چەند وێنەیەکی کاریکاتێری پەیوەندییەکانی نیوان سعودیە و قەتەر بەرەو ئاڵۆزی دەبات

جیهان

29/05/2017‌ 2971 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپریس:
پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان سعودییە و قەتەر بەهۆی چەند وێنەیەکی کاریکاتێرییەوە بەرەو ئاڵۆزبون دەچێت.

 

ئەمرۆ دوشەممە ٢٩/٥/٢٠١٧ دەزگا راگەیاندکانی سعودیە و قەتەر بە چەند وێنەیەکی کاریکاتێری دژ بەیەک کێشەکانی نێوان هەردو وڵاتیان قوڵتر کردەوە.

 

بەیانی ئەمڕۆ کەناڵی جەزیرەی قەتەری وێنەیەکی کاریکاتێری بڵاوکردەوە کە پاش کەمتر لە کاتژمێرێک وێنەکەی لە ماڵپەرەکەی سڕییەوە و بە هەواڵی ناراست و بەهەڵە بڵآوکراوە وەسفی کرد.


لە وێنە کاریکاتێرییەکەی کەناڵی جەزیرەدا "پەیوەندی نێوان سعودیە و چەند وڵاتێکی عەرەبی دەردەکەوێت کە بە گوێرەی کاریکاتێرەکە مەلیک سەلمان عەبدول عەزیز پاشای سعودیە و عەبدول فەتاح سیسی سەرۆک کۆماری میسر پێکەوە خەریکی هەڵخستنی چەند لاپەرەیەک هەواڵی بەپەلە و ناڕاستن بە تەنافی میدیایدا" ئەوەش وەک نیشانەیەک بۆ ئەوەی کە سەرۆکانی  سعودیە و میسر  تەنها خەریکی بڵاوکردنەوەی هەواڵی بەپەلە و ناڕاست و دروستکراون بۆ بە گەورە پیشاندانی هێزی خۆیان لە جیهانی عەرەبیدا.

 

هەرچەندە دوای کەمتر لە کاتژمێرێک کەناڵی جەزیرە ئەو وێنە کاریکاتێرییەی سڕیییەوە و داوای لێبوردنی کرد و جەختی لەوە کردوە "مەبەستیان لە سوکایەتیکردن نەبوە و  کاریکاتێرەکە بە هەڵە بلاوکراوەتەوە".


بەڵام هەر زوو بەرپرسانی باڵای سعودیە ئەو کارەی کەناڵی کەناڵی جەزیرەیان بە "سوکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانی سعودیە و سوکایەتیکردن بە خودی پاشای سعودە ناوبرد".

 

دواتر پاش چەن کاتژمێرێکی کەم لەو هەڵوێستەی کەناڵی جەزیرە چەند میدیایەکی سعودی وێنەیەکی کاریکاتێریان بڵاوکردەوە کە تێیدا دەردەکەوێت کە "تەمیم بن محەممەدەی دووەم پاشای قەتەر لەسەر داری جیهانی عەرەبی خەریکی برینەیوەی ئەو چڵە دارەیە کە خۆی لەسەری وەستاوە" ئەوەش وەک ئاماژەیە بەوەی کە قەتەر بە دژایەتیکردنی ولاتانی عەرەبی و دۆستایەتیکردنی لەگەڵ ئێران خۆی لەناو دەبات".


هەوەها بە چەند کاریکاتێریکی دیکە دەسەڵاتدارانی قەتەریان بە هەبونی پەیوەندی لەگەڵ ئێران تۆمەتبار کرد و خودی کەناڵی جەزیرەی عەرەبیشیان بە پشتگیریکەری تیرۆر ناوبرد.


کاڵبونەوەی پەیوەندییە بەهێزەکەی پێشوتری نێوان سعودیە و قەتەریش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەسەڵاتدارانی سعودیە، قەتەر بەوە تۆمەتبار دەکەن کە پاڵپشتیکاری ئێران دەکات لە ناوچەکە کە ئەوەش بە دژیاتیکردنی وڵاتانی عەرەبی بە گشتی و  سعودیە بە تایبەتی ناودەبەن.


هـ ـ ر