قەندیل.. هەرێمێك لەناو هەرێمدا
هیچ یاسایەكی‌ حكومەتی‌ هەرێمی كوردستان نایگرێتەوە

کوردستان

13/04/2017‌ 4071 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان لەنێو هەرێمی‌ كوردستاندا ناوچەیەكی‌ بۆ خۆی‌ جیاكردووەتەوە، كە خاوەن یاساو رێسای‌ خۆیەتی‌‌و حكومەتی‌ هەرێم دەستی‌ بەسەریدا ناشكێت.

تەنیا 20 خولەك رۆیشتن بەئۆتۆمبیل بەسە لەناحیەی‌ سەنگەسەری‌ قەزای‌ پشدەرەوە (170كم باكوری‌ خۆرهەڵاتی‌ سلێمانی‌) بۆ ئەوەی‌ لەدوا خاڵی‌ دەسەڵاتی‌ حكومەتی‌ هەرێم تێبپەڕیت‌و بگەیتە ناوچەكانی‌ ژێر قەڵەمڕەوی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان پەكەكە، كە خۆیان ناویان ناوە "هەرێمی‌ پاراستنی‌ میدیا".

ئەو ناوچەیە بناری‌ چیای‌ قەندیلە، كە لەسەر سێگۆشەی‌ عێراق‌و ئێران‌و توركیایە، دوای‌ ئەوەی‌ دوا بازگەی‌ ئاسایشی‌ هەرێم دەبڕیت، رێگایەكی‌ سەختی‌ پێچاو پێچ دەتگەیەنێتە یەكەمین بازگەی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان، لەدوورەوە بەبینینی‌ وێنەیەكی‌ گەورەی‌ عەبدوڵا ئۆجەلانی‌ رێبەری‌ زیندانیكراوی‌ ئەو پارتە تێدەگەیت، گەیشتوویتە ناوچەكەی‌ ئەوان.

قەندیل، یەكێكە لەساردترین ناوچەكانی‌ كوردستان، كە بەدرێژایی‌ چوار وەرزی‌ ساڵ بەفری‌ لێنابڕێت‌و لەسەرەتای‌ ساڵانی‌ نەوەدەكانەوە پەكەكە دەسەڵاتی‌ خۆیان لەوێ‌ چەسپاندووەو لەو كاتەشەوە بۆردومانی‌ فرۆكە جەنگییەكانی‌ توركیاو ئێرانی‌ لێنەبڕاوە.

ئەو ناوچەیە هەرێمێكی‌ سەربەخۆیە لەسیاسەتدا، هیچ یاساو رێساو سیاسەتێكی‌ سەربازی‌‌و ئابووری‌ حكومەتی‌ هەرێم لەو ڕوبەرە جوگرافییەدا كارپێكراو نییە، هەر ئەوەندەی‌ بگەیتە ئەوێ‌ ئیتر پەیوەندیت لەگەڵ دەوروبەر دەپچڕێت‌، چونكە هێڵی‌ مۆبایل‌و ئینتەرنێت كارناكات‌و گوندنشینانی‌ ئەو ناوچەیەش دەڵێن بەمەبەستی‌ پاراستنی‌ ئەمنییەت‌و لەترسی‌ دزەكردنی‌ سیخوڕ پەكەكە رێنادات هیچ تەكنەلۆژیایەك بەوێ‌ بگات.

بەپێی‌ ئامارێكی‌ شارەوانی‌ بناری‌ قەندیل (شارەوانییەكە سەر بەپەكەكە) زیاتر لەهەشت هەزار هاووڵاتی، كە دابەشبوون بەسەر 62 گوند لەژێر دەسەڵاتی‌ پەكەكە ژیان دەكەن لەقەندیل، ئەوان سەرقاڵی‌ ژیانی‌ ئاسایی‌و بەخێوكردنی‌ مەڕو ماڵات‌و باخداری‌و هەنگەوانین‌و كەمتر بەكاری‌ سیاسییەوە خەریكن، بەڵام هەمیشە لەژێر هەڕەشەی‌ فڕۆكە جەنگییەكانی‌ توركیادان، بەتایبەتی‌ لەم چەند ساڵەی‌ دواییدا.

سەرحەد ڤارتۆ وتەبێژی‌ كۆمیتەی‌ پەیوەندییەكانی‌ دەرەوەی‌  كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) بە"نیقاش"ی‌ وت: "بەهۆی‌ بۆردومانی‌ فڕۆكە جەنگییەكانی‌ توركیاوە،  زیاتر لە 100 خانوی‌ هاوڵاتیان ڕوخاوەو بەدەیان هاوڵاتی‌ سیڤیل شەهید بوون، تەنیا لەناوەڕاستی‌ ساڵی‌ 2015ەوە تائێستا زیاتر لە90 كاتژمێر بۆردومانی‌ قەندیل كراوە".

