شارپرێس:
بەرهەم ساڵح جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشمانی كوردستان وەرگرتنی بەرپرسیارییەتی لەكۆمیتەی ریفراندۆم رەتكردووەتەوە، كە پارتی دیموكراتی كوردستان بۆی پێشنیازكردووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دراوە بەشارپرێس، پارتی دیموكرات لەرێگەی چەند بەرپرسێكییەوە پێشنیازی بۆ بەرهەم ساڵح كردووە، كە رۆڵی هەبێت لەپرۆسەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان.
هەر بەپێی زانیارییەكان پێشنیازەكە بەشێوەیەك بووە، كە بەرهەم ساڵح لەكۆمیتەی ئامادەكاری ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بەرپرسیارییەتی وەرگرێت، ئەوەش بەهۆی ئەو پەیوەندییە فراوانەی هەیەتی، بەتایبەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی.
شارپرێس ئەوەشی زانیوە، كە جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی رەتیكردووەتەوە لەو كۆمیتەیە هیچ بەرپرسیارییەتییەك وەربگرێتو رۆڵیشی لەپرسەی ریفراندۆم هەبێت.
زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە بەرهەم ساڵح لەئێستادا لەگەڵ پرۆسەی ریفراندۆم نییە، بۆیە ئامادەنییە لەو پرۆسەیەدا هیچ هەڵوێستێك، یان رۆڵێكی هەبێت.
سەرچاوەكە ئەوەشی بۆ شارپرێس ئاشكراكرد، بەرهەم ساڵح لەئێستادا لەگەڵ ئەوەدایە "چاكسازی لەهەرێمی كوردستان بكرێت، دواتر هەنگاو بەرەو ریفراندۆم و سەربەخۆیی بكرێت".
مەسعود بارزانیو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، رۆژی 7 ئەم مانگە كۆبوونەوەو تێدا بڕیاریاندا رۆژی 25/9/2017 ریفراندۆم ئەنجامبدرێت، بۆ ئەوەش بڕیارە كۆمیتەیەك پێكبهێنرێت.
بەرهەم ساڵح ماوەیەكە لەسەر گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستانو ناوخۆی یەكێتی نیشتمانیش بێدەنگی هەڵبژاردووەو بەشداری كۆبوونەوەكانی حیزبەكەشی ناكات، كە پەیوەندی بەو ناڕەزاییانەوە هەیە، كە هەیەتی.
هـ ـ ح