بەرەو كۆتایی‌ شەڕی موسڵ
داعش بە "موعجیزەیەكی خودایی" خۆی بۆ دوا شەڕ لەبەری راستی شارەكە ئامادەدەكات

عیراق

03/02/2017‌ 3344 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
پاش ئەوەی داعش بەشی زۆری شاری موسڵی لەدەستدا بۆ هێزە عێراقییەكان، ئێستا بە"موعجیزەیەكی خودایی" خۆی بۆ دوا شەڕ لەبەری راستی شارەكە ئامادەدەكات‌و رۆژ بەرۆژ گوزەرانی‌ خەڵكیش بەرەو خراپی‌ دەڕوات.

لەبەری چەپی رووبای دیجلە سەربازێكی عێراقی وەستاوە بۆ چاودێریكردنی هەر هەوڵێكی دزەكردنی چەكدارانی داعش‌و لەبەری ئەوبەریش قەناس بەدەستێكی چیچانی لەئامادەباشیدایە بۆ ئەگەری پەڕینەوەی هێزە عێراقیەكان بۆ بەری راستی موسڵ دوا مۆڵگەی ئەو رێكخراوە توندڕەوە، لەئەنجامیشدا دانیشتووانی ناوچەكە دابەشبوون بەسەر ئازكراوان‌و گەمارۆدراوان‌و تەنیا رووبارەكە نێوانیان جیادەكاتەوە، بۆیە هەمووان دەستیان لەسەر دڵیانە لەچاوەڕوانی سەعاتی سفری ئۆپراسیۆنەكانی ئازادكردنی بەری راستدا.

پاش چوار مانگ لەشەڕی سەخت كە ئازادكردنی نزیكەی لەسەدا 60ی موسڵی لێكەوتەوە، هێزە عێراقیەكان ئێستا لەپشووی جەنگاوەردان، ئەوەی لەئارادایە رێكخستنەوەی هێزەكان‌و دابەشكردنی رۆڵەكانە بۆ شەڕە یەكلاكەرەوەو زۆرئاڵۆزەكە، ئەویش بەهۆی چڕی دانیشتووان‌و گەڕەگە میللیە كۆنەكان‌و رووبەرە بەرتەسكەكان‌و ژمارەی زۆری چەكدارانی داعش لەو ناوچەیەدا كە دەكرێتە ئامانج.

رێكخراوە توندڕەوەكە درك بەوە دەكات كە لەبارێكدایە ئیرەیی پێ نابرێت، چونكە گوشاری لەسەر زۆربووە دوای ئەوەی هێزە عێراقیەكان – بەتایبەتی دەزگای دژەتیرۆر – شكستیان پێ هێنا، هەروەك ژمارەیەكی زۆر چەكداری هێڵی یەكەم‌و سەركردەی مەیدانی لەدەستداوە، بەڵام هێشتا خۆی بەگەورە دەزانێت‌و بانگەشە بۆ خۆی بڵاودەكاتەوە.

"موعجیزەیەكی خودایی" سەركەوتن بۆ داعش دەهێنێت
كۆتایی داعش لەگەڕەكەكانی خۆرهەڵات‌و باكووردا بەو جۆرە بوو كە ئەوەی كوژرا كوژراو ئەوەشی هەڵات هەڵات، بەڵام سەركردایەتی رێكخراوەكە وازی لەفێڵكردن لەلایەنگرانی‌و دانیشتووانی ناوچەكە ئازادنەكراوەكان نەهێناوە ئەویش وەك هەوڵێكی بێ ئەنجام بۆ شاردنەوەی راستیەكان.

یەكێك لەئەندامانی رێكخراوەكە، كە بەرپرسە لەنەخۆشخانەی ئیبن سینا لەخۆرئاوای شارەكە لەبەردەم كۆمەڵێك لەسەردانیكەران‌و نەخۆشەكاندا پرسی "بۆچی زۆرێك لەپزیشك‌و برینپێچەكان نایەن بۆ دەوام؟ یەكێك لەفەرمانبەرانیش وەڵامی دایەوە: "ئەوانەی لەبەری ئەوبەر نیشتەجێن ناتوانن بین بۆ ئێرە".

