هەزاران پارچە شوێنەواری تێدایە
گەنجێك ژوورەكەی دەكاتە مۆزەخانە

عیراق

17/06/2017‌ 1101 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نيقاش
گەنجێكی‌ دیوانییە لەماڵەكەی‌ خۆیدا بیست هەزار پارچە شوێنەواری‌ كۆكردووەتەوەو ژووری‌ نوستنەكەی‌ كردووە بەمۆزەخانەیەكی‌ هەمیشەیی‌.

حسێن فاهم شەیبانی (26 ساڵ) حەزی ئاشنابوون بە شتەكانی دەوروبەی لەگەڵدا لەدایكبووە، هەر ئەو حەزە جڵەونەكراوەش بوو گەیاندیە سەر گەنجینە تەختە دێرینەكەی دایكی‌و مۆزەخانە هونەریە فۆلكلۆرییەكەی پێ دامەزراند كە زیاتر لە 20 هەزار پارچەی هونەری هەمەجۆر لەخۆدەگرێت.

شەیبانی لە منداڵیدا وەك منداڵانی دیكە نەژیاوە سەرقاڵی یاری‌و كاتبەسەربردن بێت، ئەو سەری كردبووە گەڕان بەدوای كەلوپەلی كۆن تا رۆژێك لە رۆژان لە گەنجینەكەی دایكیدا پارچەیەكی كانزایی دۆزیەوە شێوە‌و قەبارەكەی بەلاوە سەیر بوو، لەسەر روویەكی دارخورمایەكی تێدا بوو، بەڕادەیەك بەدڵی بوو كە ئەو كاتە بڕیاریدا لای خۆی هەڵی بگرێت.

شەیبانی دەڵێت: "بەڕادەیەك سەرنجی راكێشام كە خستمە نێو لاپەڕەكانی كتێبەكەمەوە، كاتێكیش چووم بۆ قوتابخانە داواملە هاوڕێكانم كرد شتی لەو شێوەیەم بەدیاری بدەنێ، هەرواش بوو هەندێكم لێ دەستكەوت".

ئەو كاتە تەمەنی حسێن لە 10 ساڵ تێپەڕی نەكردبوو، بەڵام شەیبانی گەورە بو‌و بڕوانامەیەكی بەدەستهێنا زۆر لە ئارەزووەكەیەوە دوورە، بەڵام هەر بەردەوام بوو لەسەر كۆكردنەوەی كەلوپەلی كۆن، ئەو دەڵێت: "هیچ شوێنێكم پشتگوێ نەخستووە كە بیستبێتم پارچەیەكی كەلەپووری لێیە، كۆڵان‌و بازاڕەكان لەناو عێراق‌و دەرەوەیدا بەدوایدا گەڕاوم، ئالوودەی ئەو شوێنانەبووم كە مامەڵەكاران لە ئارووزمەندانی كۆكردنەوەی ئەو پارچانەیان لەخۆدەگرت، هەموو رۆژێكیش ئەو سەكۆیانەی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان دەگەڕام كە بایەخ بە كەلەپوور دەدەن".

هەروەها دەڵێت: "توانیم هەموو شتێك كۆبكەمەوە كە مێژووی وڵاتەكەمی تێدایە‌و لە ژوورە بچووكەكەمدا دامناون كە بووەتە مۆزەخانەیەك پارچە دراوی كانزایی‌و كاغەز‌و نیشانە‌و میدال‌و قاڵبی یادەوەری‌و چەندین بەڵگەنامەی پاشایەتی‌و عوسمانی جیاواز لەخۆدەگرێت، ئەوە جگە لەو دەفرانەی وێنەی پاشاكانی عێراق‌و مۆر‌و ئیمزاكانیانی لەسەرە".

شەیبانی بەردەوام دەبێت‌و دەڵێت: "كتێبخانەكەم بەردی بەنرخ‌و هەندێك ئامێری مۆزیكی كۆنی تێدایە لەگەڵ نموونەی چەك‌و كەلوپەلی كەلەپووری هەمەجۆر، ئەمە جگە لە پولی دارایی كە مێژووی وڵاتەكەم لە ساڵی 1900وە تا ئەمڕۆ كورت دەكاتەوە".

دەستكەوتنی ئەو كەلوپەلانە كارێكی ئاسان نەبووە، بەڵكو پارە‌و توانا‌و كاتی زۆری بردووە هەرچەندە باری داراییشیباش نەبووە، بەڵام ئەو سووربووە لەسەر بەردەوامبوون لەسەر رێگەكەی لە كۆكردنەوەی كەلوپەلەكانی بۆئەوەی مۆزەخانە بچووكەكەی بە هەموو شتێكی كۆنتەیار بكات كە مێژووی نیشتمانێك دۆكیۆمێنت دەكەن".

شەیبانی دەشڵێت: "رووبەڕووی زۆر ئاستەنگ بوومەتەوە كە دیارترینیان دارایی بوون‌و بێبەشیان كردووم لە توانای كڕینی كەلوپەلی زیاتر، هەروەها تێڕوانینی خەڵك كە بەوە وەسفیان دەكردم مرۆڤێكی كۆن‌و ناشارستانیم‌و لەگەڵ پێشكەوتندا ناڕۆم، چونكە ئەوان بەهای ئەو كەلوپەلانەیان نەدەزانی كە ژوورە بچووكەمیان پڕكردبوو".

