شەڕی‌ بەوەكالەتی‌ هێزە كوردییەكان
چەقی‌ ناكۆكییەكانی‌ داهاتوو "قەندیلی‌ دووەم" دەبێت

کوردستان

16/03/2017‌ 3763 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
ئەگەرەكانی‌ رووبەروونەوەی‌ پەكەكەو پارتی‌ زۆرن، ئەوەی‌ لەشنگال روویدا زەنگێكی‌ ئاگاداركردنەوە بوو، هەرچەندە خەڵكی‌ كوردستان پێشبینیان دەكرد، بەڵام باوەڕیان نەبوو بەو زووییە بێت.

ئەو مەترسییە لەسەر دروستبوونی‌ شەڕی‌ كوردو كورد دوای‌ داعش لەهەرێمی‌ كوردستاندا، هاوڵاتیانی‌ ئەو هەرێمەی‌ توشی‌ دڵەراوكێی‌ دروستبوونی‌ كێشەیەكی‌ نوێ كردۆتەوە، لەپاڵ قەیرانی‌ سیاسی‌‌و داراییدا كە تائێستاش لێی‌ دەرنەچوون.

چەكدارەكانی‌ یەكنیەكانی‌ بەرخۆدانی‌ شنگال (یەبەشە)و لەشكری‌ (رۆژ)ی‌ سەر بەهێزەكانی‌ زێرەڤانی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان لەناوچەی‌ (خانوسور)ی‌ قەزای‌ شنگال تەنیا 300 مەتر لەیەكەوە دوورن، ئەوان پەنجەیان لەسەر پەلەپیتكەی‌ تفەنگەكانیانە بۆ ئەگەری‌ دووبارەبوونەوەی‌ پێكدادانی‌ نێوانیان كە چاوەڕوانكراوە وەك ئەو پێكدادانەی‌ لە 3ی‌ ئەم مانگە رویداو قوربانی لەنێوان ئەو دوو هێزە كوردییەی لێكەوتەوە.

یەبەشە، كە نزیكە لەپارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان (پەكەكە)و لەشكری‌ (رۆژ) یش كە لەكوردانی‌ سوریا پێكهاتووە‌و سەر بەحكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستانن‌و بەدیاریكراوی‌ لەپارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانەوە نزیكن، ناكۆكی‌ هەردولا لەسەر بونیانە لەقەزای‌ شنگال كە لەساڵی‌ 2014دا بەهۆی‌ هێرشی داعشەوە هەزاران هاوڵاتی‌ ئێزدی‌ ناوچەكە ئاوارەبوون‌و سەدانیشیان لێكوژرا یان لەلایەن ئەو گروپە بەدیل گیران.

قادر شێخ مەمی‌ فەرماندە لە لەشكری‌ (رۆژ) پێبیشنی‌ دووبارەبونەوەی‌ شەڕی‌ ئەوان لەگەڵ یەبەشە دەكات گەر بارودۆخەكە بەو شێوەیە بڕوات بێ چارەسەركردنی‌، ئەو بە"نیقاش"ی وت "ئێمە لەگەڵ شەڕی‌ برا كوژیدا نین، بەڵام  ئەگەر كوڕەكەشت لاساری‌ بكات لێی‌ دەدەیت" ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ هێرشكردنە سەر یەبەشە.

قادر شێخ مەمی‌ یەبەشە تۆمەتبار دەكات بەوەی‌ لەژێر كۆنتڕۆڵی‌ پەكەكەدان‌و دەڵێت "ئەوان خەڵكی‌ كوردستانی‌ توركیان با بچن دووشاخ لەوێ رزگابكەن".

هەركام لەو دوو هێزە ئۆباڵی‌ شەڕەكە دەخاتە ئەستۆی‌ ئەوی‌ تر، بەوتەی‌ ئەو بەرپرسانەی‌ لەشكری‌ (رۆژ) كە "نیقاش" دواندونی ئەوان ویستویانە بچنە ئەوسنورە تا لەرێگەی‌ شنگالەوە هێڵی‌ سنوری‌ نێوان عێراق‌و سوریا  بپارێزن لەدژی‌ چەكدارانی‌ داعش، بەڵام یەپەشە ئاماژە بەوەدەكات كە چونی‌ ئەوان بۆ دەركردنیان بووە.

سەرحەد شنگالی بەرپرسی پەیوەندیەكانی‌ یەبەشە دەڵێت هێزی‌ (رۆژ) ئامادەكارییان كردووە بۆ  ئەوەی‌ جارێكی‌ تر هێرش بكەنەوە سەریان‌و  هێزی‌ سەربازییان هێناوەتە سنورەكە بەپشتیوانی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان.

