بۆنی مردووەكان ئاسمانی موسڵ دەتەنێت
هەندێك لەتەرمەكان سەگەكان گۆشتەكەی خواردوون‌و تەنیا ئێسكە پەیكەرەكانیان ماوەتەوە

عیراق

09/01/2017‌ 2208 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەگەڵ دەستپێكردنەوەی قۆناخی دووەمی شەڕی موسڵ لە 29 دیسەمبەردا, بەدەیان تەرمی چەكدارانی داعش لگەڕەكەكانی سەلام‌و ئینتسارو وەحدەو فەلەستین‌و قودس لەڕۆژهەڵاتی موسڵ بڵاو بوونەتەوە, بارودۆخەكە لەو گەڕەكانەی، كە پێشتر ئازاد كرابوون هەر بەو شێوەیە بوو. زۆرجار هاووڵاتیانی ناوچەكە ناتوانن تەرمەكان بنێژن, ئەوەش بەهۆی مەترسی نەخۆشی ترسناك‌و ئەگەری بۆمبڕێژكردنی تەرمەكان, یان هەندێك جار بەهۆی ئەوەی مەترسی ئەمنی ڕوووبەڕووی مردونێژەكاندەبێتەوە.

شەقامەكانی گەڕەكە ئازادكراوەكان بە بۆنی مرووەكان تەنراون, هەندێك لەو تەرمانە سەگەكان سەرتاپا گۆشتەكەی خواردوون‌و تەنیا ئێسكە پەیكەرەكانیان ماوەتەوە, لێرەو لەوێ تەرمی تر دەبینرێت, ئەو تەرمانە تەنها بە پارچە قوماشێك داپۆشراون, جارو باریش لە هەندێ شوێن تەرمی ئاژەڵە مردووەكانیش تێكەڵ بە تەرمی مرۆڤەكان بوون و بۆگەنی شەقامەكانیان چڕتر كردوەتەوە. 

هەوای ڕۆژهەڵاتی شار تەنیا بۆنی مردووەكانی لێدێت, هیچ كەس ناتوانێت بەو نێوەندەدا تێپەڕێت مەگەر بە دەستەكانی لوتی داپۆشێت یان بەخێرای خۆی لە بۆگەنی مردوەكان دەرباز بكات.

كاتێك بۆیەكەم جارو لە مانگی ئۆكتۆبەردا سوپای عێراق چووە نێو شارۆچكەی گۆگجەلییەوە لە بەشی ڕۆژهەڵاتەوە, چەندین گرتەی ڤیدۆیی لەكەناڵەكانەوە بەڕاستەوخۆیی پەخش دەكران, لەو گرتە ڤیدیۆیانەدا دەبینرا چۆن منداڵان تەرمی چەكدارانی داعشیان بەنێو كوچەو كۆڵانەكاندا ڕادەكێشا و تۆڵەی خۆیان لە مردووەكان دەكردەوە. پێكەنینی منداڵەكان بە دوای تەرمەكانداو پیشاندانی دووپەنجەی سەركەوتن ئەوەندەی تر دیمەنەكانی وێنا دەكرد. هەركە لەبەشی ڕۆژهەڵاتی شارەوە سوپای عێراق زیاتر پێشڕەوی بۆ نێو گەڕەكەكانی شار دەكرد چیدی گەڕەكەكان چۆڵ دەبوون و یاری ڕاكێشانی مردووەكان لەلایەن منداڵەكانەوە كۆتایی دەهاتو ئینجا نۆرەی سەگە برسیەكان بوو تا بەردەوامی بەدیمەنەكان بدەن. 

باوكی محەمەد, یەكێكە لە هاونیشتمانییەكانی گەڕەكی تەحریر دەڵێت: خەڵكی بەهۆی بۆگەنی مردووەكانەوە ناتوانن بیان نێژن, لەشوێنی كارەكەمدا چەندین دەست و پەلی بۆگەن كەوتوون, ئارامیان لێ بڕیوین, سبەینی بەحەفارەیەك هەموویان دەكەمە ژێر گڵەوە.

كاتێك لە ساڵی 2015دا لەناوچەكانی سەلاحەدین و ئەنبار شەڕ دەستی پێكرد, چەكدارانی داعش مردووەكانیان دەگواستەوە بۆ پزیشكی دادوەری لە شاری موسڵ, هەر لەوێ تەرمی بیانیەكان و عەرەبی شارەكانی تر دەنێژران و تەرمی مسڵاوییەكانیش ڕادەستی خزم و كەسو كاریان دەكرانەوە. لە ئێستادا پزیشكی دادوەری دەكەوێتە ژێر كرنترۆڵی داعشەوە, ئەوناوچانەش كە پزیشكی دادوەری لێیە بوونەتە جێگای شەڕو ئاڵۆزی, هەر بۆیە  تەرمی مردووەكان لە  شەقامەكانی شاردا بڵاوبونەتەوە.

سەتار حەبوو, سەرۆك شارەوانی موسڵ بە پێگەی مۆنیتەری ڕاگەیاند: بەدەیان تەرمی مردوو لە نێو شاردا كەوتوون, بڕیاریش نییە بەزووی ئەو تەرمانە بنێژرێن, ئەمەش بەهۆی بۆمبڕێژكردنیانەوەیە, هەربۆیە تا ئەو بۆمبانە لەلایەن ئەندازیارانی پوچەڵكردنەوەی تەقەمەنییەكانەوە پوچەڵ نەكرێنەوە ناتوانین لە شوێنێكدا بیان نێژین.

سەرۆكی لیژنەی ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆر بە پێگەی مۆنیتەری ڕاگەیاند ژمارەی چەكدارە كوژراوەكان لە سەرەتای شەڕی موسڵەوە لە هەردوو ناوچەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتەوە دەگاتە 2300 چەكدار.

هەندێك لە هاوڵاتیان باس لەوە دەكەن بەهۆی توندو تیژییەكان و بەردەوامی شەڕەوە ژمارەی مردووەكان ئەوەندە هەڵكشاون ناتوانن بیانگوێزنەوە بۆ گۆڕستانەكان, هەربۆیە بەناچاری باخچەی ماڵەكانیان كردووەتە گۆڕستان.

لەئینگلیزییەوە: عەلی نادر
سەرچاوە:  The Monitor