ململانێ‌و بەرژەوەندی‌و ئامانجی دژبەیەك
داعش پەرتبوونی‌ سوننەكانی عێراقی قووڵكردووەتەوە

عیراق

05/05/2017‌ 1198 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
دەبوو هێرشی داعش دەرفەتێكی گونجاو بێت بۆ یەكخستنی هێزە سیاسیە بەشەڕهاتووەكانی سوننە، بەڵام بەپێچەوانەوە، جیاوازیەكان لەرابردوو توندتر بوونەتەوە.

یەكشەممەی رابردوو پەرلەمانی عێراق دەنگیدا بۆ بڕیارێك كە داوادەكات بەشداریكردن لەكۆنفرانسەكانی دەرەوەی وڵات بەبێ رەزامەندی دەسەڵاتدارانی عێراق لەسیاسیە عێراقیەكان قەدەغە بكرێت، ئەوەش نموونەیەكی زیندووە بۆ قووڵی دابەشبوونی سیاسی سوننە بۆ دوو بەرە كە لەركابەریدان بۆ حوكمكردنی ئەو پارێزگا سوننەنشینانەی تازە لەداگیركاری داعش هاتوونەتە دەرەوە.

لەڕاستیدا بڕیارەكە ئاڕاستەی سیاسەتمەدارەكانی سوننە كراوە‌و لەئەنجامی بەستنی دوو كۆنگرەی هێزە سوننەكانی عێراقدا هات كە لە دەرەوەی وڵات بە پشتیوانی نێودەوڵەتی‌و بە ئامانجی یەكخستنی حزبە سوننەكان رێكخرابوون، یەكەمیان لە جنێڤ لە شوباتی رابردوودا بەسترا‌و دووەمیش لە ئەنقەرە لە ئازاری رابردوودا، بەڵام هەردوو كۆنفرانسەكە ناكۆكیەكانی سوننەیان قووڵ كردەوە‌و ئەو یەكتر تۆمەتباركردنەشیان ئاشكرا كرد كە سەبارەت بە خیانەت‌و كاركردن بۆ دابەشكردنی وڵات ئاڕاستەی یەكتری دەكەن.

بڕیارە نوێیەكە ململانێی نێوان هەردوو ركابەرە دژبەیەكەكە ئاشكرا دەكات كە یەكەمیان سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمان‌و نوێنەری حزبی ئیسلامیە، دووەمیشیان ئوسامە نوجێفی سەرۆكی فراكسیۆنی "موتەحیدون لیلئیسڵاح"ە، ئەویش لە سیناریۆیەكی هاوشێوەی لەكارلابردنی خالید عوبەیدی وەزیری بەرگری نزیك لە نوجێفی بەگوشاری جبوری، بڕیارەكەی ئەم دواییەش هەر بە پشتیوانی جبوری بووە لەدژی نوجێفی ركابەری.

دیاردەی هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانیە سیاسیەكان یەكێكە لە دەرئەنجامەكانی داگیركاری شارە عێراقییەكان لەلایەن داعشەوە‌و حزبەكانی شیعە‌و كوردیشی گرتۆتەوە، بەڵام لەنێو حزبەكانی سوننەدا توندترە، لەبەر ئەوەی شارەكانیان گەورەترین پشكیان لە وێرانكاری بەركەوتووە‌و هاوپەیمانی نامەدروسی لێ هاتووەتەبەرهەم كە هەندێكیان لەگەڵ شیعە‌و هەندێكی دیكەشیان لەگەڵ كورد‌و بەرەی سێیەمیش پشت بە پشتیوانی دەرەكی دەبەستێت.

"حزبی ئیسلامی" عێراقی بە سەركردایەتی سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمان‌و هاوپەیمانی "موتەحیدون" بە سەركردایەتی ئوسامە نوجێفی جێگری سەرۆك كۆمار‌و بەرەی "دیالۆگی نیشتمانی" بە سەركردایەتی ساڵح موتڵەگ‌و بزووتنەوەی "حەل" بە سەركردایەتی جەمال كەربولی‌و حزبی "وەتەنیە" بە سەركردایەتی ئەیاد عەلاوی جێگری سەرۆك كۆمار، نوێنەرە سەرەكییەكانی سوننەن لە پرۆسەی سیاسیدا، بەڵام هەڵوێستە سیاسیەكانیان ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە دوژمنی یەكترن نەك هاوپەیمان.

