گروپە چەكدارەكان بڕیاردەدەن
پۆلیسی‌ عێراقی‌ دەسەڵات‌و شكۆی لەدەست داوە

عیراق

20/01/2017‌ 741 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
بارودۆخەكە بەشێوەیەكی‌ لێهاتووە گروپە چەكدارەكان لەناوچە جیاجیاكانی‌ عێراق شوێنی‌ هێزە ئەمنییەكان‌و دادگایان گرتووەتەوەو خۆیان بڕیار لەهەموو شتێك دەدەن‌و پۆلیس دەسەڵاتی‌ كەمبووەتەوە.

جەعفەر عەبودی بەپەلە خۆی كرد بەیەكێك لەنوسینگەكانی گروپە چەكدارەكانی سەر بەحەشدی شەعبی لەناوچەی شوعلەی خۆرهەڵاتی بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەیەك لەگەڵ دراوسێیەكیدا، دوای ئەوەی كوڕەكەی لەشەڕێكدا لەیەكێك لەگازینۆ گەنجانەكان دەستی كوڕی دراوسێكەی شكاند، بەوەش پێش دراوسێكەی كەوت كە هەوڵی دەدا یاسای عەشایری جێبەجێ بكات‌و داوای "خوێنبایی" وەك قەرەبووی ئەو ئازارەی لە شەڕەكەدا بەری كەوتووە.

بەرپرسی نووسینگەكەی حەشدی شەعبی كەوتە نێوانی جەعفەر عەبودی‌و دراوسێكەیەوە بۆ چارەسەكردنی كێشەكە دوور لەبنكەی پۆلیس، بەكردەوەش نێوەندگیریەكی سەریگرت‌و هەردوو دراوسێكە لەدانیشتنێكی دۆستانەدا ئاشتبوونەوەو هەردوو گەنجەكە باوەشیان بەیەكداكرد دوای ئەوەی دەستدرێژیكەر داوای لێبوردنی كردو باوكیشی بەڵێنیدا خەرجی چارەسەری كوڕە دراوسێكە بگرێتە ئەستۆ، بەڵام گەنجە دەستدێژی لێكراوەكە رازی نەبوو ئەوە قبوڵ بكات وەك رێزێك بۆ بەرپرسەكەی حەشدی شەعبی.

جەعفەر عەبودی نووسینگەی حەشدی شەعبی هەڵبژارد بۆ چارەسەركردنی كێشەكەی لەگەڵ دراوسێكەی لەبری ئەوەی بچێت بۆ بنكەی پۆلیس، هۆكاری ئەوەش وەك خۆی بە "نیقاش"ی وت ئەوەیە "پۆلیس بەرتیلخۆرو گەندەڵن، بەدڵنیاییەوە كوڕەكەم چەند رۆژێكی لەزینداندا بەسەر دەبرد تا كێشەكەی چارەسەر دەكرا، ئەوان بەدوای ئەم كەیسانەدا دەگەڕێن بۆ پارە پەیداكردن، نەك بۆ جێبەجێكردنی یاسا".

بەڵام عەباس ساعیدی بەرپرسی نووسینگەی ئەو گروپە چەكدارە لەناوچەكە بە "نیقاش"ی وت "ئێمە دەست لەكاری پۆلیس وەرنادەین، بەڵام دانیشتووان خۆیان دێن بۆ لامان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان‌و وەك خۆیان دەڵێن خۆیان لەگەندەڵی ئەفسەرەكانی پۆلیس بەدوور دەگرن، هەفتانە چەندین كەس لەخەڵكی ناوچەكە دەبینین كە داوای چارەسەركردنی كێشەكانیان دەكەن، تەنانەت هەندێك لەو كێشانە لەگەڵ خودی ئەفسەرانی پۆلیسیشدایە".

ساعیدی هەروەها دەڵێت "چەند رۆژێك لەمەوبەر خاوەنی چێشتخانەیەك لەناوچەی كەڕادەی ناوەڕاستی بەغدا سكاڵای ئەوەی لەلامان كرد كە ئەفسەری پۆلیسی ئەو ناوچەیە دەست لەكارەكەی وەردەدات لەڕێی ناچاركردنی بەپارەدان‌و ژەمەخواردنی خۆڕایی، ئێمەش چووین‌و كارەكەمان راگرت... سەرەڕای ئەوەی پۆلیس شكستی هێناوە لەسەپاندنی ئاسایشدا كەچی بەرتیل لەدوكان‌و بازاڕە بازرگانیەكان وەردەگرن، گەندەڵی رۆچووەتە ناو دەزگای پۆلیس‌و حكومەتیش ئەوە باش دەزانێت".

