موزیك‌و ئاو پێكەوە كۆدەبنەوە
بەری چەپی موسڵ نهێنی ژیان بەدەستدەهێنێتەوە

عیراق

29/04/2017‌ 658 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
یەكەم تەوژمی ئاو لەتۆڕی بۆریەكاندا، یەكەم گڵۆپی رووناككەرەوەی رێگاكان، یەكەم رووداوی بچووكی موزیكی، هەموویان نیشانەی گەڕانەوەی ژیانن بۆ بەری‌ چەپی‌ موسڵ.

هێشتا دەنگی شەڕ لەبەری چەپ ئامادەیی بەهێزی هەیە كە تەنیا رووباری دیجلە لە بەری راستی جیادەكاتەوە‌ولە 19ی شوباتی رابردووەوە توندترین شەڕی لەنێوان هێزە عێراقیەكان‌و چەكدارانی رێكخراوی توندڕەوی داعش تێدا بەڕێوەدەچێت، سەرەڕای ئەوەش بەشە ئازادكراوەكە لەڕیی گەڕانەوەی وردە وردەی خزمەتگوزاریە سەرەكیەكان ژیانی بەدەستهێناوەتەوە.

هەر كە مانگی هەنگوینی لەگەڕەكە ئازادكراوەكان كۆتایی هات، دانیشتووانی ناوچەكە بەچەند كێشەیەكی ئاڵۆز بەئاگاهاتنەوە كە پەیوەندیان بەژیانەوە هەیە‌و پێویستەیەكی زۆریان بەئاو‌و كارەبا‌و سووتەمەنی‌و كردنەوەی رێگاكان هەیە.

لەئاوی بیرەوە بۆ بەلوعە
ئاو بەبێ ركابەر، گەورەترین ئاستەنگی بەردەم دانیشتووانی ناوچەكە بوو، چونكە لەماوەی شەش مانگی رابردووداپەنایان بۆ بیرەكان برد كە چەند دەیەیەكە پێشهاتی وا رووی نەداوە بۆ بەدەستهێنانی ئاو هەرچەندە رووبارەكە شارەكەی كردووە بە دوو بەشەوە، ئەویش لەدوای راوەستانی ئەو پێنج پرۆژەیەی بەری چەپ بە ئاو تەیار دەكەن.

كاتێك لەدوای دوو هەفتە لە كۆتاییهاتنی شەڕەكان ماراسۆنی نۆژەنكردنەوە دەستیپێكرد، تارق فەتحی یەكێك بوو لەو سەدان هەزار كەسەی لە ریزی دوورودرێژدا لەبەردەم بیرەكانی ئاودا لە بەری خۆرهەڵاتی شارەكە دەوەستان.

هەر كاتێك فەتحی دەگەڕایەوە ماڵەوە‌و دەبەیەك ئاوی بەدەستەوە بوو، سەیرێكی بۆری ئاوەكەی دەكرد‌و خەفەتی دەخوارد.

ئەو بە "نیقاش"ی وت: "نەبوونی خزمەتگوزارییە گرنگەكان هەر زوو كەشی ئاهەنگئامێزی ئازادبوون‌و رزگاربوون لە توندەڕەوانی لێ تێك داین، ئێستا مانگانە نزیكەی بڕی 20 دۆلار بۆ كڕینی ئاوی خواردنەوە خەرج دەكەین كە لە هەرێمی كوردستانەوە هاوردە دەكرێت، ئەوەش بڕە پارەیەكی زۆرە بە بەراورد بە ئاستی داهاتی ئێستا، خێزانی هەژاریش هەن ئاوی سوێری بیر دەخۆنەوە".

ئەو دووپاتی دەكاتەوە كە بەكارهێنانی ئاوی رووبار یان بیرەكان بۆ خواردنەوە‌و ئیشوكاری ماڵەوە بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی پێست‌و نەخۆشی دیكەش، بەتایبەتی لەنێو منداڵاندا، هەروەها دەشڵێت: "لەوە دەترسین تووشی گەڕی یان هەستیاری درێژخایەن ببین". كەمێك دەوەستێت‌و بەشێوەیەكی شانۆگەریانە پشتی دەخورێنێت‌و بەزەردەخەنەوە بەردەوام دەبێت لە قسەكانی: "ئاوی نەپاڵێوراو‌و چارەسەرنەكراو ئاوامان پێدەكات، بەدرێژایی رۆژ خۆمان دەخورێنین".

