بەكارهێنەرانی‌ مادە هۆشبەرەكان بۆ دوو ئەوەندە زیادیان كردووە

کوردستان

10/03/2017‌ 2431 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
رۆژ بەرۆژ مقۆمقۆی‌ ناو خەڵكی‌ سەبارەت بەزۆربوونی‌ ژمارەی‌ بەكارهێنەرانی‌ مادە هۆشبەرەكان زیاددەكات، ئێستا ئامارە فەرمییەكانیش هەڵكشانی‌ ئەو ژمارەیە پشت راستدەكەنەوە.

تا ئەو كاتەی‌ ئاسایشی‌ سلێمانی‌ ژمارەی‌ دەستگیركراوانی‌ بەكارهێنەرانی‌ مادە هۆشبەرەكانی‌ ئاشكرا نەكردبوو، قسەكردن لەسەر زیادبوونی‌ بەكارهێنەرانیان بێ‌ بەڵگە بوو، بەڵام بەڵگەكە لەسەر دەستی‌ ئاسایش خرایە روو.

سەرەتای‌ مانگی‌ كانوونی‌ دووەمی‌ رابردوو عەمید جەلال ئەمین بەگ، بەڕێوەبەری نەهێشتنی مادە هۆشبەرەكان لەبەڕێوەبەرایەتی  ئاسایشی سلێمانی، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا  راگەیاند، بەكارهێنانی مادەهۆشبەرەكان لەشارەكە لە 100% زیادی كردوە، بەوپێیەی لە 2016 دا  310 كەس بەتۆمەتی بەكارهێنان‌و بازرگانیكردن بەمادەی هۆشبەرەوە دەستگیركراون،‌ ئەمە لەكاتێكدایە ساڵی 2015 ‌نزیكەی 150 كەس بەتۆمەتی بەكارهێنانی ئەو مادانە دەستگیركرابوون. لەدوو مانگی‌ رابردووشدا جموجۆڵەكانی‌ ئاسایش هەڵكشانی‌ زیاتری‌ ژمارەی‌ ئەو كەسانە پشت راست دەكاتەوە.

بەوتەی عەمید جەلال لەو رێژەی  كە لە ساڵی 2016 دەستگیركراون،  تاكاتی بەستنی كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەی  61 كەسیان حوكمی تەواوەتیان وەرگرتوە، لەبارەی سزای سزادراون، هێمای بۆ ئەوە كرد كە لە 1 بۆ 15 ساڵ سزای زیندانیان بەسەردا سەپێندراوەو لەو دەستگیركراوانەش 38 كەسیان رەوانەی دادگا كراون بۆ مەبەستی سەپاندنی سزا بەسەریاندا. لەگەڵ ئەوەشدا 33 لەو كەسانە، تاوانەكانیان بەسەردا ساغ نەبوەتەوەو ئازادكراون.

جەلال ئەمین بەگ، جگە لەزیادكردنی رێژەی بەكارهێنان‌و بازرگانی بەماددەهۆشبەرەكانەوە، مەترسی ئەوەشی خستەڕوو،  لە ساڵی 2016  جیاواز لەساڵانی دیكە ژنانیش خزاونەتە ناو كارەكەوەو ئاشكرای دەكات لەو ژمارەیەی دەستگیركراون، 10 كەسیان ژنن.

عەمید جەلال وێڕای ئەوەی جەختی لەوە كردەوە كە تاوەكو ئێستا بەكارهێنانی مادە هۆشبەرەكان لەهەرێمی كوردستان نەبوەتە دیاردە، بەڵام ئەگەر رێژەكە بەو شێوەیە لەزیادبوندا بێت ئەوا بەكارهێنانەكە لە لەحاڵەتەوە‌ دەبێتە دیاردە.