"جا بۆچی؟! لەوێ چی روودەدات، ئێمە بەتەواوی كۆنترۆڵی رەوشەكەمان كردووە، كافرو مورتەدەكانمان (هێزە عێراقیەكان) دەركردووە" داعشەكە بەم جۆرە كۆتایی بەقسەكانی هێنا، بەبێ ئەوەی كەسێك بوێرێت راستیەكە بڵێت هەرچەندە هەمووان بەروونی ئاڵاكانی عێراق لەوبەری رووبارەكەوە دەبینن.

تەنانەت دوای تێپەڕبوونی 10رۆژیش بەسەر راگەیاندنی ئازادكردنی تەواوی بەری چەپ لەلایەن حكومەتی عێراقەوە (24ی كانوونی دووەم)و رووماڵی بەرفراوانی كەناڵە ئاسمانیەكان كە رۆژانە وێنە لەگەڕەكە ئازادكراوە جیاجیاكانەوە دەگوازنەوە، وادیارە داعش نایەوێت تەسلیمی واقیع ببێت، بەپێی قسەی چەند شایەدحاڵێك بۆ "نیقاش" هەینی رابردوو وتاربێژان داوایان لەپیاوان‌و ژنانی دانیشتووی بەری راست كردووە – چ ئەندامانی رێكخراوەكە یاخود پشتیوانانی – كوڕەكانیان بنێرن بۆ شەڕكردن شانبەشانی سوپای خەلافەت‌و ئەوەشیان بەزمانی "سەرزەنشتكردن‌و سووكایەتیكردن" پێوتوون.

ئەم وتارەی دوایینی داعش زۆر حەماسی بووە لەسەر رێنمایی دیوانی "دەعوەو مەساجید" كە رێنماییەكانی بەنووسراو بەسەر مزگەوتەكانی شارەكەدا دەگشتێنێت‌و ئەو پەیامانەش لەخۆدەگرن كە رێكخراوەكە دەیەوێت بیانگەیەنێتە خەڵكی مەدەنی‌و چەكدارە توندڕەوەكان.

یەكێك لەو نوێژكەرانەی ئامادەی وتارەكە بووە، دەڵێت "گەنجێكی بەورە چووە سەر مینبەرەكەو دەستیكرد بەسەرزەنشتكردنمان كە كەمتەرخەمبووین لەشەڕكردن شانبەشانی سوپای خەلافەت، پاشان هاواری بەڕووماندا كرد: ئەگەر پێتانوابێت كافرەكان (هێزە عێراقیەكان) دەگەنە بەری راست، ئەوا خەیاڵ دەكەن، سوێندبێت خودا بەموعجیزەیەك سەرماندەخات وەك چۆن پێغەمبەرو هاوەڵەكانی سەرخست كاتێك بایەكی توندی هەڵكردو ریزی ئەو كافرانەی تێكدا كە لەشەڕی ئەحزابدا زیاتر لە1400 ساڵ لەمەبەر گەمارۆیان دابوو!".

داعش شمشێرەكەی بۆ دوا شەڕ تیژدەكاتەوە
دوور لەهەڵای بانگەشەكانیش، رێكخراوەكە لەخۆئامادەكردندایە بۆ دوا شەڕ، چونكە چەند سەرچاوەیەكی پزیشكی بۆ "نیقاش"یان ئاشكرا كرد كە دەیان چەكداری بیانی‌و عەرەبی ناوچەكە لەكۆمەڵگەی پزیشكیدا بڵاوبوونەتەوە كە دەكەوێتە لای بەری راستی رووباری دیجلەو هەندێكیشیان قەناس بەدەستن‌و چوونەتە نهۆمە بەرزەكانی نەخۆشخانەكان.

ئەم جۆرە رێوشوێنانە بەڕوونی لەو گەڕەكە نیشتەجێیانە دەردەكەون كە بەسەر رووبارەكەدا دەڕوانن لەباشووری شارەكە. چەكدارانی داعش دەستیان بەسەر مالًە بەرزەكاندا گرتووەو بەسەر یەكتریدا كردوویاننەتەوەو چەكداری دەمامكداریان لەبەشەكانی باشوور جێگیركردووە كە وادیارە خۆكوژن‌و بەشێوەیەكی نمایشئامێز لەدوای سەركردەكەیانەوە هاواریان دەكرد "یان سەركەوتن یان شەهید بوون" وەك ئەبو سەعد دانیشتووی گەڕەكی غزلانی دەڵێت.