سەرەڕای ئەوەش دانیشتووانی ناوچەكە هیچ بژاردەیەكی تریان لەبەردەمدا نەبوو، ئەو جەنگەی لە بەری راست لەئارادایە بێبەشی كردوون لە گەیشتن بە رووباری دیجلە‌و سوودوەرگرتن لە ئاوە سازگارەكەی تەنیا لە دەرەوەی شارەكە نەبێت، بۆیە بەلانی كەمەوە هەر شەقامێك بیرێك یان زیاتری تێدایە بەپێی چڕی دانیشتووانەكەی، تەنانەت كاری بیر هەڵكەندن بووەتە پیشە، چونكە پرۆسەی هەڵكەندنی یەك بیر نزیكەی 700 دۆلاری تێدەچێت كەئەوانە دەیدەن كە گوزەرانیان باشە یاخود بە بەشداری خەڵكی گەڕەك.

ئەو نەهامەتیەی نزیكەی شەش مانگ درێژەی كێشا خەریكە لەزۆربەی ناوچەكانی بەری خۆرهەڵاتی شارەكە كۆتایی دێت، ئەویش دوای بەگەڕخستنی پرۆژەی ئاوی كوبە كە لەسەدا 60ی ئەو بەرەی شارەكە بە ئاو تەیار دەكات، ئەمە جگە لە بەگەڕخستنی چوار پرۆژەكەی دیكە وەك مەرعی قەلەندەر بەڕێوەبەری ئاوی نەینەوا بە "نیقاش"ی راگەیاند.

قەلەندەر دەڵێت: "لەبەردەم ئاڵنگاریەكی گەورەدا بووین‌و دەبووایە بە یەك دەست كاربكەین بەهۆی كەمی تواناكانی بەردەستەوە، بەڵام وەك دەبینن – ئاماژە بۆ هاتنی تەژمی ئاوی بۆرییەكان دەكات – توانیمان ئاو بگەیەنینە بەشێكی زۆری ماڵان‌و لەڕێگاشداین بۆ بەگەڕخستنی ئەوپەڕی توانای".

هەندێك لە دانیشتووانی گەڕەكە جیاوازەكانیش ئەوەیان بۆ "نیقاش" دووپات كردەوە‌و خۆشحاڵی خۆیان بە گەیشتنی ئاو دەربڕی، ئەگەرچی بەردەوامیش نییە، بەڵام هەواڵە ناخۆشەكە ئەوەیە هەندێك لە گەڕەكەكان هێشتا ئاویان پێ نەگەیشتووە، چونكە پرۆسەی هەڵێنجانی دەریخستووە كە تۆڕی دابەشكردن بەهۆی ئەو بۆردومان‌و شەڕانەی لەنێوان هێزە عێراقیەكان‌و چەكدارانی توندڕەوی داعش لەئارادابووە،زیانی زۆری بەركەوتووە لەكاتێكیشدا تارق فەتحی‌و دراوسێكانی لە ریزدا لەبەردەم بیرەكەدا وەستابوون شەقامەكان پڕبووبوون لەو ئاوەی لە بۆریەكانی گواستنەوەی ئاو دەهاتە دەرەوە.

یەكەم گڵۆپی دوای ئازادی
دوای گرێكوێرەی ئاو، لەرووی گرنگیەوە وزەی كارەبا دێت‌و ئەویش ئاماژەیەكی روونتری تێدایە بۆ گەڕانەوەی ژیان بۆ شارەكە. كێشەكە لەوەدایە ئەو زیانانەی بەر تۆڕی دابەشكردنی وزەی كارەیا كەوتوون زۆر گەورەن‌و پێویستیان بە دوو هێندە توانای وێستگەكانی بەرهەمهێنان‌و تۆڕەكانی دابەشكردن هەیە.

ئەندازیار ئەحمەد سەعید لە كۆمپانیای دابەشكردنی كارەبا قەبارەی زیانەكانی تۆڕەكە بە زیاتر لە سەدا 50 مەزەندە دەكات، "چونكە تەلەكان پچڕاون‌و محەویلەكانی گوێزەرەوەی وزەشبەهۆی بۆردومان‌و تەقینەوە‌و پێكدادانەكانەوە لەكاركەوتوون، هەروەك سەدان عەمود‌و تاوەریش كەوتوون‌و تێكشكاون، بۆیە چوار مانگە ئێمە كارێكی نائاسایی دەكەین".

