واشنتۆن‌پۆست بۆ ئەردۆگان: بۆتان نییە لێرە لە خۆپیشاندەران بدەن

جیهان

18/05/2017‌ 1363 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەی واشنتۆن‌پۆست پەیامێکی ئاڕاستەی ئەردۆگان کردوە و رایگەیاندوە بۆتان نییە لێرە لە خۆپیشاندەران بدەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٨/٥/٢٠١٧ دوای دو رۆژ لە هێرشی پاسەوانەکانی ئەردۆگان بۆسەر چالاکوانان و خۆپیشاندەرانی واشنتۆن پەیامێکی ئاڕاستەی ئەردۆگان و پاسەوانەکانی کردوە.

لە ژمارەی ئەمڕۆیدا واشنتۆن پۆست بە مانشێتێکی گەورە نوسیویەتی " پەیامێک بۆ ئەردۆگان و باندەکانى : ناتوانن لێرە لە خۆپیشاندەران بدەن".

واشنتۆن پۆست  بە تەنزەوە باسی ئازایەتی ئەردۆگانی کردوە و ئاماژەی بەوەداوە "دوای کۆبونەوەکەی لەگەڵ تڕەمپ "پیاوە بەهێزەکە" هەستیکردووە لە ماڵی خۆیدایە و پێیوابووە ئاساییە بۆ "باندەکانى" کە هێرشبکەنە سەر خۆپیشاندانێکی ئاشتی و لێیان بدەن".

رۆژنامەکە وتوشیەتی "ئەردۆگان سەرکەوتوبووە لەوەی دەنگی ناڕەزایی لە تورکیا کپبکات بەڵام مۆڵەتی ئەوەی پێنەدراوە بێتە ئەم وڵاتەوە و هێرشبکاتە سەر یەکێک لە سەرەتاییترین و ئازیزترین جۆری ئازادی و لە خۆپیشاندەران بدات بۆیە پێویستە ڕونبکرێتەوە کە هەڵسوکەوتەکەی ئاسایی نیە و بەرگەی ناگیرێت هەروەها لێپیچینەوە لەو کردە ناشرینە بکرێت".

ئەو رۆژانامەیە ئەوەشی وتوە کە میدیا فەرمییەکانی تورکیا سوکایەتیان بە پۆلیسی ئەمریکا کردوە بە "بێ‌توانا" ناویان بردون و رۆژانامەکە وتوشیەتی "کەناڵەکانی حکومەتی تورکیا رایانگەیاندوە هۆکاری هێرشەکە ئەوەبوە  پۆلیسی ئەمریکی لەبەردەم باڵوێزخانەی تورکیا لە واشنتۆن نەیتوانیوە خۆپیشاندەران بێدەنگ بکات، ئایا بڕوا بەم چاونەترسیە دەکرێت؟"

رۆژنامە ئەمریکییەکە داوای لە حکومەتی ئەمریکی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کردوە چاو لەو هێرشە دڕندانەیە نەپۆشێت و سزای ئەو کەسانە بدات کە سیمای دیموکراسی ئەمریکایان ناشرین کردوە".

 

ئەو نارەزایەتیانەش لە کاتێکدایە کە رۆژی سێشەممە ١٦/٥/٢٠١٦ لە  کاتی کۆبوونەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان و دۆناڵد ترامپ لە کۆشکی سپی، کۆمەڵێک لە چالاکوانانی کورد بە هەڵگرتنی پۆستەری دەمیرتاش و وتنەوەی دروشمی دژی ئاکەپە و ئەردۆغان خۆپیشاندانێکی مەدەنییان ئەنجامدا، بەڵام پاسەوانەکانی ئەردۆغان بە شێوەیەکی دڕندانە هێرشیان کردە سەر خۆیشاندەران و ئەمەش کاردانەوەی لێکەوتەوە.

هـ ـ ر