"حزبی ئیسلامی" لە ململانێدایە لەگەڵ "موتەحیدون" لەسەر هەژموونی سیاسی لە موسڵ، حزبی "وەتەنیە"‌و بزووتنەوەی "حەل" لە ململانێدان لەگەڵ "حزبی ئیسلامی" لەسەر ئەنبار، هاوكات بەرەی "دیالۆگی نیشتمانی"‌و "حزبی ئیسلامی" لەدژی حزبی "وەتەنیە" لە ململانێدان لەسەر سەڵاحەدین.

سێ بەرەی دژبەیەك
سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمان (یەكێكە لە رووكارەكانی حزبی ئیسلامی لقی ئیخوان موسلمین لە عێراق) رێبەرایەتی هاوپەیمانیەكی بەرفراوانی سوننە دەكات كە توانیویەتی ئەو شكۆیە بۆ حزبەكە بگێڕێتەوە كە لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەماندا لە 2014 لەدەستی دابوو لەبەرامبەر هەڵكشانی ئوسامە نوجێفی ركابەریدا، هاوپەیمانیەكەی جبوریش هێزی خۆی لە نزیكبوونەوەی لە حزبە شیعەكان وەردەگرێت بەدیاریكراویش لەگەڵ نوری مالكی سەرۆك وەزیرانی پێشوو لەدژی هێزە سوننەكانی دیكە.

هەرچی بەرەی دووەمیشە ئەوا هەریەك لە ئوسامە نوجێفی جێگری سەرۆك كۆمار‌و سەركردەی هاوپەیمانی "موتەحیدون لیلئیسڵاح" لەگەڵ خاوەن كار خەمیس خەنجەر كە بە بەهێزی هاتووەتە سەر شانۆی سیاسی‌و پێشتر لە پشتی پەردەوە كاری دەكرد‌و یەكێك بوو لە دیارترین پشتیوانانی ئەیاد عەلاوی سەرۆك وەزیرانی پێشووتر كاتێك لە هەڵبژاردنی ساڵی 2010دا پلەی یەكەمی بەدەستهێنا، هەروەها سیاسەتمەداری عەلمانی سوننە ساڵح موتڵەگ سەرۆكی فراكسیۆنی "عەرەبیە"ش لەخۆدەگرێت.

بەرەی سێیەمیش چەند پەرلەمانتارێكی سوننە لەخۆدەگرێت كە لە هاوپەیمانیە سەرەكییەكانی سوننە جیابوونەتەوە‌و هەڵگرتنی هەڵوێستی هێزە سیاسیەكانی شیعەیان راگەیاندووە، دیارترینیشیان هەردوو پەرلەمانتاری موسڵ ئەحمەد جبوری‌و عەبدولڕەحمان وەزیزی‌و پەرلەمانتاری ئەنبار سەعدون دلێمیە، ئەمە جگە لە چەند هێزێكی چەكداری عەشایری كە بە پشتیوانی گرووپە شیعەكان لە سەڵاحەدین‌و موسڵ‌و ئەنبار دروست بوون.

هەروەها ئەو بەرەیە كۆمەڵێك دەستە‌و كەسایەتی‌و پیاوی ئایینی سوننە‌و دامەزراوەی "ئەلئیسلام ئەلموحەمەدی" لە شارۆچكەی حەدیسە لە ئەنبار‌و پیاوی ئایینی سەلەفی مەهدی سمێدەعی موفتی "ئەهلی سوننە‌و جەماعە" لە عێراق‌و حەمید هایس سەرۆكی "ئەنجومەنی رزگاركردنی ئەنبار" لەخۆدەگرێت‌و ئەم پێكهاتانەش هەوڵی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەدەن.

ئەوەی هەڵوێستی بەرەی سێیەم پێكەوە كۆدەكاتەوە نزیكییانە لە حزبە شیعەكان لەچوارچێوەی سیاسیەتێكی كۆن‌و نوێدا كە نوری مالكی سەرۆك وەزیرانی پێشوو پەیڕەوی كردووە‌و بۆ كەرتكردنی ریزی هێزە سوننەكان لەڕێی راكێشانی چەند لایەنێكی لاوازی سوننەی سەر بەحكومەت‌و ناساندنیان بە كۆمەڵی نێودەوڵەتی وەك نوێنەرانی هێزە سوننەكانی عێراق.

ئەم هێزانەی سوننە پشتیوانی دارایی‌و مەعنەوی وەردەگرن لەڕێی پۆستی گرنگ‌و دەسەڵاتی پێكهێنانی هێزی سەربازی لە چوارچێوەی هێزەكانی "حەشدی شەعبی"دا، بۆ نموونە سمێدەعی موفتی ئەهلی سوننە كە لە نێوەندەكانی سوننەدا دانی پێدا نانرێت، هێزێكی چەكداری هەیە هەزاران شەڕكەر لەخۆدەگرێت.

