یەكێتی: ئیرادەی بەهێز بۆ رێكەوتنی لایەنەكان هەیە

کوردستان

23/02/2017‌ 676 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند ئیرادەیەكی بەهێز بۆ گەیشتن بەرێكەوتنی هەموو لایەنەكان هەیە.

ئەو قسانەی سەعدی ئەحمەد پیرە لەمیانی كۆبوونەوەیەكی بووە لەگەڵ جۆوانا ناپان كونسوڵی راوێژكاری پێشكەوتووی نووسینگەی سیاسی نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان لەهەرێمی كورستان، كە ئەمڕۆ (پێنج شەمە) لەشاری هەولێر ئەنجامدراوە.

بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە، هەردوولا باسیان لەبارودۆخی سیاسی‌و پێشهات‌و گۆڕانكارییەكانی هەرێمی كوردستان‌و عێراق‌و ناوچەكە كردووە.

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، سەعدی پیرە باسی دەرەنجامی زنجیرە كۆبوونەوەكانی ئەمدواییەی نێوان هێزو لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان كردووە، ئەوەش بۆچارەسەركردنی كێشە سیاسی‌و یاساییە هەڵواسراوەكان‌و باشتركردنی بارودۆخی ئابووری‌و دارایی هەرێمی كوردستان.

ماوەی ساڵێك زیاترە كێشەی سیاسی لەنێوان لایەنەكانی هەرێمی كوردستان دروستبووە، ئەوەش بەهۆی رێككنەكەوتنی ئەو لایەنەنانە لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم، كە بەهۆیەوە كارەكانی پەرلەمان پەكیكەوتووەو كێشە بۆ حكومەتیش دروستبووە.

بەم دوایانەش لایەنە سیاسییەكان بەتایبەتی پارتی دیموكرات‌و یەكێتی دەستیان بەگفتوگۆ كردووە بۆ چارەسەری كێشەكان، ئەوەش لەسەر بنەمای دەستپێشخەرییەكی مەسعود بارزانی، كە لەمانگی 11 رابردوو بۆ لایەنەكان رایگەیاندبوو.

هەر لەو لەو كۆبوونەوەیەدا، پەیوندییە نێودەوڵەتی‌و هەرێمایەتییەكان‌و چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو كێشەو ململانێیانەی لەناوچەكەدان گفتوگۆی لەبارەوە كرا، ئەوەش بەپێی راگەیەنرا.

هـ ـ ح