كار گەیشتووەتە ئاژەڵە دڕندەكان
لەبەغدا چەندین كەس لەناو ماڵدا شێر بەخێو دەكەن

عیراق

13/05/2017‌ 2320 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
دیاردەی‌ بەخێوكردنی‌ ئاژەڵ لەعێراق تەنیا بەئاژەڵە ماڵییەكانەوە نەوەستاوە، بەڵكو وایلێهاتووە ئێستا چەندین كەس لەماڵەكانیاندا شێرو ئاژەڵە دڕندەكانیان راگرتووە.

جاران شێرو ئاژەڵە دڕندەكان لەعێراق تەنیا لەناو بەخچەی‌ ئاژەڵاندا دەبینران، كەچی‌ ئێستا چەندین ماڵ هەن لەبەغدا ئەو ئاژەڵانە بەخێو دەكەن، هەندێك بۆ خۆشی‌ ئەم كارە دەكەن‌و هەندێكی‌ دیكەش دەیانەوێت قازانجی‌ لێ‌ بكەن.

ئەمیر چەلەبی‌ كە لەدەرەوە ئاژەڵی‌ دەگمەن‌و دڕندە دەهێنێت، ئاماژە بەوە دەكات كە بەم دواییە خواست لەسەر كڕینی‌ شێر زۆربووە، بەتایبەتی‌ ئەو شێرانەی‌ تەمەنیان لەنێوان 4 بۆ 60 رۆژدایە، چونكە لەم ماوەیەدا بەخێوكردنیان ئاسانەو مایەی‌ مەترسی‌ نین، زۆرتریش خواست لەسەر شێری‌ ئەفەریقی‌ هەیە، لەبەر ئەوەی‌ لەگەڵ كەشوهەوای‌ كوردستاندا دەگونجێت.

لەلای‌ خۆیەوە عەلی‌ عەبدوڵا سەلمان كە بەخێوكەری‌ ئاژەڵە دڕندەكانە بە"نیقاش"ی‌ وت "بەخێوكردنی‌ ئاژەڵ زۆر جیاوازە لەبەخێوكردنی‌ سەگ‌و پشیلە، چونكە خاوەنەكەی‌ دەبێت ئارامی‌ هەبێت‌و كەسێكی‌ بەهێز بێت تا شێرەكە دەستەمۆ بكات، هەروەها دەبێت هەموو پێداویستییەكانی‌ لەخواردن‌و خواردنەوەو شوێنی‌ گونجاو دەستەبەر بكات".

باس لەوەش دەكات لەوەرزی‌ زاوزێدا دەبێت شوێنێكی‌ گەورە بۆ شێرەكە دابین بكرێت‌و ئەوەش لەبەرچاو بگیرێت كە پاش زاوزێ‌ شێر دڕندە دەبێت، بۆیە دەبێ‌ سەرلەنوێ‌ رابهێنرێتەوە، بەتایبەتی‌ بۆ مێینەكان كە دڕندەترن لەنێرینەكان، هەندێجاریش بۆ كەمكردنەوەی‌ مەترسییەكان لەرێی‌ نەشتەرگەرییەوە دانی‌ شێرەكە هەڵدەكێشن.

لەبارەی‌ نرخی‌ شێرەكانەوە سەلمان دەڵێت "بەچكە نرخی‌ 400 دۆلارەوەو شێری‌ گەورەش نرخەكەی‌ دەگاتە دە هەزار دۆلار".

جاران شێرو ئاژەڵە دڕندەكانی‌ تر لەسوریاوە دەهێنران، بەڵام ئێستا بەهۆی‌ خراپی‌ رێگاو بانەوە بازرگانەكان مامەڵە بەو شێرانەوە دەكەن كە لەناوخۆدا لەدایك دەبن.

تەیسیر عەزاوی‌ كە هاوڵاتییەكەو لەماڵەوە شێر بەخێو دەكات، ئاماژە بەوە دەكات كە لەمنداڵییەوە حەزی‌ بە بەخێوكردنی‌ ئاژەڵە ماڵییەكان بووە، كاتێكیش گەورە بووەو بەرنامە دیكۆمێنتارییەكانی‌ بینیوە سەرسام بووە بەشێر، بۆیە بڕیاریداوە شێرێك لەماڵەوە رابگرێت.

دوای‌ ئەوەی‌ شێرەكەی‌ گەورە بووە، نرخێكی‌ زۆریان پێداوە، ئەویش بڕیاریداوە بیفرۆشێت‌و لەو كاتەوە كڕین‌و فرۆش بەشێرەوە دەكات.

دەشڵێت "بەشی‌ زۆری‌ بازرگانەكانی‌ ئەم بوارە خەڵكی‌ ئیمارات‌و ئەردەنن، لەعێراقیش ئەوانە دەیكڕن كە دەوڵەمەندن‌و باخێكی‌ گەورەیان هەیە تا بتوانن قەفەس بۆ شێرەكە دروست بكەن".

هەندێكەس لەبەغدا بۆ خۆ نواندن شێرەكانیان دەبەنە دەرەوە، ئەمەش زۆر كەسی‌ ترساندووەو نائارامی‌ بڵاوكردووەتەوە، بۆیە ئەمیندارێتی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران بڕیاریداوە لیژنەیەك پێك بهێنێت بۆ رێگرتن لەهێنانە ناوەوەی‌ ئاژەڵی‌ دڕندە.

ئەمیر حەسون بەڕێوەبەری‌ راگەیاندنی‌ وەزارەتی‌ ژینگە بە"نیقاش"ی‌ وت "لیژنەكە كاری‌ ئەوەیە چەند كۆت‌و بەندێك بۆ هێنانە ناوەوەی‌ ئاژەڵی‌ دڕندە دابنێ‌‌و ئەوانەشی‌ بەشێوەیەكی‌ نا شەرعی‌ هێنراونەتە ناوەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێت‌و تەنیا بەپێی‌ چەند رێوشوێنێك هەندێ‌ جۆری‌ دیاریكراوی‌ ئاژەڵ رێی‌ هێنانە ژوورەوەیان پێ‌ دەدرێت".

لەهەمان رووەوە سەعد مەتڵەبی‌ ئەندامی‌ لیژنەی‌ ئاسایش لەئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ بەغدا بە"نیقاش"ی‌ وت "هەماهەنگی‌ لەنێوان ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ بەغداو وەزارەتی‌ ناوخۆدا هەیە بۆ لێپێچینەوە لەو كەسانەی‌ ئاژەڵی‌ دڕندە بەخێو دەكەن".

باس لەوەش دەكات كە كڕین‌و فرۆشی‌ ئەم ئاژەڵانە بەنهێنی‌ دەبێت دوور لەچاودێری‌ هێزە ئەمنییەكان، بۆیە داوای‌ لەهاوڵاتیان كرد لەو رووەوە هاوكاریان بكەن.