گوندنشینانی‌ بناری‌ قەندیل سیستەمی‌ ژیانی‌ خۆیان ڕێكخستووەو هەر كێشەو گرفتێكی‌ كۆمەڵایەتی‌ ڕوبدات خەڵكی‌ ئەو ناوچەیە لەناو خۆیان  چارەسەری‌ دەكەن، بەوتەی‌ بەرپرسانی‌ پەكەكەش لەو ناوچەیە، ئەگەر پرس‌و ڕاوێژیان پێ بكرێت هاوكاری‌ چارەسەری‌ كێشەكانی‌ گوندنشینان دەبن‌و ئەگەر گوندنشینان بیانەوێ‌ كێشەكانیان ببەنە ناو دادگاكانی‌ ژێر دەسەڵاتی‌ حكومەتی‌ هەرێم‌و لەوێ‌ چارەسەری‌ بكەن ڕێگریان لێناكەن.

پێدەچێت حكومەتی‌ هەرێم بەتەواوی‌ دەستی‌ لەو ناوچەیە بەردابێت‌، چونكە هیچ بودجەیەكی‌ بۆ تەرخان ناكات‌و بەڕێوەبردن‌و خزمەتگوزاری‌ بۆ پەكەكە جێهێشتوە، ساڵانەش لەلایەن پەكەكەوە بڕە پارەیەك وەك باج لەگوندنشینانی‌ قەندیل وەردەگیرێت لەبەرامبەر كاری‌ هەنگەوانی‌‌و ئاژەڵداری‌.

پەیوەند نەبی‌ دانیشتوی‌ یەكێك لەگوندەكانی‌ قەندیلەو بەكاری‌ بەخێوكردنی‌ مەڕو ماڵات‌و هەنگەوانییەوە خەریكە، بە"نیقاش"ی‌ وت "بۆ بەخێوكردنی‌ هەر 100 سندوق هەنگێك ساڵانە بڕی‌ پێنج هەزار دینار‌و لەبەرامبەر بەخێوكردنی‌ هەر 100 سەر ئاژەڵێكیش 4 بۆ 5 سەر ئاژەڵمان لێ‌ وەردەگیرێت".

بەڵام ئەم داهاتە بەشی‌ بەڕێوەبردنی‌ ئەو ناوچەیە ناكات‌و لەبارەی‌ دارایی‌ پەكەكەوە

سەرحەد ڤارتۆ دەڵێت "لەسەرانسەری‌ جیهان 40  بۆ 50 ملیۆن كورد بوونیان هەیە، بەشێكی‌ زۆر لەو كوردانە باوەڕیان بەشۆڕش‌و خەبات هەیەو كۆمەكمان دەكەن".

ئێستا ئەو ناوچەیە شارەوانی‌ خۆی‌ هەیە، كە رۆژانە كاروباری‌ هاووڵاتیان‌و پرۆژە خزمەتگوزارییەكان بەڕێوە دەبات، محەمەد حەسەن هاوسەرۆكی‌ شارەوانی‌ بناری‌ قەندیل بە"نیقاش"ی‌ وت "بەهۆی‌ جێگیربوونی‌ گەریلاكانی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان ئەم رووبەرە جوگرافییە لەلایەن حكومەتی‌ هەرێمەوە پشتگوێ‌ خرابوو، بۆیە بۆ رایكردنی‌ كاروباری‌ هاوڵاتیانی‌ سنورەكەو گەیاندنی‌ خزمەتگوزاری‌، لەساڵی‌ 2009 بەهاوكاری‌ گوندنشینەكان شارەوانی‌ بناری‌ قەندیلمان دروستكرد".

هەشت ساڵ لەمەوبەر لەلایەن پارتی‌ كرێكارانەوە ئەو پۆستە بە محەمەد حەسەن دراوەو لەو كاتەوە تائێستا هیچ ئاڵوگۆڕێكی‌ تێدانەكراوە.

(م. ج)، كە گوندنشینێكی‌ قەندیلە پێی‌ باش نەبوو ناوی‌ تەواوی‌ ئاشكرا بكرێت بە"نیقاش"ی‌ وت "سەرۆكی‌ شارەوانی‌ لەلایەن پەكەكەوە بێ‌هەڵبژاردن داندراوە، بەڵام بۆ خۆمان ئەنجوومەنی‌ گوندەكان هەڵدەبژێرین".

