شارپرێس:
ئیسماعیل نامیق، ئهندامی جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنهوهی گۆڕان، ئاماژه بهوه دهدات، وهک گۆڕان پێیان خۆش نهبووه یەکێتیی له پرسهکهی نهوشیروان مستهفادا باسی یهکگرتنهوهی کردووه و دهڵێت: ״ئێمه له یهکێتیی جیا نهبووینهتهوه تا یهک بگرینهوه، بهڵکو دوو حزبی جیاوازین.״ و ڕاشیگهیاند: ״هیوادارین یهکێتیی به نییهتێکی باش باسی یهکگرتنهوهی کردبێت.״
ئیسماعیل نامیق که هاوکات ئهندامی سهرکردایهتیی هاوبهشی گۆڕان و یهکێتییه، له چاوپێکهوتنێکی ״ئاژانس״دا باس لهوه دهکات، گۆڕانخوازان حهماسهتیان بۆ نهوشیروان مستهفا زۆره و دهڵێت: ״به هۆی ئهو حهماسهتهوه گۆڕان دوای کاک نهوشیروان بههێزتر دهبێت.״
ئاژانس: سەرەتا لەوەوە دەست پێ دهکهین، دوای نهوشیروان مستهفا گۆڕان چۆن بیر لە ئیدارەدانی خۆی دەكاتەوە؟
ئیسماعیل نامیق: كاك نەوشیروان لە ماوەی نزیكەی دوو ساڵی ڕابردوودا كە لە دەرەوە بووە، ئێمە توانیومانە لە ڕێگەی جڤاتی نیشتیمانییەوە ئیدارەی خۆمان بدەین، ئەو كاتهی لە دەرەوە بوو نامەیەكی نارد گرووپێكی ڕاوێژ دیاری كرا لە سەركردە دیارەكانی گۆڕان و بەرپرسی ژوورەكان بۆ ئیدارەدانی ڕۆژانە، بۆ بڕیاری چارەنووسسازیش ئەوە جڤاتی نیشتیمانیی و جڤاتی گشتیی یەكلایی دەكاتەوە.
ئاژانس: پێتان وایە بە مەرگی نەوشیروان مستەفا، گۆڕان دووچاری شڵەژاوی و جۆرێك لە ناكۆكیی ناوخۆیی ببێت؟
ئیسماعیل نامیق: بە پێچەوانەوە پێمان وایە بزووتنەوەی گۆڕان بەهێزتر دەبێت لەبەر ئەو حەماسەی بۆ كاك نەوشیروان هەمان بوو، هەموو هەڵسووڕاوان پابەندن بە ڕێباز و بەرنامەكەی گۆڕانەوە وەك وەفایەك بۆ كاك نەوشیروان، ڕاستە غیابی كاك نەوشیروان كاریگەرە، بەڵام قەناعەتم بەوە نییە تووشی شڵەژان ببین.
ئاژانس: سەبارەت بە جێگەكەی كاك نەوشیروان كە لە ئێستادا قسەی لەسەر دەكرێ، گۆڕان چ بەرنامەیەكی هەیە، ئایا ڕێكخەری گشتی دەستنیشان دەكەن؟
ئیسماعیل نامیق: لە سەردەمی كاك نەوشیرواندا كارەكان چۆن ڕۆیشتووە بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت، بۆ جێگەی ڕێكخەری گشتی ئێمە دەستووری ناوخۆیی گۆڕانمان هەیە بە پێی دەستوورەكە مامەڵە دەکهین، هەڵبژاردنی ناوخۆییمان ماوە ئەگەر ئەو هەڵبژاردنەمان كرد ئەوكات بیر لەوەش دەكەینەوە، بەڵام لە ئێستادا ئێمە لە پرسەداین، جارێ زووە بۆ قسەكردن لەسەر ئەو پرسە.
ئاژانس: یەكێتیی لە دوو كاتدا داوای یەكگرتنەوەی لەگەڵ گۆڕان كرد، هەڵوێستی ئێوە چییە؟
ئیسماعیل نامیق: ئەو قسەی یەكێتییمان لەو كاتەدا پێ خۆش نەبوو، نازانم بە چ نییهتێك كراوە هیوادارم بە نییهتێكی باش كرابێت، بەڵام لای ئێمە لە پێش ڕێككەوتننامەكە و لە دوای ڕێككەوتننامەكە ئەمە بابەتێك نەبووە لە نێوخۆماندا باسی لێوە بكەین، تەسەوڕ ناكەم باسیشی لێوە بكەین، ئینجا وشەی یەكگرتنەوە زۆر دەقیق نییە بۆ بەكارهێنان، ئێمە جیا نەبووینەتەوە تا یەك بگرینەوە، ئێمە دوو حزبی جیاوازین. كاك نەوشیروانیش كاتێك هاتە دەرهوە ماوەیەك سەربەخۆ بوو، دواتر گۆڕانی درووست كرد و هیچ موڵكێكی یەكێتیی نەهێنا گەڵ خۆیدا.