دوای چوار مانگ لەدەستپێكردنی شەڕی ئازادكردنی موسڵ، ئێستا دانیشتووانی شارەكە لەبەری راست دەتوانن ئاڵاكانی عێراق ببینن كە بەبەرزی دەشەكێنەوە، لەكاتێكدا ئاڵاكانی داعش هێشتا بەسەر سەریانەوەن، هەروەك گوێش رادەدێرن بۆ دەنگی ئەو پێكدادانانەی ئێستا لەنێوان سەربازە عێراقیەكانی جێگیربووی پشت رووبارەكەو چەكدارانی رێكخراوەكەدا روودەدەن.

لەهەمان كاتیشدا بارودۆخی مرۆیی زۆر هەستیار بووە، نزیكەی 750 هەزار هاوڵاتی مەدەنی تائێستا گەمارۆدراون كە رێژەیەكی زۆریان چەند مانگێكە لەبرسێتیەكی راستەقینەدا دەژین، چەند مانگێكە نەمیوەو نە سەوزەو نە ماددەی خۆراكی نەچووەتە ناوچەكەیان، ئەوانەش كە ئێستا بەردەستن لەهەڵگیراوی عەمبارەكان دەخرێنەڕوو لەبازاڕدا بەنرخێكی زۆر دەفرۆشرێن‌و ئەگەر گەمارۆكە درێژە بكێشێت ئەوا بازاڕەكان بەتەواوی دادەخرێن.

هەروەك نەبوونی سووتەمەنیش ژیانی لەبەری لای راست بەتەواوی پەكخستووە، شەقامەكان خاڵین لەجموجوڵی هاتووچۆ، تەنیا هۆكاری بچووك‌و مامناوەندی گواستنەوە هەن كە لەنێوان گەڕەك‌و بازاڕەكانی سەنتەری شاردا دەسوڕێنەوە.

ئەو چیرۆكانەی لەهەندێك خێزانی گەمارۆدراویشەوە دێن مایەی سەرسوڕمانن، هەموو ماڵێك دووكەڵی لێ بەرز دەبێتەوە لەئەنجامی دار سووتاندندا، چونكە گازی چێشتلێنان یان خۆگەرمكردنەوە دەستناكەوێت.

زۆربەی ژنانی ماڵەوە لەچێشتخانەكانیاندا توانای هیچیان نییە، لەو بارەیەوە ئوم ئەحمەد لەڕێی تەلەفۆنەوە وتی "دەستمانكردووە بەسوتاندنی ناو ماڵەكان لەكورسی‌و دۆڵاب‌و سیسەم‌و دواجاریش سەرەی دەرگای تەختە هات‌و هەندێكیمان دەرهێناوەو كردومانە بەداری سووتاندن‌و ناشزانین ئایا ناچار دەبین جلوبەرگەكانیشمان بسووتێنین بەرلەوەی ئازاد بكرێین".

دوای ماوەیەك لەكۆكین كە بەهۆی ئەو دووكەڵەوە توشی بوو كە ماڵەكەی پڕكردووە، ئوم ئەحمەد وتی "دووكەڵی رەش روخسارو دیوارەكان‌و هەموو شتێكی رەنگ كردووەو ئەمەش چاكەی خەلیفەیە".

نازانرێت ئوم ئەحمەد ناچار دەبێت چەند دەرگا دەربهێنێت‌و پشووی جەنگاوەریش چەند درێژە دەكێشێت، سەركردە عێراقیەكان بێدەنگن لەبارەی وادەی دوا شەڕی موسڵ‌و پلانە سەربازیەكان‌و ماوەی پێشبینیكراوو پلانەكانی ئاوارەبوون‌و شتی دیكە، بەڵام ئەوەی روونە ئەوەیە وریاییەكی زۆرو ترسێك هەیە لەشەڕی بەری لای راست.