ئەو گوندنشینە نیگەران بوو لەبوونی‌ پەكەكە لەناوچەكەیان، چونكە بەقسەی‌ ئەو بەهۆی‌ پەكەكەوە فڕۆكە جەنگییەكانی‌ توركیا زیانێكی‌ زۆریان بەزەوی‌‌و پوش‌و پاوان‌و باخ‌و باخاتی‌ گوندنشینان گەیاندووە، لەم رووەوە وتی‌ "ئەگەر پەكەكە لێرە نەبوایە ئاوها زیانمان نەدەبوو"، بەڵام كەمیش نین ئەو گوندنشینانەی‌ پشتیوانی‌ پەكەكە دەكەن‌و رایەكی‌ پێچەوانەیان هەیە.

بوونی‌ پەكەكە بۆ حكومەتی‌ هەرێم‌و بەتایبەتی‌ بۆ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان مایەی‌ ناڕەحەتییە، چونكە بەشێكی‌ لەناوچەی‌ فەرمانڕەوایی‌ هەرێمی‌ بۆ خۆی‌ بڕیوەو یاساكانی‌ خۆی‌ تیا جێبەجێدەكات، بەو هۆیەشەوە چەند جەولەیەك شەڕ لەنێوان پەكەكەو پێشمەرگەی‌ كوردستان لەناوەڕاستی‌ نەوەدەكان روویداوە.

بەرپرسانی‌ پارتی‌ لەچەندین لێدواندا جەختیان لەوە كردووەتەوە، كە دەبێت پەكەكە ئەو ناوچەیە چۆڵبكات‌و بچێتەوە دیوی‌ توركیا، بەڵام پارتی‌ كرێكاران گوێی‌ بەو داخوازییە نەداوە.

نازم كەبیر پەرلەمانتاری‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و جێگری‌ سەرۆكی‌ لیژنەی‌ ناوخۆو ئاسایش لەپەرلەمانی‌ كوردستان بونی‌ چەكدارانی‌ پەكەكەی‌ لەقەندیل بەنایاسایی‌و نادەستوریی ناوبردو بە"نیقاش"ی‌ وت "بەپێی‌ دەستور هیچ هێزێكی‌ دەرەوەی‌ وەزارەتی‌ پێشمەرگە بۆی‌ نییە لەناو خاكی‌ هەرێمدا بێت، بوونی‌ پەكەكە لەقەندیل پێشێلكارییەكی‌ دیاری‌ یاساو دەستورو سەروەری‌ خاكی‌ عێراقیشیە".

كاتێك لەسەرەتای‌ مانگی‌ ئازاری‌ رابردوو لەنزیك شنگال گرژی‌‌و پێكدادان لەنێوان هێزەكانی‌ سەر بەپەكەكەو پارتی‌ دیموكراتدا روویدا، جموجۆڵی‌ هێزەكانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بۆ نزیك قەندیل هەستی‌ پێكراو مەترسی‌ سەرهەڵدانی‌ پێكدادانیش لەو ناوچەیە دەركەوت، بەڵام نازم كەبیر جوڵاندن‌و كۆكردنەوەی‌ هێزەكانی‌ پێشمەرگە بۆ ناوچەكانی‌ نزیك پەكەكە لەقەندیل، دەبەستێتەوە بە"پاراستنی‌ ئاسایشی‌ سنورەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان"‌و ئەوەشی‌ بەدوورزانی‌ هیچ شەڕو رووبەرووبوونەوەیەك لەنێوان پارتی‌ پەكەكەدا رووبدات. 
لەبەری‌ ئەو بەرەوە پەكەكەش ئامادەكاری‌ تەواوی‌ هەیە، بەڵام ئەوانیش سەڕهەڵدانی‌ بارگرژی‌ بەدوور دەبینن، لەگەڵ ئەوەشدا سەرحەد ڤارتۆ وتەبێژی‌ كۆمیتەی‌ پەیوەندییەكانی‌ دەرەوەی‌ كەجەكە وتی‌ "ئێمە لەئامادەكاری‌ تەواوداین بۆ هەر هێرشێك ئەگەر لەناوخۆ یان لەدەرەوە بكرێتە سەرمان".

بۆ چارەكە سەدەیەك دەچێت پەكەكە هەرێمێكی‌ لەناو هەرێمی‌ كوردستاندا دروستكردووە، لەو ماوەیەدا بەبۆردومانی‌ بەردەوامی‌ توركیاو ناوەناوەی‌ ئێران پەكەكە چۆڵی‌ نەكردووە، بۆیە زەحمەتە دەسەڵاتی‌ كوردیش بتوانن بەم نزیكە بیگەڕێننەوە ژێر باڵی‌ هەرێمی‌ كوردستان.