لەبارەی هۆی زۆربونی بەكارهێنەرانی مادەهۆشبەرەكان‌و فراوانبونی بازرگانیكردن پێوەی جەلال ئەمین بەگ  زیادبونی رێژەكەی‌ بۆ ئاڵۆزبونی بارودۆخی سیاسی‌و ئابوری ناوچەكە و كوردستان گەڕاندەوە.

ئەو زانیاریانەی‌ بەرپرسەكەی‌ ئاسایشی‌ ئاماژەی‌ پێكرد بەلای‌ شارەزایانی‌ بوارەكەوە سەلمێنراون‌و ئاماژە بەوە دەكەن خراپی‌ دۆخی‌ سیاسی‌‌و ئابوری‌‌و بێكاری‌، لەو هۆكارانەن كە گەنجان بەرەو خەمۆكی‌ دەبەن‌و بەشێكیان تووشی‌ تێوەگلان دەبن لەبەكارهێنان یان بازرگانیكردنی‌ بەمادە هۆشبەرەكان.

یادگار حاجی توێژەری دەروونی  لەزیندانی چاكسازیی  گەورانی سلێمانی، ئەو زیندانیەی‌ سزادراوانی‌ مادە هۆشبەرەكان‌و تاوانبارانی‌ تری‌ تیا دەستگیر دەكرێن،  ئاشكرای دەكات، نزیكی سنورەكانی ئێران‌و گواستنەوەیان بۆ ناوخاكی هەرێم هۆكارێكی سەرەكیە كە بەردەوام ژمارەی بەكارهێنەرانی ئەو مادانە زیاد دەكات.

لەئێران ژمارەی‌ بەكارهێنەرانی‌ مادە هۆشبەرەكان بەزیاتر لەدوو ملیۆن كەس مەزەندە دەكرێت، ئەمەش برەوی‌ بەبازرگانی‌ ئەو بوارە داوە، بەو پێیەش كە هەرێمی‌ كوردستان سنورێكی‌ بەرفراوان لەگەڵ ئێراندا هەیە، بۆیە مادە هۆشبەرەكان بەئاسانی‌ لەرێگا قاچاخەكانەوە دەگوێزرێنەوە.

لەبارەی داتاو زانیاریەكانی ئاسایشی سلێمانی‌و خستەڕووی ژمارەی دەستگیركراوەكان،  د. خاڵس قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی  حكومەتی هەرێمی كوردستان بە"نیقاش"ی وت "لەو رێژەو داتایانە ئاگادارنین كە ئاسایشی سلێمانی لەبارەی بەكارهێنان‌و بازرگانی مادەهۆشبەرەكانەوە خستویەتیەڕوو، بەڵام بەهەموو وەزارەتەكان لەهەوڵی ئەوەداین نەخشەرێگایەك دابنێین‌و بە هەمولایەك دەتوانن بەری لێبگرین".

ئەو رێژەو داتایانەی كە ئاسایشی سلێمانی ئاشكرای كردوە تەنیا بەكارهێنان‌و بازرگانی كردنی ناوەندی شاری سلێمانیەو هەر لەو پارێزگایە ئیدارەكانی گەرمیان‌و رانیەو شوێنەكانی دیكە داتاو زانیاری تایبەت بەخۆیان هەیە، ئەمە لەپاڵ پارێزگاكانی‌ هەولێرو دهۆك‌و هەڵەبجەشدا كە باس لەهەڵكشانی‌ ژمارەی‌ بەكارهێنەرەكان دەكرێت بێ‌ ئەوەی‌ بەئاماری‌ فەرمی‌ پشت راست بكرێنەوە.

بەرپرسەكەی ئاسایشی سلێمانی  باس لەوە دەكات كە لەپارێزگاكانی‌ تری‌ كوردستانیش ئەم حاڵەتانە بەربڵاون‌و وتی‌ "لەسنووری‌ پارێزگای‌ هەولێر دەستگیراوە بەسەر كێڵگەیەكی‌ ماددە هۆشبەرەكان‌و دوو كەسی‌ بەڕەگەز توركیان دەستگیر كردووە، كەئەو كێڵگەیان بەرهەم هێناوە".

