چارەنووسی‌ ناڕۆشنی‌ خوێندن
ناڕەزایی‌ سەد رۆژەی‌ مامۆستایان بەرەو خامۆشبوون دەڕوات

کوردستان

12/01/2017‌ 915 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
مانگرتنی‌ سێ‌ مانگەی‌ مامۆستایان لەچەند ناوچەیەكی‌ هەرێمی‌ كوردستان بێ‌ ئەنجامێكی‌ ئەوتۆ بەرەو كۆتایی‌ دەچێت‌و ناڕەزاییەكان لەسەر شەقامەوە گواستراونەتەوە بۆ ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.

رۆژی‌ 27ی‌ ئەیلولی‌ ساڵی‌ رابردوو كاتێك وەزیری‌ پەروەردەی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان زەنگی‌ دەستپێكردنی‌ ساڵی‌ نوێی‌ خوێندنی‌ لێدا، بەهەزاران مامۆستا لەپارێزگاكانی‌ سلێمانی‌‌و هەڵەبجەو ئیدارەكانی‌ گەرمیان‌و راپەڕین دژی‌ بڕیارەكە وەستانەوەو رایانگەیاند پابەندنابن بەدەستپێكردنەوەی‌ خوێندنەوە تا ئەو كاتەی‌ شایستە داراییەكانی‌ خۆیان پێدەدرێت، بەو هۆیەشەوە هۆڵەكانی‌ خوێندن هەر لەقۆناغی‌ سەرەتاییەوە تا زانكۆ چۆڵ بوون.

كێشەی‌ سەرەكی‌ مامۆستایان پەیوەستە بەپێنەدانی‌ موچەكانیان لەكاتی‌ خۆیاندا، چونكە مامۆستایان رایدەگەیەنن كە سێ‌ موچەو نیوی‌ ساڵی‌ 2015و دوو موچەی‌ ساڵی‌ پاریان پێنەدراوە، ئەمە جگە لەوەی‌ لەمانگی‌ شوباتی‌ 2016ەوە بەبڕیاری‌ حكومەت بۆ بەرگرتن لەتەشەنەكردنی‌ قەیرانی‌ دارایی‌ سیستەمی‌ پاشەكەوت راگەیەندراوەو مامۆستایان نیوە یان چارەكی‌ موچەكەیان پێدەدرێت (بەپێی‌ بڕی‌ موچەكان هەر مامۆستایەك بەشێكی‌ موچەكەی‌ بۆ پاشەكەوت دەكرێت‌و دەبێتە قەرز لای‌ حكومەت).

جگە لەوەی‌ بایكۆتی‌ هۆڵەكانی‌ خوێندنیان كرد، هەفتانە بەتایبەتی‌ لەرۆژانی‌ شەممەو یەكشەمماندا لەشوێنە دیارو هەستیارەكانی‌ ناوچەكانی‌ خۆیاندا بەهەزاران مامۆستا دەچوونە سەر شەقامەكان‌و رێی‌ هاتوچۆیان دادەخست، چەندین رێپێوانیشیان ئەنجامدا بۆ بەردەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی‌ پەروەردەو پارێزگاو نوسینگەكانی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان‌و عێراق‌و دادگاكان‌و بارەگای‌ ژمارەیەك لەحیزبەكان.

بۆ رێكخستنی‌ داواكارییەكانیان لەهەموو ناوچەكان مامۆستایان دەستەی‌ تایبەتیان پێكهێنا كە بەناوی‌ ئەوانەوە قسەی‌ دەكردو داواكانی‌ دەخستە روو.

دڵشاد میرانی‌ كە یەكێكە لە33 ئەندامەكەی‌ دەستەی‌ نارەزایەتی‌ مامۆساتایان لەسلێمانی‌ بە"نیقاش"ی‌ وت "نارەزایەتی‌ مامۆستایان تەنها لەسەر موچە نییە، ئێمە دەمانەوێت وانەی‌ نیشتیمانپەروەری‌ بەدەسەڵاتێك بڵێینەوە كە هیچ خەمی‌ هەرێمەكەی‌ نییە".

دەشڵێت "شانازی‌ گەورە ئەوەیە ئێستاشی‌ لەگەڵدا بێت سەرەڕای‌ هەموو ئەو هەوڵانەی‌ لەدژمان درا نەمانهێشت خۆپیشاندان توندوتیژی‌ لێبكەوێتەوە".

ئەمە ئەو بەشەی‌ خۆپیشاندانەكەیە كە وەك بەرهەم مستەفا ئەندامی‌ سكرتاریەتی‌ یەكێتی‌ مامۆستایان ئاماژەی‌ پێدەكات، بۆ هەموو مامۆستایان مایەی‌ شانازییە، ئەو بە"نیقاش"ی‌ وت "ئەم خۆپیشاندانەی‌ مامۆستایان دەرئەنجامی‌ ئەو هەمو ناعەدالەتیەیە كە حكومەتی‌ هەرێم دەیكات‌و هۆكاری‌ سەرەكیش ئەوەیە ئەم وڵاتە پیاوی‌ دەوڵەتمەداری‌ تیا نییە".

