پاشەكشەی داعش لەموسڵ
جووڵەیەكی ناچارییە، یان تاكتیكێكی جەنگی؟

عیراق

21/02/2017‌ 1523 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە ١٧ی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ٢٠١٦، كاتێك حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیران‌و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵی رایگەیاندو دوای زیاتر لەچوار مانگ، داعش لەبەردەم پێشڕەوی ھێزەكانی عێراق خۆیان رانەگرت‌و تێكشكان.

بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی ئەنادۆڵ، ئەو پاشەكشەیەی داعش لەسەرەتای ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ وەك شارەزایانی عێراق باسی لێوە دەكەن بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوەو ژمارەیەكیان پێشبینیدەكەن، كە ئەو پاشەكشەیە جووڵەیەكی ناچاری بێت بەهۆی ئەو زیانە زۆرە، كە داعش بەری كەوتەوە‌و ژمارەیەكیان ھۆكارەكە بۆ ئەوە دەیگەڕێننەوە، كە داعش دواكەوتنی یەكلاییكردنەوەی شەڕەكانی دیاریكردووەو پەنای بردووەتە بەر تاكتێكی دیكەی جەنگی لەوەی دەوێت لەرۆژئاوای موسڵ شەڕەكانی یەكلایی بكاتەوە.

لەهاوینی ساڵی ٢٠١٤ لەماوەی چەند هەفتەیەكدا، رێكخراوی داعش هێرشێكی بەفراوانی كردە سەر ژمارەیەكی زۆری ناوچەكانی باكوورو رۆژئاوای عێراق، كە بەهۆیەوە رێكخراوەكە دەستی بەسەر ژمارەیەكی زۆری چەكی جۆارجۆری سوپای عێراقدا گرتو رووبەرێكی بەفراوانی لەو ناوچانە كۆنتڕۆڵكرد.

ــ گورزەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی
سەبارەت بەتواناكانی ئێستای داعش، شارەزا لەبواری سەربازی‌و سیاسی عێراق، عاید حوسێن ساعاتی رایگەیاند داعشی ئێستا لەرووی هێزی چەكداری‌و شەڕەوە داعشی ساڵی ٢٠١٤ نییەو رێكخراوەكە بەر لەدوو ساڵ بەهۆی پارەو تواناكەی خاوەنی هێزێكی گەورە بوو كاتێك بەشێكی بەرفراوانی لەناوچەكانی عێراق‌و ناوچەكە كۆنتڕۆڵ كرد.

عاید حوسێن ساعاتی بۆ ئاژانسەكە وتی: "ئێستا داعش بەشێوەیەكی هەڕەمەكی شەڕ دەكات، چونكە پلانەكانی مەیدانی وەك پێشوو نییەو ئێستا هەموو چەكدارەكانی تەنیا لەپێناو خۆیان شەڕ دەكەن، یان ئەوەتا دەكوژرێن یان دەستگیر دەكرێن‌و یانیش هەڵدێن".

شارەزاكە وتیشی: "لاوازبوونی تواناو هێزی داعش لەشەو و رۆژێكدا نەهاتووەنە دی، بەڵكو بەهۆی هێرشی ئاسمانی‌و بۆردومانی فڕۆكەكانی هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی هاتووەتە دی، كە بەشێوەیەكی بەرچاو ژێرخانی داعش وێران بووەو سەرجەم هێڵەكانی گەیاندنی پشتیوانی داعشیش بچڕاوە".

عاید حوسێن ساعاتی ئاماژەی بەوەشدا، كە نەبوونی رێككەوتن‌و تەوافی سیاسی ناوخۆیی‌و هەرێمی‌و نێودەوڵەتی لەبارەی قۆناغی دوای داعش لەعێراق، دەبێتە هۆی دواكەوتنی یەكلاییكردنەوەی شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ.