ئەو گروپە چەكدارە شیعانەی لەژێر سایەی هێزەكانی حەشدی شەعبیدا كۆبوونەتەوەو نووسینگەیان لەزۆربەی گەڕەكەكاندا بڵاوبووەتەوە، نەك تەنیا لەبەغدا، بەڵكو لەهەموو پارێزگاكانیشدا، چەند ئەركێكی ئەمنی رادەپەڕێنن هەندێكیان لەڕێی یارمەتیدانی پۆلیسی ناوچەكەوەو هەندێكیشیان بەناڕاستەوخۆ لەڕێی هەواڵدەرەكانیانەوە كە بەجلوبەرگی ئاساییەوە لەبازاڕو ناوچە نیشتەجێكاندا بڵاوبوونەتەوە.

ئەو سەركەوتنانەشی كە هێزەكانی حەشدی شەعبی لەدژی داعش لەدوو ساڵی رابردوودا بەدەستیان هێناوە، ئاستی جەماوەریانی لەناو دانیشتوواندا بەرزكردۆتەوە بەتایبەتی لەنێو گەنجاندا كە بەهەزارانیان لەبێكاران وەك خۆبەخش چوونەتە نێو هێزەكانی حەشد بەبێ ئەوەی پارە بدەن یاخود واستەیان هەبێت، لەكاتێكدا دەستكەوتنی كارێك لەناو پۆلیس‌و سوپادا پێویستی بەبەتیل‌و پارەدانە.

هەروەها شكستهێنانی ئەو هێزانەی سوپاو پۆلیس كە لەنێو شارە سەقامگیرەكاندا بڵاوبوونەتەوە بەتایبەتی لەپایتەختدا لەڕێگریكردن لەتەقینەوە تیرۆریستییەكان ئەو رەخنانەی زیاتر كردووە كە ئاڕاستەی هێزە رەسمیەكان دەكرێن، چونكە لەسەرەتای ساڵی نوێوە زیاتر لە300 كەس لەو زنجیرە تەقینەوە خۆكوژیانەدا كوژراون‌و برینداربوون كە ناوچە نیشتەجێكان‌و سەنتەرە بازرگانیەكانیان لەوڵاتدا كردۆتە ئامانج.

دوای چەند رۆژێكیش لەو تەقینەوانەی مەدینە سەدری بەری خۆهەڵاتی بەغدایان گرتەوە، دەیان كەس لەكەسوكاری قوربانیان مانگرتنێكیان لەگۆڕەپانی تەحریری ناوەڕاستی بەغدا رێكخست‌و چادریان بۆ مانەوە هەڵدا وەك ناڕەزاییەك لەبەرامبەر تەقینەوەكاندا، بەڵام هێزەكانی پۆلیس بەبەكارهێنانی بۆمبی فرمێسكڕێژ بڵاوەیان بەمانگرتووان كردو چادرەكانیشیان رووخاندن.

دۆسێی ئەمنی بەغدا لەساڵی 2006وە لەلایەن فەرماندەییەكی باڵای ئەمنیەوە بەڕێوەدەبرێت كە پێی دەوترێت "فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكانی بەغدا"و هێزی هاوبەش لەسوپاو پۆلیسی فیدراڵی‌و پۆلیسی خۆجێیی‌و دەزگاكانی هەواڵگری لەخۆدەگرێت‌و ژمارەشیان نزیكەی 70 هەزار ئەندامی ئەمنی دەبێت‌و لەژێر فەرمانی یەك ئەفسەری سەربازیدان كە بەرپرسە لەئاسایشی پایتەخت.

بەڵام ئەم پلانە خەریكە رووبەڕووی كۆمەڵێك رەخنەی جەماوەری‌و تەنانەت رەسمیش دەبێتەوە، هەفتەی رابردووش محەمەد بەیاتی سەركردە لەهێزەكانی بەدر كە یەكێكە لەپێكهاتەكانی حەشدی‌ شەعبی‌  هێزە ئەمنییەكانی پایتەختی بەوە تۆمەتبار كرد كە لەلایەن دوژمنانەوە دزە كراوەتە نێویانەوە وەك ئاماژەیەك بۆ تیرۆریستان، لەراگەیەندراوێكی رەسمیشدا وتی "فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكانی بەغدا نادەستووریە"و داوایشی لەحكومەتەكەی حەیدەر عەبادی كرد "چاو بەئاسایشی بەغدا بخشێنێتەوەو حەشدی شەعبی لەپاراستنی بەغدا لەهێڵی یەكەم‌و دووەمدا بەشداری پێبكات".

