"توركیا ڕۆڵی كاریگەری هەبووە"
ئاستی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەرەو پێش دەچێت

کوردستان

20/06/2017‌ 2640 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پێگەی مۆنیتەر ڕاپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوەو تێدا باسی لەبەرەوپێشچوونەكانی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات، كە حكومەتی عێراق بۆ ماوەیەكی زۆر دژایەتی ئەوەی كردووە. 

پێگەكە بڵاویشیكردووەتەوە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەسەرەتادا لەلایەن عێراق دژایەتی كراوەو دواتر ڕووداەكانی شەڕی داعش لەعێراق‌و نزمبووونەوەی نرخی نەوت هەمووی كاریگەرییان هەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا حكومەتی هەرێم بەردەوامبووە لەهەوڵەكانی‌و لەو ماوەیەدا "توركیاش ڕۆڵی كاریگەری هەبووە".

پێگەكە ئەوەشی راگەیاندووە لەئێستاشدا حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیای ڕۆسنەفتی ڕووسی گرێبەستێكی واژووكردووە، كە "جێكەوتەی زۆری لەداهاتوودا دەبێت"، هەروەها رایگەیاندووە "ئەگرێبەستە وا دەكات وڵاتێكی دووری وەك ڕوسیا لەڕووی جوگرافییەوە، لەڕووی سیاسییەوە لە كوردستان نزیك بكاتەوە". 

ڕاپۆرتەكە باسی لەوەش كردووە، بەپێی ئەو ڕێككەوتنە، كە لە ٢ی حوزەیران لەكۆڕبەندی جیهانی سان پترسبۆرگ لەنێوان سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان‌و كۆمپانیای ڕۆسنەفت كرا، كۆمپانیاكە نەوتی هەرێمی كوردستان دەكڕێت‌و دەیگوازێتەوە بۆ پاڵاوگەكانی لەئەڵمانیا، لەسەرەتاشدا ٣ ملیار دۆلار لە پەرەپێدانی ژێرخانی نەوتی هەرێمەكە خەرجدەكات.

ئەو پێگەیە ئەوەشی ئاشكراكردووە، ڕوسیا هاوشان لەگەڵ ئەمریكاو توركیا لەكاریگەرە سەرەكییەكانی بازاڕی نەوتی هەرێمی كوردستانەو بەڕای ئەكادیمییەكی كورد (دكتۆر جەبار قادر)،‌ ئەم گرێبەستە زیاتریش لە‌پارە‌و قازانجی بۆ كوردستان تێدایە. 

جەبار قادر پێیوایە ڕوسەكان پێشبینیی ئەوەیان كردووە، كە كورد كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر داهاتووی ناوچەكە دەبێت‌و راشیگەیاندووە "ڕوسیا پێیوایە عێراق دابەش دەبێت، یان لانیكەم دەبێت بە سێ هەرێمی جیاواز، بۆیە ئێستا مامەڵەكردنیان لەگەڵ حكومەتی ناوەند سست كردووە". 

ئەو ئەكادیمییەی كورد باسی لەوەش كردووە، "ئەم گرێبەستە ناوازەیە، چونكە تائێستا بازاڕی نەوتی كوردستان بەمەرجی توركیا بەڕێوەچووە، بەڵام توركیا ناتوانێت لەگەڵ ڕوسیادا ئەمە ‌بكات، گرێبەستەكە ئاكامی سیاسی زۆری هەیە، بەڵام دەبێت ڕوون‌و شەفاف بێت."

هەر لەڕاپۆرتەكەی مۆنیتەردا، ڕای (ئایدن سەلجون) وەرگیراوە، كە دیپلۆماتكارێكی توركەو یەكەم كۆنسوڵی توركیا بووە لە‌هەولێر، ئەو بەدووری دەزانێت ئەم گرێبەستە هیچ جۆرە گرژییەك لەنێوان هەولێرو بەغداو ئەنقەرە دروستبكات.

ئایدن سەلجون پێشیوایە لەسەر ئەم مەسەلەیە پێشتر حكومەتی هەرێم ڕاوێژی بەئەمریكا كردبێت‌و سەرۆكی حكومەتیش پەیوەندیی باشی لەگەڵ ئەنقەرە هەیەو پێشبینی دەكات باس كرابن.  

ڕاپۆرتەكە، ئاماژە بەوەش دەكات، حكومەتی هەرێم دەیەوێت كڕیاری جیاجیای بۆ نەوتەكەی هەبێت، ئەمە بۆ ئابووریی كوردستان باشەو دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم بەهێز دەكات‌و ئەو گرێبەستە زۆر كاریگەری هەیە لە هاندانی كورد بۆ سەربەخۆیی.

هـ ـ ح