سەرحەد شنگالی كە  ئێزدییەكی‌  قەزاكەیە بە"نیقاش"ی‌ وت "پاساوی‌ ئەوان بۆ هێرشكردنە سەر ناوچەكانی‌ ژێر دەستمان ئەوەیە كە چەكداری‌ پەكەكەی‌ لێیە لەكاتێكدا ئەوان ژمارەیان لە 100 كەس تێپەرنابن‌و كاریان راوێژكاریی‌ سەربازییەو مەشق بەهێزەكانمان دەكەن".

پێدەچێت هۆكاری‌ سەرەكی‌ پێكدادانەكان ئەوە نەبێت كە خۆیان باسی دەكەن‌و روداوەكەی‌ خانەسۆر تەنیا دەرەنجامبێت، ئەو ناكۆكییەی‌ نێوان پەكەكەو پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان كە پاڵپشتی‌ لەشكری‌ (رۆژ) دەكات رەهەندی‌ هەرێمی‌ هەیە، بەتایبەت كە ناكۆكی‌ نێوان ئەو دوو هێزە پەلی كێشاوە بۆ ناو كوردستانی‌ سوریاش بەوپێیەی‌ چەندینجار هەرێم  پارتی‌ یەكێتی‌ دیموكرات (یەپەدە)ی‌ تۆمەتبار كردووە بەتاكڕەوی‌ لەو بەشەی‌ كوردستان‌و رێنەدان بەكاركردنی‌ ئەو لایەنە سیاسیانەی‌ نزیك لەپارتی دیموكراتی‌ كوردستانەوە.

ئاگربەستی‌ شەڕی‌ نێوان دووهێزە سەربازییە كوردیەكەی‌ شنگال كاتییەو ئەگەری‌ دووبارە رودانەوەی‌ زۆرە هەرچەندە وەزارەتی‌ پێشمەرگە ئەو كات نێوەنگیری‌ كرد بۆ راوەستانی‌.

جەمال ئیمینكی‌ سوپا سالاری‌ وەزارەتی‌ پێشمەرگە كە خۆی‌ بەشداربوو لەدانوستانی‌ وەستانی‌ شەڕی‌ نێوان دوو هێزە كوردییەكەدا، بە"نیقاش"ی‌ وت "شنگال بەشێكە لەهەرێمی‌ كوردستان‌و پەكەكە دەرفەتی‌ هاتنی‌ داعشیان قۆستۆتەوە بۆ ئەوەی‌ دەست بەسەر ئەو ناوچانە بگرن، ئەگەر لەو ناوچەیە خۆیان بەخاوەن دەسەڵات بزانن لێیان قبوڵناكەین، چونكە ئەوان پارتێكی‌ سەر بەهەرێمی‌ كوردستان نین تا لەو ناوچەیە بن".

جەمال ئیمنیكی،‌ كە ئەویش كاندیدی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانە لەو پۆستە فەرمییەدا وتیشی‌ "تائێستا هیچ رێكەوتنێك ئیمزا نەكراوە بۆ كۆتایی‌ هێنان بەو ناكۆكییەو ئەگەر پەكەكە لەسەر ئەو عەقڵیەتە بەردەوام بێت هەموو رۆژێك رودانەوەی‌ شەڕ ئەگەرێكی‌ بەهێزە، ئەوان رێنادەن لەشكری‌ (رۆژ) كەسەر بە رۆژئاوایە لەو بەشەی‌ كوردستان بن  كە لەشنگالیش رێگریان لێبكەن ئەی‌ بچنە ئاسمان".

ئەوە جاری‌ یەكەم نییە ناكۆكی‌ نێوان پارتی‌‌و پەكەكە بگاتە ئاستی‌ پێكدادان، لەسەرەتای‌ ساڵی‌ 1992 دا پێكدادانی‌ نێوان یەكە سەربازییەكانی‌ ئەو دووهێزە لەشاری‌ دهۆك قوربانی لێكەوتەوەو لەساڵی‌ 1994 یشدا پێكدادانی‌ ئەو دووهێزەكە گەیشتە ئاستی‌ بانگهێشتكردنی‌ سوپای‌ توركیا بۆ ناو خاكی‌ هەرێم بۆ رووبەروو بونەوەی‌ كە تائێستاش بنكە سەربازییەكانیان لەسنوری‌ دهۆك ماوە.

پەكەكە دروستبونی‌ ئەو ناكۆكییە دەبەستێتەوە بەنزیكبوونەوەی‌ نێوان پارتی‌‌و حكومەتی‌ توركیاوە كە دووەمیان لەململانێیەكی‌ سەربازی‌ زیاتر لەسی ساڵیداییە.

سەرحەد ڤارتۆ وتەبێژی‌ پەیوەندییەكانی‌ دەرەوەی‌ پەكەكە بە"نیقاش"ی‌ وت "ئەوهێزەی‌ هێرشیان كردە سەر بەیەشە لەلایەن پارتی‌‌و توركیاوە مەشقیان پێدەكرێت بەو چەكە ئەڵمانیانە هێرشین كردە سەر ئێزدییەكان كە دراونەتە حكومەتی‌ هەرێم بۆ پاراستنی‌ ئەو پێكهاتەیە لەشنگال".