ئەم تۆمەتانە یەكەم تۆمەتی فەرماندەكانی حەشدی‌ شەعبی‌ نین لەدژی هێزەكانی پۆلیس‌و دوا تۆمەتیش نابن، چونكە لەمانگی ئەیلولی ساڵی رابردوودا هێزەكانی "نوجەبا"ی سەر بەحەشدی‌ شەعبی‌ لەراگەیەندراوێكی رەسمیدا رایانگەیاند كە "پێكدادانی چەكداری لەنێوان هێزەكانیان‌و هێزەكانی پۆلیس لەناوچەی زەعفەرانیەی باشووری بەغدا رووی داوە كە ویستوویانە كۆمەڵێك لەئەندامانی پۆلیسی تێوەگلاو لەگەڵ داعش دەستگیر بكەن، بەڵام دەزگای پۆلیس ئەو تۆمەتەی رەتكردەوە.

لەبەرامبەردا پۆلیس رووبەڕووی سەختی دەبێتەوە لەراپەڕاندنی ئەركەكانیدا لەگەڵ بوونی ئەو گروپە چەكدارانەی لەنێو گەڕەكەكاندا بڵاوبوونەتەوەو رێگرن لەجێبەجێكردنی یاسا، چونكە ئەو ئەفسەرانەی لەبنكەكانی پۆلیسی ناوچەكاندا بڵاوبوونەتەوە ناچارن مامەڵەو هاوكاری لەگەڵ بەرپرسانی نوسینگەكانی حەشدی‌ شەعبی‌ بكەن لەو پانتاییە جوگرافیەی دەكەوێتە چوارچێوەی تایبەتمەندی كاریانەوە، وەك ئەسعەد تائی ئەفسەر دەڵێت.

تائی ئەفسەرە بەپلەی نەقیب‌و لەیەكێك لەبنكەكانی پۆلیس لەبەری كەرخی بەغدا كاردەكات، ئەو بە "نیقاش"ی وت "بنكەی پۆلیس ناچارە هەماهەنگی لەگەڵ نووسنگەكانی حەشدی شەعبی لەناوچەكە بكات، بەڕێوەبەری بنكەكەش ناتوانێت ئەوە نەكات، لەبەر ئەوە بەئازادی تەواوەوە كار ناكەین".

وەك تائی دەڵێت هەندێكجار ئەفسەرانی پۆلیس ناچارن مامەڵە لەگەڵ زیاتر لەگروپێكی چەكدار لەناوچەكەدا بكەن "چونكە هەندێك ناوچە نوسینگەی چەندین گروپی چەكداری لێیەو ناتوانین لێپرسینەوە لەو سەرپێچیانە بكەین كە ئەنجامیان دەدەن، بۆ نموونە بەئۆتۆمبێلی بێ ژمارەو جامڕەشەوە دەسووڕێنەوەو پێناسی تایبەتیمان پیشان دەدەن كە بەئاسانی ساختە دەكرێت، لەراستیشدا ئەندامانی پۆلیس لەخاڵەكانی پشكنیندا ناتوانن رایانبگرن‌و لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكەن".

هەندێكجاریش پێكدادان لەنێوان گروپە چەكدارەكاندا لەناوچەكان روودەدەن‌و هێزەكانی پۆلیسیش ناچارن بێلایەن بن‌و نەچنە پێشەوە بۆ راگرتنی، ئەمەش ئاماژەیەكی روونە بۆ پاشەكشەی دەسەڵاتیان لەسەپاندنی یاسادا.

فرەیی پێكهاتە ئەمنیەكان فەوزایەكی نیگەرانكەری لەناو پایتەختدا دروستكردووە، دانیشتووانیش رەخنەی ئەوە دەگرن كە چۆن بەڕۆژی رووناك كاری دزی‌و رفاندن دەكرێت‌و دەشپرسن چۆن رفێنەران دەتوانن بەئاسانی دەیان خاڵی پشكنین ببڕن، زۆرجاریش ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە پێناسی ساختەی سەر بە لایەنی ئەمنی باڵا یاخود حەشدی‌ شەعبی‌ یان هەڵگرتووە.