ئەو كەلوپەل كۆكەرەوەیە هیوادارە "مۆزەخانەیەكی تایبەت بەخۆی هەبێت تێیدا هەموو كەلوپەلەكانی بۆ گشت خەڵك بخاتەڕوو تا هاووڵاتیان ئاگاداری مێژو‌و شوێنەوارەكانیان بن".

شەیبانی بەشداری لە زیاتر لە 10 پێشانگای هونەریدا كردووە‌و تێیدا چەندپێشنیارێكی خراوەتە بەردەست بۆ كڕینی كەلوپەلەكانی بە پارەیەكی زۆر، بەڵام ئەو پێشنیارانە بەس نەبوون بۆئەوەی باوەڕی ئەوەی لا دروست بكەن دەستبەرداری بیرەوەرییەكانی لەگەڵ هەر پارچەیەكدا ببێت، چونكە ئەو پێیوایە هەر دەقیقەیەك كە لەگەڵ ئەو كەلوپەلانەدا بەسەری بردووە  گەنجینەیەكە بە پارە قەرەبوو ناكرێتەوە، هەروەها چەند بانگهێشتنامەیەكیشی بۆ بەشداریكردن لە چەند پێشانگایەكی نێودەوڵەتیدا رەتكردووەتەوە بەهۆی پەرۆشی بۆ كەلوپەلەكانی‌و سەرقاڵبوونی بە خوێندنەوە.

شەیبانی داوا لە بڕیاربەدەستان دەكات بەشداربن لەگەڵی لە فراوانكردنی مۆزەخانەكەی تا بەردەست بێت بۆ خوێندكاران‌و توێژەرانی زانست‌و زانین‌و شوێنەوار بۆ ناساندنی قۆناغە مێژووییەكان‌و بشبێتە شوێنێك بۆ راكێشانی گەشتیاران.

بەبۆچوونی جەبار علێوی لفتە ئەكادیمیستی پسپۆر لە مێژووی هونەر لە زانكۆی قادسیە كۆكردنەوەی پارچە‌و كەلوپەلە هونەرییەكان ئارەزو‌و راهاتنی ئەو كەسەیە كە بەدوایدا دەگەڕێت‌و وای لێدەكات رۆبچێتە مێژووەوە لەگەڵ ئارەزووی بۆ زانینی چیرۆكی هەر پارچەیەك كە كۆی دەكاتەوە، سەرەنجامیش توانای ئەوەی دەبێت گەشتەكەی بە هەر كەسێك بناسێنێت كە هەمان ئارەزووی هەیە.

هەروەها لفتە دەڵێت: "شەیبانی گەنجێكی بەئومێدە لەڕێی هەوڵەكانی‌و ئەوەی لەماوەی ساڵانی تەمەنیدا كۆیكردووەتەوە ئاستی خۆشەویستی بۆ نیشتمان پیشان داوە، ئەویش لەڕێی پەرۆشی بۆ كۆكردنەوەی هەر شتێك پەیوەندی بە كەلەپوور‌و شارستانیەتەوە هەبێت بە ئامانجی ناساندنی‌و بڵاوكردنەوەی كەلتورەكەی لەنێو هاوتا‌و هاوتەمەنەكانی لەوانەی دووركەوتوونەتەوە‌و بۆیان نەكراوە ئاگاداری ئەو پاشماوە‌و مێژو‌و شارستانیەتە بن كە وڵاتەكەیان هەیەتی".

لفتە روونیشی دەكاتەوە كە "لایەنەكانیمەعریفی‌و ئابووری‌و هونەری زۆر گرنگن بەتایبەتی كە ئەو لایەنانە هەندێك كتێبی مێژووییان فەرامۆش كردووە كە تایبەت بوون بە جەنگەكان‌و رووداوە خوێناوییە مێژووییەكان".

لفتە هانی ئەو گەنجە‌و ئارەزوویبۆ پاراستنی وێنە جوانەكانی مێژو‌و شوێنەوارەكان دەدات‌و داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات بایەخی پێبدەن‌و پشتیوانی بكەن بۆ فراوانكردنی مۆزەخانەكەی تا ببێتە مەزارگەیەك بۆ هەمووان،دەشڵێت: "ئەگەر حسێن لە دەوڵەتێكی دیكە لە دایكببووایە جگە لە عێراق بایەخێكی زۆری پێدەدرا‌و پشتیوانییەكی زۆریش دەكرا".

حسێن فاهم شەیبانی تاكە گەنجە لەسەر ئاستی پارێزگای دیوانیە (180 كم لە باشووری خۆرهەڵاتی بەغدای پایتەخت)‌و بگرە پارێزگاكانی دیكەی فوراتی ناوەڕاستیش دەستپێشخەری ئەوەی كردووە ژووری نووستنەكەی بكاتە مۆزەخانەیەك كە مێژووی هاوچەرخی عێراقی تێدا كورتكردۆتەوە.