دەیەوێت كێشەكان "بەهاوسەنگی" چارەسەربكات
یەكێتی دوای پەسەندكردنی "نەخشەرێگای چارەسەری" بەفەرمی وەڵامی پارتی دەداتەوە

کوردستان

23/02/2017‌ 1501 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەكێتی نیشتمانی كوردستان دوای پەسەندكردنی "نەخشەرێگای چارەسەری" بەفەرمی وڵاتی پارتی دیموكرات دەداتەوە، كە دەیەوێت "بەهاوسەنگی" چارەسەری كێشەكانی هەرێمی كوردستان بكات.

ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی، رۆژی چوار شەممە (22/2/2017) كۆبووەوە، بەپێی ئەو زانیارییانەی لەچەند سەرچاوەیەكی ناو كۆبوونەوەكە بەشارپرێس دراوە، ئەنجوومەنەكە بەچڕی تاوتوێی "نەخشە رێگەی چارەسەری"یان كردووەو زۆرینەی ئەندامانی سەركردایەتیش تێبینیان لەسەر چەند بڕگەیەكی نەخشە رێگاكە هەبووە، كە دوای تاوتوێكردنیش گۆڕانكاریان لەچەند خالێكی نەخشەرێگاكە كردووە.

هەر بەپێی زانیارییەكانی شارپرێس، لەبەشی یەكەمی  كۆبوونەوەكەی دوێنێ‌ ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی، لەكۆی ئەو 8 بڕگەی لەنەخشەرێگاكەی مەكتەبی سیاسی هاتووە پاش دەستكاریكردن بەكۆی دەنگ 4 بڕگەیان پەسەندكراوە.

مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی رۆژانی (11/2)، (16/2)، (18/2/2017)، سێ كۆبوونەوەی ئەنجامدا، ئەوەش بۆ ئامادەكردنی نەخشەرێگایەك بۆ چارەسەری ئەو كێشانەی ماوەی ساڵێك زیاترە لەنێوان لایەنەكان دروستبووەو دوای ئامادەكردنی نەخشەكەش خرایە بەردەم ئەنجوومەنی سەركردایەتی.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە دوای ئەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی لەكۆبوونەوەكانی داهاتوو نەخشەرێگاكەی چارەسەركرد، ئەوە بەفەرمی وەڵامی پارتی دیموكراتی كوردستان دەداتەوەو دوای وەڵامەكەش دەست بەگەرێكی نوێی كۆبوونەوەكان دەكرێت.

شارپرێس لەزاری ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی ئەوەشی زانیوە، كە یەكێتی "بەو نەخشەرێگەی بەهاوسەنگی كێشەكانی هەرێمی كوردستان چارەسەربكات، بەو هۆیەشەوە ئەو نەخشەرێگایەی ئامادەكردووە".

بڕیارە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیش بەردەوامی هەبێت، ئەوەش بۆ پەسەندكردنی تەواوەتی نەخشەرێگاكەو بڕیارە دوای پەسەندكردنی ببێتە بەرنامەی حیزبەكە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكانی تر.

پێشتر بێگەرد تاڵەبانی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، ئەوەی راگەیاندبوو "نەخشەرێگاكە سەرجەم كایەكانی هەرێمی كوردستانی لەخۆگرتووە‌، لەوانە واقعی دوای داعش‌و پرسی سەرۆكایەتی هەرێم‌و پرسی سەربەخۆیی كوردستان‌و دۆخی هەرێم‌و عێراق‌و ناوچەكەو ئەو قەیرانانەی، كە بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووەو چۆنییەتی دەربازبوون لێیان".

بێگەر تاڵەبانی راشیگەیاندبوو، هەر ئەمەش وایكردووە كە گفتوگۆی  ورد لەبارەیانەوە بكرێت‌و بۆچوونی یەكێتی لەبارەی گشت پرسەكانەوە لەئایندەدا بخرێتەڕوو، بۆیە كۆبوونەوەكانیش بەردەوامی دەبێت.

لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم كێشە لەنێوانیان دروستبوو، بەهۆشییەوە لەساڵی 2015وە پەرلەمانی كوردستان پەكیكەوتووەو كارەكانی حكومەتی هەرێمیش كێشەی بۆ دروستبووە، كە یەكێتی لەنەخشەرێگاكە میكانیزمەكانی چارەسەری بۆ ئەو كێشە دیاریكردووە.

هـ ـ ح