هەروەها دەڵێت: "لە دوو هەفتەی رابردوودا بەشێوەیەكی ئەزموونی كارەبامان گەیاندە ژمارەیەك گەڕەك‌و شەقامە سەرەكیەكانمان رووناك كردەوە، ئەوە دەستكەوتێكی گرنگ بوو كە شانازی پێوە دەكەین، ئەوە تەنیا چەند گڵۆپێك نەبوو، بەڵكو پەیامێك بوو سەبارەت بە گەڕانەوەی ژیان، ئێستاش رۆژانە 12 سەعات كارەبا دەدەینە زۆربەی گەڕەكەكان".

مەحمود سالم كە یەكێكە لە دانیشتووانی گەڕەكی حەدبا، دەڵێت كارەبا پێش 10 رۆژ گەیشتووەتە گەڕەكەكەیان، بەڵام هێڵی گوێزەرەوەی تەزووی كارەبای تایبەت بە گەڕكەكەیان لەكاركەوتووە لەبەرئەوەی تەقەیان لێكردووە‌و ئێستا تیمەكانی كارەبا كار لەسەر چاككردنەوەی دەكەن.

ئەو بەگەشبینیەوە دەڵێت: "ئاو‌و كارەبا گەڕاوەتەوە بۆ گەڕەكەكەمان ئەمەش وەك كاری لابردنی پەچەی سەپێندراو بەسەر ژنان لەلایەن توندڕەوانەوە وابوو، دواجار شارەكە خەریكە ئەو تاریكیە لەسەر خۆی لادەبات كە زیاتر لە دوو ساڵ بەردەوام بوو".

سوپرایزێكی موزیكی!
دەستكەوتنی پەرداخێك ئاوی پاك لە ژوورێكی رووناك بە كارەبا بە دەستكەوتێكی مەزن دادەنرێت لە تۆماری شارێكدا كە كاولكاریەكی گەورە بەر ژێرخانەكەی كەوتووە، بەڵام لە راستیدا بۆ ئەوانەی لەدەرەوەی شارەكەن مانای زۆری نییە بەتایبەتی كە هێشتا هەواڵی ئەو جەنگە سەختەی لەنێوان هێزە عێراقیەكان‌و رێكخراوی داعش لەئارادایە جێگای بایەخ‌و چاودرێریكردنە.

لەنێو ئەم ململانێ گەرموگوڕە لەپێناو ژیاندا چ بە شەڕكردن لەدژی توندەڕەوان بێت لە بەری خۆرئاوای موسڵ یاخود بە هەوڵی دابینكردنی پێداویستیە سەرەكییەكانی بەشە ئازادكراوەكەی، پێناچێت موزیك گوێی لێ بگیرێت، بەڵام ئەمین میقدادی كەمانچەژەن‌و سامر خەلیلی كلارنێت ژەن لەم جەنگەدا كەمێك سەرنجیان بۆ خۆیان راكێشا كاتێك لەموسڵ یەكەم ئاهەنگی موزیكیان لەدوای كۆنترۆڵكردنی شارەكە لەلایەن توندڕەوانەوە لە حوزەیرانی 2014 رێكخست.

ئەمین میقداد، كە دوو ساڵی لەژێر حوكمی داعش بەسەر بردووە بۆ "نیقاش"ی دووپات كردەوە كە دانیشتووانی موسڵ پێویستیان بە موزیكیشە تا هەست بە دڵنیایی بكەن نەك تەنیا خواردن‌و خواردنەوە.

ئەو وەسفی ئەو ساتە دەكات كە لەسەر گردی تەوبەی مێژوویی راوەستاوە كە داروپەردووی مزگەوتی یونس پێغەمبەری لێیە كە رێكخراوە توندڕەكەوە تەقاندیەوە‌و لەوبارەیەوە دەڵێت: "لەو شوێنە بەرزەوە دووكەڵی شەڕەكانم دەبینی‌و دەنگی تەقینەوەكانم دەبیست كە زۆر دوور نەبوون لێمەوە، ئەوەی بەڕاستی دڵخۆشی كردم ئەوە بوو ئەوانەی ئامادەی ئاهەنگە ئاساییەكە بوون دەستیان بە ژیانەوە گرتبوو، پشتیان لە جەنگ كردبوو و خۆشییان لە موزیك دەبینی".