ناكۆكی‌ نێوان پەكەكەو پارتی پاڵنەرێكی‌ گەورەتری‌ لەپشتەوەیە كە پەیوەندی‌ بەهاوكێشەی‌ ململانێ هەرێمیەكانەوە هەیە.

توركیا بوونی‌ پەكەكە لەكوردستانی‌ سوریا بەهیڵی‌ سور دەزانێت‌و چەندین جاریش ئاماژەی‌ بەوە كردووە كە رێنادەن دەوڵەتێكی‌ كوردی‌ لەسەر سنوری‌ لەگەڵ سوریا دروستبكرێت‌و جاربەجاریش هێرش دەكاتە سەر یەكینەكانی‌ پاراستنی‌ گەل (یەپەگە)، لەناوچەی‌ باشیكی‌ سنوری‌ موسڵیش توركیا یەكەی‌ سەربازیی‌ هەیە‌و چەندین جاریش جەختی‌ لەوە كردۆتەوە كە رێنادات "قەندیلێكی‌ تر" تر لەو سنورە دروست بێت ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ بوونی‌ چەكدارانی‌ پەكەكە لەشنگال بەهاوشێوەی‌ بونیان لەچیای‌ قەندیلی‌ هاوسنوری‌ توركیاو عێراق‌و ئێران. 

 لەبەرانبەردا پەكەكە ناراستەوخۆ لەبەرەی‌ ئێران دەبینرێت لەناوچەكەدا بەتایبەت كە لەسەر كێشەكانی‌ عێراق‌و هەرێمی‌ كوردستان‌و سوریا ئەو دوو بەرەیە ناكۆكن.

واسق هاشمی‌ بەرێوەبەری‌ ناوەندی‌ عێراقی‌ بۆ لێكۆلێنەوە ستراتیژیەكان پێیوایە هێرشكردنە سەر یەبەشە لەلایەن ئەو هێزانەی‌ نزیكن لەپارتیەوە پەیوەندی‌ بەهاوكێشەیەكی‌ گەورترەوە هەیە كە كاریگەریی‌ توركیایە لەناوچەكەدا بەتایبەت كە روداوەكە لەپاش چوار رۆژ رویدا لەسەردانی‌ مەسعود بارزانی‌ سەرۆكی‌ هەرێمی‌ كوردستان بۆ توركیا.

واسق هاشمی‌ بە"نیقاش"ی‌ وت "ناوخۆی‌ ماڵی‌ كوردی‌ لەئێستادا كێشەی‌ گەورەی‌ تیایە بەتایبەت بەهۆی‌ بوونی‌ دووئیدارەی‌ سلێمانی‌‌و هەولێرەوەو گرنگیدانی‌ بارزانی‌ بەتوركیا‌و شەڕی‌ نێوان پەكەكە‌و پارتی‌ لایەنە كوردیەكان دابەش دەكات".

هاشمی‌ پێیوایە قۆناغی‌ دوای‌ داعش ناكۆكی‌‌و كێشەی‌ زۆر گەورەتر بەرێوەیەو دەستگرتن بەسەر كۆمپانیای‌ نەوتی‌ باكور لەكەركوكدا دریژكراوەی‌ روداوەكانی‌ شنگالەو رەنگە دەرهاویشەی‌ تری‌ لەشوێنی‌ تر هەبێت‌و گەمەكەری‌ دەرەكیش رۆڵی‌ سەرەكی‌ دەبێت بەتایبەت ئێران‌و توركیاو ئەمریكا.

هێشتا هاوڵاتیانی‌ هەرێمی‌ كوردستان لەقەیرانی‌ دارایی‌و ناكۆكی‌ سیاسی لایەنەكان دەرنەچوون بەهۆی‌ پرسی پۆستی‌ سەرۆكی‌ هەرێم‌و پەككەوتنی‌ پەرلەمانەوە، زەنگی‌ سەرهەڵدانی‌ قەیرانێكی‌ تر لێدراوە كە لەوانەی‌ تر مەترسیدار ترە، ئەویش شەڕی‌ كوردو كوردە.

محەمەد بازیانی‌ توێژەری‌ سیاسی بە"نیقاش"ی وت "دوای‌ داعش كێشەی‌ زۆر رووبەرووی‌ كوردستان دەبێتەوەو مەترسی شەڕی‌ كوردو كورد هاوڵاتیانی‌ هەرێمی‌ توشی دڵە راوكێ كردووە بەتایبەت كە پەكەكەو پارتی‌ چەكی‌ بەهێزیان بەدەستەوەیە بۆ رووبەروونەوە لەكاتێكدا هاوڵاتیان هێشتا بەدەست كێشەی‌ بودجەو دواكەوتنی‌ موچەوە دەناڵێنن".