دەشڵێت "خۆپیشاندانەكەمان مۆدێلێكی‌ نوێ‌ بوو بەوەی‌ بەردەوامین‌و كۆڵنادەین‌و كۆكین لەسەر داواكانمان بەوشێوازە سەردەمیانەیەی‌ كە هەیەو نەشمانهێشتوە زیان بگات بەیەك شوێنی‌ حكومی‌‌و شەقامەكانیش، بەڵكو خۆمان بەپارێزەریان دەزانین نەك حكومەت".

هەرێمی‌ كوردستان ئەزموونێكی‌ تاڵی‌ لەخۆپیشاندانی‌ پڕ توندوتیژی‌ هەیە، زیندوترین نموونەش خۆپیشاندانی‌ شەست رۆژەی‌ شوبات بۆ نیسانی‌ 2011 بوو كاتێك لەسنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ دژی‌ حكومەتی‌ هەرێم خۆپیشاندان بەڕێوەچوو، بەهۆیەوە زیاتر لە دە كەس كوژران‌و بەسەدانیش بریندار بوون.

مامۆستایان ئێستا شانازی‌ بەوەوە دەكەن زیاتر لەسەد رۆژ درێژەیان بەناڕەزایەتی‌ داوەو "درێژترین ماوەی‌ ناڕەزایەتی‌"یان بەڕێوەبردووەو نەیانهێشتووە ئاراستەی‌ خۆپیشاندانەكە بۆ توندوتیژی‌ بگۆڕێت، سەرەڕای‌ ئەوەی‌ بەو ئاڕاستەیە هاندراون.

درەنگانێكی‌ شەوی‌ 27 كانوونی‌ یەكەم، ئۆتۆمبێلی‌ دوو مامۆستا لەئەندامانی‌ دەستەی‌ ناڕازی‌ لەبەردەم ماڵەكانی‌ خۆیان لەسلێمانی‌ سوتێندران‌و چەند رۆژێك دواتر بۆ ماوەیەك هێزە ئەمنییەكان ژمارەیەك مامۆستایان دەستگیركردو دواتر ئازادیان كردن، هەموو ئەو هەوڵانە لەلایەن مامۆستایانەوە وا لێكدرایەوە كە بۆ ئەوە بووە كاردانەوە بنوێنن، بەڵام دانیان بەخۆیاندا گرتووە، ئەوكات چەند لایەنێكی‌ سیاسیان بەسوتاندنی‌ ئۆتۆمبێلەكان تۆمەتباركرد، بێ‌ ئەوەی‌ دادگاو هێزە ئەمنییەكان ئەو راستیە بسەلمێنن.

چەند جارێك دەسەڵاتدارانی‌ حكومەتی‌ هەرێم داوایان لەمامۆستایان كرد لەپێناو نەفەوتانی‌ چارەنووسی‌ دەیان هەزار خوێندكار پرۆسەی‌ خوێندن پەك نەخەن، چونكە خوێندن لەپارێزگاكانی‌ هەولێرو دهۆك بەئاسایی‌ بەڕێوەدەچوو، بەڵام مامۆستایان بەدەم ئەو داواكارییەوە نەچوون‌و رایانگەیاند نە ئەوان‌و نە خوێندكاران ناتوانن لەسایەی‌ ئەو قەیرانە داراییەدا درێژە بەخوێندن بدەن.

محەمەد قادر باوكی‌ سێ‌ خوێندكارەو ناوە ناوە وەك هاوڵاتییەك بەشداری‌ خۆپیشاندانی‌ مامۆستایانی‌ دەكرد، بە"نیقاش"ی‌ وت "ئەگەر سەرجەم مامۆستایانیش بایكۆت بشكێنن من بەم دۆخەمەوە منداڵەكانم نانێرمەوە بۆ خوێندن، چونكە ناتوانم مەسرەفیان بكەم، ئەو پارە كەمەی‌ لەكرێكاری‌ دەستم دەكەوێت بەش ناكات".

لەهەفتەی‌ كۆتایی‌ ساڵی‌ رابردوو دوای‌ ئەوەی‌ زۆربەی‌ مامۆستایان بێهیوابوون لەوەی‌ حكومەت داواكارییەكانی‌ بۆ جێبەجێ‌ بكرێت، چونەوە خوێندنگاكان، بەڵام ئێستاش ژمارەیەك مامۆستا هەن هێشتا هەر بەردەوامن لەخۆپیشاندان‌و بایكۆت‌و دووشەممەی‌ رابردوو خۆپیشاندانێكی‌ تریان بەڕێوەبرد، بەڵام بەژمارەیەكی‌ كەمتر لەوەی‌ جاران.

ناسك عوسمان كە دایكی‌ خوێندكارێكی‌ ئامادەییە لەبارەی‌ بایكۆتی‌ مامۆستایانەوە دەڵێت "ئەوان بایكۆتیانكرد ئێمە لەپشتیانبوین، بەڵام ئەواتا ئێستا چونەتەوە قوتابخانەكانیان‌و هیچ دەستكەوتێكیان نەبوو تەنها خوێندنی‌ چەند مانگێكی‌ قوتابیەكانی‌ ئێمەیان دواخست".