چارەسەری سیاسی‌و سیستمی حوكم
هەڵوێست بەرامبەر "چارەسەری نیشتمانی" كە بڕیارە سیاسەتی ناوخۆ وێنا بكات‌و شێوازی حوكمی وڵات‌و سیستمی هاوپەیمانیەكان بۆ بەڕێوەبردنی شارە سوننەنشینەكان لە قۆناغی دوای لەناوبردنی داعش، دیارترین ئەو مەسەلانەن كە خاڵكی ناكۆكی نێوان هەرسێ بەرەكەی سوننە پێكدەهێنن.

سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمان پشتیوانی پرۆژەی "چارەسەری نیشتمانی" دەكات كە عەممار حەكیم سەركردەی "هاوپەیمانی شیعە" رایگەیاندووە لەبەرامبەر جێبەجێكردنی ئەو هەموارانەی پێشكەش بە نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكانی لەعێراقی كردووە بەوپێیەی سەرپەرشتیاری پرۆژەكەیە.

بەڵام نوجێفی هەموارەكانی جبوری رەتكردۆتەوە‌و لەلایەن خۆیەوە پەیپەرێكی نوێی پێشكەش كردووە كە چەند داواكارییەك لەخۆدەگرێت بۆ بەشداریپێكردنی چەند سیاسەتمەدارێكی سوننە كە حزبە شیعەكان تۆمەتباریان دەكەن بە تیرۆر لەوانە خەمیس خەنجەر‌و رافع عیساوی وەزیری پێشووتری دارایی‌و چەند شێخێكی عەشیرەتەكان، ئەم دابەشبوونەش بووەتە یەكێك لە هۆكارەكانی دروستبوونی ئاستەنگ بۆ پرۆژەی "چارەسەری نیشتمانی".

پەرلەمانتار ئەحمەد مەشهەدانی لە "یەكێتی هێزە عێراقیەكان (سوننە)" بە "نیقاش"ی وت: "ئەو پێشنیارانەی هێزە سوننەكان سەبارەت بە پرۆژەی چارەسەری نیشتمانی پێشكەشیان كردووە قابیلی دانوستانە لەگەڵ كوتلە سیاسیەكانی دیكە، بەڵام گرنگترین دۆسێ كە پێویستە گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت یەئامانجگرتنی كەسایەتە سوننەكانە لەبەر هۆكاری سیاسی، لەبەرئەوە پێویستە كاروبارەكان راست بكرێنەوە‌و دیالۆگ لەگەڵ بەرهەڵستكاران بكرێت بۆ سەرخستنی پرۆژەكە".

بەڵام ناكۆكیە جەوهەریەكەی نێوان هەردوو بەرەكە لە تێڕوانینیاندایە بۆ سیستمی حوكم‌و بەڕێوەبردنی پارێزگا سوننەنشینەكان لە ئایندەدا، چونكە نوجێفی‌و خەنجەر بەتوندی هەوڵ بۆ پێكهێنانی هەرێمێكی سوننە دەدەن كە ئەنبار‌و سەڵاحەدین‌و نەینەوا لەخۆبگرێت بەهەمان سیناریۆی هەرێمی كوردستان یاخود گۆڕینی ئەو پارێزگایانە بۆ چەند هەرێمێك وەك چارەسەرێك بۆ كۆتاییهێنان قەیرانی پەراوێزخستنی سوننە لە حوكمدا.

نوجێفی جێگری سەرۆك كۆمار‌و سەركردەی هاوپەیمانی "موتەحیدون لیلئیسڵاح" لە راگەیەندراوێكی رەسمیدا وتی: "هەرێمەكان كارێكی دەستووریە‌و پشت بە نەتەوە یان ئاین یان تایفە نابەستن، بەڵكو چارەسەرێكی دەستووریە كە دەكرێت وەڵامدەرەوە بێت بۆ  پێداویستیەكانی هاووڵاتیان‌و كاركردن بۆ بەهێزكردنی یەكپارچەیی وڵات‌و ئایندەی".

هەرچی سەلیم جبوری‌و هاوپەیمانەكانیشیەتی ئەوا پێشنیاری هەرێمەكان رەت دەكەنەوە‌و پێیان باشە شێوەی ئیدارەی ئێستای پارێزگاكان بمێنێتەوە لەگەڵ پێدانی دەسەڵاتی زیاتر بە حكومەتە خۆجێییەكان، بۆ بەدیهێنانی ئەوەش باشترین رێگا خۆی لە نزیكبوونەوە لە هێزە شیعەكان دەبینێتەوە لەبری دژایەتیكردنیان.

