ئه‌مەریکا بۆ رێگری لە روودانی شەڕو ئاڵۆزی هێزێک له‌ شنگال جێگیر ده‌کات

کوردستان

10/05/2017‌ 2451 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:ئاژانس

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمه‌ریكا هێزێکی سه‌ربازیی له‌ شنگال جێگیر ده‌کات بۆ ڕێگریکردن له‌ هێرشه‌کانی تورکیا و شه‌ڕی کورد و کورد، ئه‌مه‌ش دوای جێگیرکردنی هێزکیان دێت له‌ ڕۆژئاوای کوردستان.

ڕۆژی 25ی مانگی ڕابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆردومانی چەند شوێنێكی شنگالیان کرد بە مەبەستی پێكانی سەنگەرەكانی پەكەكە، بەڵام ئەو بۆردومانانه‌ كەمترین زیانی بۆ پەكەكە بوو و زۆرترینی بەر هێزی پێشمەرگە كەوت، ئامانجی توركیاش نەهێشتنی پەكەكەیە لەو سنوورە، دوابه‌دوای ئه‌و هێرشانه‌ش په‌که‌که‌ و یه‌په‌شه‌ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان دانیشتن و ده‌رئه‌نجامه‌که‌ی جێگیرکردنی هێزێکی ئه‌مه‌ریکایه‌ له‌ شنگال.

بەڵێنەكەی ئەمه‌ریكا تەنیا بۆ هێزەكانی یەپەگە‌ و یەپەشە نەبووە، بەڵكو به‌ڵێنێكیش بووە بە توركیا بۆ ئەوەی ئەو نیگەرانییانەی بڕەوێنێتەوە كە باس لە هاتوچۆ ‌و جموجۆڵی پەكەكە دەكەن لە شنگالەوە بۆ ڕۆژئاوای كوردستان، بۆیە لە ئێستادا ئەمه‌ریكا سەرقاڵی تاووتوێكردنی ناردنی هێزه‌ بۆ سنوورەكانی شنگال، ئەوەش بە وتەی فەرماندەیەكی هێزكانی پاراستنی شنگال ״یەپەشە״.

سلێمان شنگالی، یەكێك لە فەرماندەكانی یەپەشە كە هاوكات یەكێكیش بووە لەو فەرماندانەی لەگەڵ شاندێكی سەربازیی ئەمه‌ریكا كۆ بووەتەوە جەخت لەوە دەكاتەوە ئەگەر هێزێكی نێودەوڵەتی نەبێت ئەوا شنگال دەبێتە مەیدانی شەڕ و پێكدادانی هێزە جیاوازەكان، بە وتەی خۆشی ئەم هۆشدارییەشیان داوە بە ئەمه‌ریكییەكان.

سلێمان شنگالی بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند: ״ئەمه‌ریكییەكان بەڵێنیان پێ داین بۆ بەرگرتن لە هێرشەكانی توركیا ‌و شەڕی دیكە لەو سنوورە هێزێكی سەربازی لەسەر سنووری شنگال‌ و ڕۆژئاوای كوردستان جێگیر بكەن، بەڵام تا ئێستا ئەو هێزە نەهاتووەتە شنگال״.

نازانرێت كەی ئەو هێزە لە سنوورەكانی شنگال جێگیر دەكرێت، چونكە ناردنی ئەو هێزە بە هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی عێراقدا دەبێت، وەك فەرماندەیەكی یەپەشە دەڵێت ئەگەر هەیە كۆتایی مانگی پێنج ئەمه‌ریكا هێزه‌كەی ڕەوانەی شنگال بكات.

ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سه‌رۆککۆماری تورکیا چەند جارێك ڕایگەیاندووە كە ئەوان بەردەوام دەبن لە هێرشەكانیان بۆ سەر شنگال ‌و ڕێگە نادەن شنگال ببێتە قەندیلی دووەم، هاوكات ڕوونی كردەوە كە وڵاتەكەی بە ئاگاداریی ئەمه‌ریكا ئەو هێرشانەی ئەنجام داون، بەڵام وێڕای ئەوەی ئەمه‌ریكا ڕەتی كردەوە ئاگاداری هێرشەكە بێت، هاوكات لە زاری وتەبێژی پنتاگۆنەوە جەختی كردەوە نایانەوێت توركیا هیچ هێرشێك بكاتە سەر شنگال.

شێركۆ موسلیم، یەكێك لە فەرماندەكانی هێزەکانی یەپەگە بۆ ״ئاژانس״ ئاشكرای دەكات، ״دوای هێرشەكەی قەرەچوغ شاندێكی ئەمه‌ریكا سەردانی شوێنی بۆردومانەكانی كرد، دوای ئەوە كۆبوونەوەیەكی فراوانمان كرد كە نوێنەری ئەمه‌ریكا‌ و هاوپەیمانانی تێدا بوو، ئەوان بەڵێنیان پێ داین كە هێزێكی سەربازیی بە درێژایی سنووری ڕۆژئاوای كوردستان جێگیر بكەن״.

هاتنی ئه‌و هێزه‌ به‌شێکیشی بۆ ئه‌وه‌یه‌ ڕێگریی له‌ شه‌ڕی کورد و کورد بکرێت به‌تایبه‌ت له‌ نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و په‌که‌که‌دا وه‌ک ئه‌وه‌ی پێشتر له‌ خانه‌سۆر ڕووی دا.