ دارایی بۆ ساڵی‌ 2017 پەیوەستە بەویستی‌ سەركردە سیاسییەكان بۆ چاكسازی‌، چونكە لەهەرێم پلانی‌ نزیك‌و مامناوەندی‌ ئابوری‌ پاشكەوتەی‌ سیاسەتە".

ئەو پسپۆرە پیشی‌ وابوو بەرزبوونەوەی‌ نرخی‌ نەوتیش لەساڵی‌ 2017دا كاریگەری‌ ئەوتۆی‌ نابێت لەسەر قەیرانی‌ دارایی‌‌و وتیشی "ئەگەر بارودۆخە سیاسیەكە وەك ئەوەی‌ ئێستابێت، ئومێد نییە قەیرانی‌ دارایی بۆ 2017 چارەسەر بێت، ئەگەر خراپتریش نەبێت".