رۆژی دووی ئەم مانگە دەسەڵاتی دادوەری عێراق بەندكردنی ژنێكی بۆ ماوەی پێنج ساڵ راگەیاند دوای ئەوەی تۆمەتباركرا بەوەی‌ خۆی كردبوو بەئەفسەر بەپلەی عەمید لەحەشدی‌ شەعبی‌، هەروەك لەكاتی دەستگیكردنیدا 14 ناسنامەی ئەمنی ساختەشی پێوەگیرا كە یەكێكیان گوایە لەسەرۆكایەتی وەزیرانەوە دەرچووە، ئەمەش نموونەیەكە لەدەیانی تر سەبارەت بەو فەوزا ئەمنیەی لەوڵاتدا بڵاوبووەتەوە.

هەرچەندە فەرماندەكانی حەشدی‌ شەعبی‌ پابەندبوونیان بەیاساكانەوە دووپات دەكەنەوە، بەڵام زەحمەتە چاودێری ئەو كادرە لاوەكیانە بكرێت كە لە ناوچەكاندا بڵاوبوونەتەوەو خەریكە دەسەڵاتێكی كۆمەڵایەتی‌و ئەمنی پەیدا دەكەن‌و زۆرجاریش یاساكان پشتگوێ دەخەن‌و بەشێوەیەكی نەرێنی مامەڵە لەگەڵ هێزەكانی سوپاو پۆلیس دەكەن.

رۆژی حەوتی ئەم مانگە موقتەدا سەدری سەركردەی رەوتی سەدر كە گروپێكی چەكداری بەناوی "سەرایا ئەلسەلام" هەیە، وتی "پێویستە هەمووان رێز لەو هێزە ئەمنیانە بگرن كە لەخاڵەكانی پشكنیندان، كەس مافی ئەوەی نیە دەستدرێژیان بكاتە سەر ئەگەر لەژێر ناونیشانی حەشدیشدا بێت".

كێشەكە تەنیا پەیوەست نییە بەپارێزگاكانی شیعەوە، بەڵكو پارێزگاكانی سوننەش دەگرێتەوە، چونكە هێزی دەزگای پۆلیس تێیاندا لەپاشەكشەدایە لەبەرامبەر هەڵكشانی هەژموونی پێكهاتە عەشایریە چەكدارەكاندا كە كۆنترۆڵی ئاسایشیان لەنێو گەڕەكەكانی ئەنبارو سەڵاحەدیندا كردووە.

ماجید زیابی لەگەڵ ژمارەیەك هاوكاریدا لەشاری رومادی ناوەندی ئەنبار بەشداری دەكەن لەپاراستنی ئاسایشدا لەبەری باكووری شارەكە شانبەشانی هێزەكانی سوپاو پۆلیس، چونكە رۆڵی جەنگاوەرانی هۆزەكان لەپاراستنی ئاسایشدا بووەتە شتێكی پێویست لەبەر لاوازی هێزەكانی پۆلیس‌و كەمی ژمارەیان.

زیابی بە "نیقاش"ی وت "خەڵكەكە سكاڵای گەندەڵی پۆلیسمان لەلا دەكەن كە تێوەگلاوان لەگەڵ تیرۆریستان دەستگیرناكەن، بەڵام ئیمە بەبێ گوێدانە یاساكانی پۆلیس تێوەگلاوان دەستگیر دەكەین، گرنگترین شت لەئێستادا سەلامەتی دانیشتووان‌و دەستگیركردنی تیرۆریستانە، نەك پابەندبوون بەو یاسا بیرۆكراتیانەی چەند ئەفسەرێكی گەندەڵ جێبەجێیان دەكەن".

لەمانگی تشرینی دووەمی رابردوودا پەرلەمان رەزامەندی لەسەر یاسای حەشدی‌ شەعبی‌ دەربڕی كە تەنیا سێ ماددەی یاسایی لەخۆگرتبوو بەوردی سروشتی ئەركە ئەمنییەكانی ئەم هێزانەیان روون نەكردووەتەوە، یاساكە تەئكید دەكاتەوە كە حەشد هێزێكی ئەمنی رەسمیە، بەڵام روونی ناكاتەوە كە ئایا هێزی سەربازی هاوشێوەی هێزەكانی سوپان كە تایبەتمەندن بەشەڕی بەرەكان یاخود هێزێكی پۆلیسن‌و تایبەتمەندن بەپاراستنی ئاسایش لەناو شارەكاندا؟