ئاژانس: پێتان وایە ئەو داوایە هاوخەمییەك بوو یاخود دەستپێشخەری بوو، ئێوە بە جددی دەیبینن؟
ئیسماعیل نامیق: ئێمە سوپاسی هاوخەمییان دەكەین كە خۆیان بە خاوەنی پرسەكە زانیوە، تا ماوین بەمە دەزانین، هەڵوێستێكی جوامێرانەیان تۆمار كرد، یەكێتیی بە حوكمی ئەوەی كاك نەوشیروان دەستەی دامەزرێنەری بووە، خۆی بە حەقتر زانیوە بۆ خاوەندارێتیی پرسەكە.
ئاژانس: ئایا كاك نەوشیروان لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا هیچ وەسیەتێكی بۆ بزووتنەوەكە، سەبارەت بە جێگەكەی و چۆنێتیی ئیدارەدانی گۆڕان و سەركردایەتییەكەی پێ نەوتوون؟
ئیسماعیل نامیق: وەك وەسیهت كە لە پێش گیانلەدەستدانی كردبێتی ئاگام لێی نییە، بەڵام لە ڕابردوودا كە چووەتە دەرهوە بۆ چارەسەر بەردەوام ئاگاداری كاری بزووتنەوەكە بووە، بە نووسراو و بە دەمی ڕای خۆی وتووە و دەستخۆشی لێ كردووین، تهسەوڕی ئەوەیشی كردبوو كە خۆی نەمێنێت ئەم بزووتنەوەیە چۆن بەردەوام بێت.
ئاژانس: سەبارەت بە سیاسەت و بەرنامەی گۆڕان دوای كاك نەوشیروان، ئێوە چۆن بەردەوام دەبن لەسەری كە بەردەوام لە ڕۆژانی ڕابردوودا جەختتان لێ كردووهتەوە؟
ئیسماعیل نامیق: لە سەردەمی كاك نەوشیرواندا چۆن بووە بە هەمان شێوە و باشتریش بەردەوام دەبین، ئەوەی كاك نەوشیروان كاری لەسەر كردووە ئەوا باشتر كاری لەسەر دەكەین.
ئاژانس: پارتی بە چەند وەفدێك بەشداریی پرسەكەی كرد، دواتر وەفدێكی باڵایان هات بۆ سلێمانی، ئێوە هاتنی نێچیرڤان بارزانی وەك دەستپێشخەرییەكی سیاسی دەبینن؟
ئیسماعیل نامیق: هەر كەسێك بەشداریی كردبێت ئێمە سوپاسی دەكەین لە هەر پلە و پۆستێكدا بووبێت، هاتنی كاك نێچیر وەك جێگری سەرۆكی پارتی هاتبوو وەك پابەندبوونی كۆمەڵایهتیی هاتبوو نەك دەستپێشخەری سیاسی، ئەگەر به دەستپێشخەرییهكی ساسییشی بزانێت ئێمە پێشوازیی لێ دەكەین.
ئاژانس: پێت وایە هاتنی ئەو وەفدەی پارتی پەیوەندیی گۆڕان و پارتی ئاسایی بكاتەوە؟
ئیسماعیل نامیق: پارتی بۆ دەربڕینی هاوخەمی هاتبوون، پەیامێكی سیاسییان پێ نەبوو، بەڵام هەردوولامان جەختمان لەسەر ئەوە كردهوە ئەم بۆنە كۆمەڵایهتییانە دەروازەیەك بێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بزووتنەوەی گۆڕان لە چوارچێوەی یاسا كارپێكراوەكاندا ئامادەی هەموو دانیشتن و گفتوگۆ و ڕێككەوتنێكە، ئەوەی دەمێنێتەوە لایەنی بەرامبەرە لە داهاتوودا تا چەند مروونەت دەنوێنێت بۆ هاتنەپێشەوە.
ئاژانس: لە كۆبوونەوەی گۆڕان و پارتیدا لە سلێمانی چی وتراوە؟
ئیسماعیل نامیق: پارتی وەك هاوخەمییەك سەردانی ماڵی كاك نەوشیروانی كردووە، زیاتر گەیاندنی هاوخەمی بووە هیچ پرسێكی سیاسیی باس نەكراوە.
ئاژانس: بارزانی دێتە سلێمانی بۆ دەربڕینی هاوخەمی؟
ئیسماعیل نامیق: زانیاریم نییە لەسەری.
ئاژانس: لە سەردانی وەفدی پارتیدا بەرپرسە گەنجەكانی گۆڕان نەبینران، باس لەوە دەكرێت گەنجانی گۆڕان تووڕە بن بەرامبەر پارتی، ئەمە كار ناكاتە سەر سیاسەتی گۆڕان بەرامبەر بە پارتی؟
ئیسماعیل نامیق: ئەوە خوێندنەوەیەكی هەڵەیە، ئێمە یەك هەڵوێستمان هەیە بەرامبەر بە پارتی، بە یەك تیم كارمان كردووە و سوودمان لە یەكتری وەرگرتووە، وەفدی پارتی بۆ هاوخەمی هاتوون بۆیە ئەو برادەرانە پێشوازییان لێ كردوون نەك بۆ كۆبوونەوەی سیاسی.
س.هـ