كێشەكە ئەوەیە خوێندنی‌ خوێندكارانی‌ پۆلەكانی‌ 9و 12 بەئاسانی‌ قەرەبوو ناكرێتەوە، چونكە تاقیكردنەوەی‌ ئەم دوو قۆناغە لەسەر ئاستی‌ كوردستان سەرتاسەرییەو دەبێت هەموو پارێزگاكانی‌ هەرێم پێكەوە پرۆگرامیان تەواو كردبێت.

د.شێركۆ حەمە ئەمین ئەندامی‌ لیژنەی‌ پەروەردەو خوێندنی‌ باڵا لەپەرلەمانی‌ كوردستان سەبارەت بەقەرەبووكردنەوەی‌ ئەو ماوەیەی‌ لەخوێندن فەوتاوە بە"نیقاش"ی‌ وت "گوێمان لەوتەی‌ خوێندكاران گرتووەو پێشنیارەكانیانمان وەرگرتوە كە داوای‌ كەمكردنەوەی‌ مەنهەج دەكەن، ئەگەر ئەوەش نەكرا رەنگە یەكێك لەبژاردەكانی‌ تر درێژكردنەوەی‌ ماوەی‌ خوێندن بێت".

هیچ یەكێك لەو بژاردانە بڕیاری‌ كۆتایی‌ لەبارەوە نەدراوە‌و چارەنووسی‌ ئەو مامۆستایانەش نادیارە كە هێشتا درێژەیان بەبایكۆت داوە، چونكە ئەوان دەڵێن سوورن لەسەر داواكانیان‌و وەزارەتی‌ پەروەردەش دەڵێت ئەوەی‌ ئامادەنەبێت لەهۆڵەكانی‌ خوێندن رێوشوێنی‌ یاسایی‌ لەبەرامبەردا دەگیرێتە بەر.

شۆڕش غەفوری‌ بەڕێوەبەری‌ ڕاگەیاندنی‌ وەزارەتی‌ پەروەردە لەگەڵ ئەوەی‌ داواكاری‌ مامۆستایان بەڕەوا دەبینێت، بەڵام بە"نیقاش"ی‌ وت "لەئێستادا زۆرێك لەمامۆستایان چونەتەوە هۆڵەكانی‌ خوێندن‌و لەمانگی‌ كانوونی‌ یەكەمەوە ئامادەنەبوون وەرگیراوە، ئەو مامۆستا هۆشیارانەی‌ هەستیان بەمەترسی‌ دۆخەكە كردوە چونەتەوە هۆڵەكانی‌ خوێندن".

وتیشی‌ "بڕیارە لەگەڵ موچەی‌ مانگی‌ كانوونی‌ یەكەمدا 150 هەزار بۆ مامۆستایانی‌ دەرەوەی‌ شارو 100 هەزار بۆ مامۆستایانی‌ ناوشار سەرفبكرێت بەهاوكاری‌ رێكخراوێكی‌ خێرخواز".

ئەو مەیدانەی‌ زۆربەی جار مامۆستایان لەبەردەم پەروەردەی‌ سلێمانی‌ لێی‌ كۆدەبوونەوە ئێستا یان چۆڵە یاخود ژمارەیەكی‌ كەمی‌ مامۆستا ناڕەزایەتی‌ لێ دەبینرێت، كامەران قەرەداغی‌ یەكێكە لەمامۆستایانی‌ ناڕازی‌‌و لەڕۆژانی‌ خۆپیشاندانەكاندا لەڕێگەی‌ وێنەكێشانەوە لەسەر شەقامەكان ناڕەزای‌ مامۆستایان دەخاتە بەرچاوی‌ بەرپرسان بۆ "نیقاش" وتی‌ "لەئێستادا خۆپیشاندانەكان گڕوتینی‌ پێشوی‌ نەماوە بەهۆی‌ بەشدارینەكردنی‌ هاوڵاتیانەوە بەشێوەیەكی‌ فراوان‌و نەگۆڕینی‌ شێوازی‌ بەیاننامەكانی‌ مامۆستایانەوە".

دەشڵێت "بەردەوامیمان لەبایكۆت چارەنوسی‌ نادیارە بەهۆی‌ بێباكی‌ حكومەت‌و پشتگیرینەكردنی‌ بەرفراوانی‌ مامۆستایان".

لەكۆی‌ زیاتر لە 35 هەزار مامۆستا كە بەپێی‌ زانیارییەكانی‌ دەستەی‌ ناڕەزایەتی‌ مامۆستایان بەشداری‌ بایكۆتیان كردووە، ئێستا بەشی‌ هەرە زۆریان چوونەتەوە هۆڵەكانی‌ خوێندن، بەڵام لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە هێشتا توڕەیی‌ بەردەوامەو لەیەكێك لەپەیجەكانی‌ تایبەت بەمامۆستایانی‌ ناڕازی‌ نوسرابوو "گیرفان بەتاڵ‌و دڵمان پڕە، ئەمڕۆش بایكۆت بشكێت رۆژێك دێت بەگوڕوتینێكی‌ بەهێزترەوە سەر هەڵدەداتەوە".