داوای دیاریكردنی میكانیزمی جێبەجێكردنی نەخشەرێگاكەی یەكێتی دەكرێت

کوردستان

25/02/2017‌ 688 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رێزان شێخ دلێر، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: لەگەڵ ئامادەكردنی نەخشەرێگەكەی یەكێتی نیشتمانی بۆ چارەسەری كێشەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت میكانیزمەكانی جێبەجێكردنیش دیاریبكرێت،  تا چاوەڕوانی خەڵك لەو نەخشەیە بەدیبێت‌و جێبەجێكردنی بەكات نەسپێردرێت.

رێزان شێخ دلێر، كە لەسەر پشكی یەكێتی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە، لەمیانی نووسینێك هەروەها دەڵێت: "كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكێتی‌و نەخشەڕێگا.. لەكاتێكی هەستیار سازدەكرێت‌و ئەو كۆبوونەوەیە خۆشحاڵم دەكات، كە یەكێتی هێزێكە، خۆی بەبەرپرس دەزانێت بەرانبەر بەكوردستان‌و ‌كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، لەو پێناوەشدا سەركردایەتی‌و سەركردەكانی، پشت لەجیاوازییەكان لەپێناو بەرژەوەندی كوردستان‌و كۆمەڵانی خەڵكدا كۆ دەبنەوە، بۆ ئەوەی قسە لەسەر داڕشتن‌و ئامادەكردنی نەخشەڕێگەیەك بكەن، بۆ چارەسەكردنی قەیرانی سیاسی‌و ئابووری‌و ئیداری لەكوردستاندا".

یەكێتی نیشتمانی نەخشەرێگای بۆ چارەسەری كێشەكانی هەرێمی كوردستان داڕشتووەو ئەنجوومەنی سەركردایەتیش بۆ پەسەندكردنی تەواوی نەخشەكە ئەمڕۆ شەممە كۆدەبێتەوە، بۆ ئەوەی تەواوی نەخشەرێگاكەی حیزبەكەی پەسەند بكات‌و بیكاتە پرۆژەی خۆی بۆ چارەسەری كێشە سەرەكییەكانی هەرێم.

ئەنجوومەنەكە رۆژی چوار شەممەی رابردوو كۆبووەوە، كە لەو كۆبوونەوەدا چوار مادەی پرۆژەكە پەسەندكراوەو بڕیارە ئەمڕۆش دوای تاوتوێكردن تەواوی پرۆژەكە پەسەندبكرێت، كە لەو كۆبوونەوانە بەرهەم ساڵحی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی بەهۆی نیگەرانییەكانی لەحیزبەكەی بەشدارینەكردووە.

پەرلەمانتارەكە لەو بارەوە دەڵێت: دڵنیام ئەگەر بەرهەم ساڵح بەشداری كۆبوونەوەكان بوایە، نەخشەرێگاكە دەوڵەمەندتر دەبوو، "میكانزیمەكانی جێبەجێكردنیشی باشتر دیاریدەكران، بەهیوام، رای بەڕێزیشی بەهەند وەربگیرێت‌و هەموان لەپێناوی كوردستاندا، پێكەوە هاوكارو هەماهەنگ بن".

نەخشەرێگاكە لەهەشت خاڵی سەرەكی پێكهاتووە، كە بریتین لە: پەیوەندی نوێی یەكێتی‌و لایەنە سیاسییەكان، دۆخی نێودەوڵەتی‌و ناوچەكەو كوردستان، گۆڕانكاری پۆستەكانی سەرۆكایەتی، كێشەی ئابووری، كێشەی نەوت‌و گاز‌و تێكڕایەتی شەفافی، قەیرانی دارایی‌و پاشەكەوتی موچە، بودجە، پاكسازی‌و چاكسازی‌و نوێسازی، ریفراندۆم‌و سەربەخۆیی.

لەپڕۆژەكەدا ئەوە هاتووە، كە یەكێتی سەرتاپا دەبێت بەرێككەتنی لەگەڵ پارتیدا بچێتەوەو لەسەر بنەمایەكی نوێی هاوسەنگ رێككەتن دابڕێژرێتەوە، هەروەها رێككەوتنی گۆڕانە بەگرنگ ناوبردووەو رایگەیاندووە "سازانی سیاسی لای یەكێتی پێویستە".

هاوكات پێشنیازی پێكهێنانی دەستەی سەرۆكایەتی هەرێمی كردووە لەگەڵ پێكهێنانی دەستەیەك بۆ گۆڕانكاری لەدەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، كە ئەم پڕۆژەیە كۆتایی نییەو بڕیارە ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی تاوتوێی خاڵەكانی بكات‌و پاشان دەنگی لەسەر بدات، پێشبینیش دەكرێت گۆڕانكای تێدا بكرێت.

هـ ـ ح