یەكێتی گۆڕانكاری لەپۆستە سەربازییەكان دەكات
گۆڕانكارییەكان بەپێی رێككەوتنی باڵەكانی حیزبەكە دەكرێت

کوردستان

26/02/2017‌ 4639 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
یەكێتی نیشتمانی كوردستان گۆڕانكاری لەپۆستە سەربازییەكان دەكات، كە گۆڕانكارییەكان بەپێی رێككەوتنی باڵەكانی حیزبەكە دەكرێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەچەند سەرچاوەیەكی ناو مەكتەبی سیاسی یەكێتی دراوە بەشارپرێس، گۆڕانكارییەكان لەو پۆستە سەربازییانەی سنووری ئیدارەی سلێمانی‌و هەڵەبجەو گەرمیان‌و راپەڕین‌و كۆیە دەكرێت، كە لەیەن كاندیدانی ئەو حیزبەوە بەڕێوەدەبێت.

هەر بەپێی زانیارییەكان، گۆڕانكارییەكان سەرەتا لەپۆستی بەرێوەبەرایەتییەكانی ئاسایش ئەو سنوورانە ئەنجامدەدرێت، كە بەشێك لەپۆستەكان ئاڵوگۆڕیان پێدەكرێت‌و بەشێكیش لەپۆستەكان بەرێوەبەرەكانی ئێستایان دووردەخرێتەوەو كەسانی تر لەشوێنی دادەنێن.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، جگە لەپۆستەكانی ئاسایش لەماوەی داهاتوو گۆڕانكاری تری سەربازی چ لەسنووری ئیداریی ناوچە نفوزی یەكێتی، كە بەزۆرنی سەوز ناسراوە، چ لەناوخۆی حیزبەكەش دەكرێت، كە وردەكارییەكەی بەتەواوەتی رووننەكراوەتەوە.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە گۆڕانكارییەكان بەپێی رێككەوتنی هەردوو باڵی "ناوەندی بڕیارو دەسترۆیشتوو"ی یەكێتی دەكرێت‌و ئەو گۆڕانكارییانەش كراون بەمەرج بۆ چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانی حیزبەكە.

لەماوەی رابردوو باڵەكانی یەكێتی ناكۆكی‌و كێشە لەنێوانیان هەبوو، كە بەشێك لەناكۆكی‌و كێشەكان پەیوەندی بەو گۆڕانكارییانەوە هەبوو، بەڵام ماوەیەكە باڵەكانی یەكێتی دەستیان بەكۆبوونەوە كردووەو هەوڵی چارەسەری ئەو كێشەو ئاڵۆزییانە دەدەن.

هـ ـ ح