لەبارەی جۆرو شێوازی بەكارهێنانی مادەكانەوە جەلال ئەمین بەگ  بە"نیقاش"ی وت "زۆرترین بەكارهێنان‌و بازرگانیكردن بەمادەی  حەشیشەوە دەكرێت، چونكە مادەیەكی هەرزانەو زوو دەست دەكەوێت‌و بەكارهێنانی بەشێوازێكی ئاسانە، لەهەمانكات لەهەمووی مەترسیدارترە، چونكە كەسی بەكارهێنەر دەوروپشتەكەی وەڕسدەكات‌و ناهێڵێت خێزانەكانیان پشوبدەن".

بەرپرسانی‌ دەزگا ئەمنی‌‌و تەندروستییەكان باس لەوە دەكەن كە حاڵەتەكان بەئەندازەیەكە دەتوانرێ‌ كۆنترۆڵبكرێن، بەڵام مەترسییە گەورەكەیان ئەوەیە جۆری‌ بەكارهێنانەكان بگۆڕێن بۆ جۆرە سەخت‌و قورسەكان.

سەلمان ساڵح پزیشكی دەرمانساز لەمبارەیەوە بە"نیقاش"ی‌ وت "رێگاكانی بەكارهێنانیان  جیاوازە،   كەسی بەكارهێنەر   سەرەتا بەحەب دەست پێدەكات، دواتر بە شێوازی هەڵمژین، وەك ئەوەی بە حەشیش ناودەبرێت، كە ئەمەیان زۆر مەترسیدارەو ماددەكە یان دووكەڵەكەی هەڵدەمژێت، دوا قۆناغیش كە مەترسییەكەی‌ زۆر زیاترە ئەوەیە مادەكە لەرێگای دەرزی لێدانەوەیە لەدەمارەكان بەكاردەهێنرێت".

دوو مانگی‌ رابردووی‌ ئەمساڵیش، واتە لەدوای‌ كۆنگرە رۆژنامەنوسییەكەی‌ ئاسایشەوە، چەند جارێك هەواڵی‌ دەستگیركردنی‌ مادەی‌ هۆشبەرو بەكارهێنانیان بڵاوكراوەتەوە، گەورەترنیان دەستگرتن بوو بەسەر ئۆتۆمبێلێكی‌ بەرهەڵگردا لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی سلێمانییەوە لەشارۆچكەی عەربەت ( 25 كلم لەخۆرهەڵاتی سلێمانی) كە نزیكەی یەك میلۆن دەنكە حەبی ترامادۆڵی تێدا بووە.

ئێستا خەمی‌ شارەزایان‌و دەزگا ئەمنییەكان ئەوەیە، چۆن وابكەن ئەمساڵ رێژەكە زیاتر نەكات جا یا بەری‌ پێبگرن یاخود كەمتر بێتەوە، هەرچەندە توێژەرە كۆمەڵایەتییەكەی‌ زیندانی گەورانی سلێمانی باس لەوە دەكات بەكارهێنەرو بازرگانی مادەهۆشبەرەكان، بەردەوام  روو لە زیادبون دەكات.

یادگار حاجی بە"نیقاش"ی وت "بەداخەوە دەبوو ئەو كەسانە وەك نەخۆش مامەڵیان لەگەڵ بكرێت‌و دوای چارەسەر بگەڕێنەوە ناو كۆمەڵگەو ببنە نمونە بۆ كەسانی دیكە، بەڵام وەك زیندانی مامەڵیان لەگەڵ دەكرێت ئەمەش كارێكی هەڵەیەو بەردەوام بەكارهێنەرانیان روو لەزیادبوون دەكەن بۆیە ناتوانرێت بەربەستیان بۆ دابنرێت".