فرە مەرجەعی ئاینی
تا ساڵی 2014 ناكۆكی سوننە لە سیاسەتدا چڕ ببوەوە، بەڵام بەم دواییانە لە پێشهاتێكی سەرنجڕاكێشدا كە ئاماژەیە بۆ مەینەتی كۆمەڵگەی سوننە، پەلی كێشا بۆ مەرجەعە ئاینیەكانی سوننە حزبە شیعەكانیش بەشێك لە بەرپرسیارێتی ئەو كێشەیەیان لە ئەستۆدایە.

دامەزراوەی "وەقفی سوننە" یەكێكە لە دیارترین پۆستە ئاینییەكان لە عێراق، لە ساڵی 2003 شەوە ئەو كەسایەتیە ئاینیانە لەو پۆستەدا بوون كە لەنێوان هێزە سیاسیەكانی سوننەدا سازانیان لەسەر كراوە، تا ئەو كاتەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران لە ساڵی 2015دا بڕیاری دا یەكێك لە پیاوە ئاینیە جێمشتومڕەكان لە پۆستی وەقفی سوننەدا دابنێت، كە ئەویش عەبدوللەتیف هومەیمە كە لەدوای 2003وە لە ئوردن ژیاوە لەبەر ئەوەی تۆمەتبار بووە بە نزیكی لە حوكمی سەدام حسێن سەرۆكی پێشوو.

هومەیم بە كەسایەتیەكی سوننە دادەنرێت كە پەیوەندی بە هێزە سیاسیەكانی سوننەوە نیە، لەگەڵ وەرگرتنی پۆستە نوێیەكەشیدا دەستیكرد بە دامەزراندنی بنكەیەكی جەماوەری‌و خۆی وەك كەسایەتیەكی سیاسی سوننە دەناسێنێت ئەویش وەك ئامادەكاریەك بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، بەڵام "حزبی ئیسلامی"‌و هێزە سوننەكانی دیكە دەستیان كردووە بە دژایەتیكردنی هومەیم‌و چەند رۆژێكیشە شەڕێكی توندی راگەیاندن لەنێوان هەردوولادا لەئارادایە.

لەپاڵ دامەزراوەی "وەقفی سوننە"شدا، دامەزراوەی "مەجمەعی فیقهی عێراقی" هەیە كە ئەحمەد حەسن تەهای نزیك لە حزبی ئیسلامی سەرۆكایەتی دەكات‌و مزگەوتی ئەبو حەنیفەی نوعمانی لە بەغدا كردووەتە بارەگای خۆی، وەك چۆن دەبێت پۆستی سەرۆكی "وەقفی شیعە" پشتیوانی مەرجەعەكانی شیعە لە نەجەف بەدەستبهێنێت، هەرواش پێویستە پۆستی سەرۆكی وەقفی سوننە پشتیوانی مەجمەعی فیقهی بەدەستبهێنێت، كە ئەوەش رووی نەداوە.

بێگومان دابەشبوونەكانی سوننە لە قۆناغی دوای داعشدا مەترسیدارن، شارەكانی ئەنبار‌و سەڵاحەدین‌و نەینەوا كە تازە لە وێرانكاریەكی گەورە‌و دەربەدەربوونی ملیۆنان كەس لە دانیشتووانەكەیان هاتوونەتە دەرەوە، پێویستیان بە یەكگرتوویی بڕیاری سوننە هەیە بۆ خێراكردنی ئاوەدانكردنەوەیان‌و تێپەڕاندنی هەڵەكانی رابردوو.

هەروەك یەكگرتوویی هێزە سوننەكان بۆ حزبە شیعەكانیش بەسوود دەبێت ئەگەر بیانەوێت سەقامگیرییەكی گشتگیر بەدیبهێنن‌و كۆتایی بهێنن بە هەستكردنی سوننە بە زوڵم‌و پەراوێزخستن‌و ئەو رێكخراوە توندڕەوانەی لە دەرئەنجامیدا دروست بوون كە بە گرووپە چەكداریە ناوخۆییەكان دەستیان پێكرد، وەك "سوپای ئیسلامی"‌و "سوپای موجاهیدین"‌و "نەقشبەندیەكان"‌و پاشان رێكخراوی "قاعیدە"‌و دواجاریش داعش.