ــ چەكدارەكان ژمارەیان كەمە
دانیشتوی گەڕەكی قودسی بەشی چەپی موسڵ، ئەبو هبە رووداوی شەڕ و پێكدادانەكانی هێزەكانی عێراق دژ بەچەكدارانی داعشی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ گێرایەوەو وتی: "ژمارەی چەكدارەكانی داعش، كە لەگەڕەكەی ئێمەدا بوون لە ١٧ چەكداری تێنەدەپەڕین‌و هەموویان هەرزەكاریش بوون‌و زۆر ترسابوون‌و نەیاندەزانی چی بكەن".

ئەبو هبە وتیشی: "هەر لەدوو كاتژمێر جارێك، چەكدارەكانی داعش خۆیان دەگۆڕی‌و بەجل‌و بەرگی دیكەوە خۆیان دەردەخست بۆ ئەوەی بەدانیشتوانی گەڕەكی قودس نیشانی بدەن، كە ژمارەیان زۆرە بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی مەدەنی بترسێنن‌و نەتوانن راپەڕین دژیان بەرپا بكەن". 

ئەبو هبە ئەوەشی وتی: "بەدوو كاتژمێر هێزەكانی عێراق گەڕەكی قودسییان بەتەواوی كۆنتڕۆڵكردو ئاڵای عێراقییان لەسەر باڵەخانەكانی حكومی بەرزكردەوەو چەكدارەكانی داعشیش هەڵاتن".

ناوبراو جەختیكردەوە، كە سەرجەم ئەو چەكدارانەی داعش سوورن لەسەر شەڕكردن تەمەنیان بچووكەو هەرزەكارن‌و نازانن چارەنووسیان، تەنیا مردنەو هیچ رێگەكی دیكەیان لەبەردەمدا نییە، چونكە ئەوان كەتوونەتە داوی داعشەوە.

ــ ئامادەكاریی بۆ شەڕەكانی داهاتوو
چالاكوانی مەدەنی ئیبراهیم هاشمی وای بۆ دەچێت، كە سوپرایزی شەڕەكانی رۆژهەڵاتی موسڵ، ئەوە بوو داعش لەمیانی رووبەڕووبوونەوەكانی بەرانبەر بەهێزەكانی عێراقی پشتی بەستبوو بەچەكداری ناوخۆیی‌و هەرچی چەكدارە بیانییەكانیش بوو، كە خاوەنی شارەزایی‌و لێهاتوویی شەڕەكانن بۆ شەڕەكانی رۆژئاوای شارەكە ئامادەیكردوون.

ئیبراهیم هاشمی وتی: "داعش هەوڵدەدات یەكلاییكردنەوەی شەڕەكانی بۆ كاتێكی نادیار دوابخات، بۆیە چەكدارە دیارەكانی بۆ رووبەڕووبوونەوەكانی داهاتوو داناوە بەتایبەتیش لەشەڕەكانی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رۆژئاوای موسڵ‌و قەزای تەلەعفەر".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، كە لەسەرەتای مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی رابردوو، داعش پلانی هێرشی دیكەی دادەناو بۆ ئەوەی ئەوە دەربخات، كە خاوەنی هێزە.

چالاكوانەكە وتیشی: "سەرجەم ئەو چەكدارانەی داعش، كە لەگەڕەكەكانی رۆژهەڵاتی موسڵ بوون، تەنیا توانای پەكخستنی پێشڕەویی‌و هێرشی هێزەكانی عێراقییان هەبوو، نەك هێرشكردن".

سەبارەت بەوادەی كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ بەتەواوی ئیبراهیم هاشمی وتی: "شەڕی موسڵ زۆر ئاڵۆزە، بۆیە ئەستەمە بتوانرێت پێشبینی وادەی یەكلاییكردنەوەی شەڕەكە بكرێت".

لە ١٩ی ئەم مانگە سەرۆك وەزیران‌و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، حەیدەر عەبادی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رۆژئاوای موسڵی راگەیاند.

لەم ئۆپەراسیۆنەدا، ٦٠ هەزار كەس لەهێزەكانی عێراق بەشدارن‌و پشتیوانی ئاسمانیش لەلایەن فڕۆكەكانی جەنگی عێراق‌و هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی دابینكراوە.

هــ ـ ح